ڕاگرتنی چەند بەرنامەیەک چی لەبارودۆخەکە دەگۆڕێت

08/04/2021

سەردەشت محه‌مه‌د

هەموان ئەو ڕاستییە دەزانین کە پەلاماردانەکانی دوژمنانی کورد تەنها بۆسەر خاک‌و ئاوی کوردستان نییە، بەڵکو لەپاڵ داگیرکردنی خاکدا ئەوەی گرنگەو داگیرکەران بەهێمنی‌و بەپێی پلانێکی تۆکمەو بەرنامە بۆ داڕێژراو کاری لەسەردەکەن داگیرکردن‌و لەناوبردنی کولتوری کوردییە.

یەکێک لەو شتانەی کە کورد وەک نەتەوە شانازی پێوەدەکات بونی کولتورێکی تایبەت بەخۆیەتی، کە زۆرێک لەو کەسانەی  لەدەرەوەی کوردستانەوە هاتونەتە کوردستان و یاخود دورو نزیک شارەزای ژیان و گوزەران و مێژووی کوردن، سەرسامی خۆیان بەرامبەر بەجوانی کەلتوری کوردی نەشاردۆتەوە، لەزۆر جێگەو شوێندا  ئەم پیاهەڵدان و سەرسامی بونەی نەتەوەکانی دەرەوەی کوردمان هەست پێکردووە، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا بەچاوی خۆمان کاریگەری  ئەو پلانەی دوژمنان لەسەر تێکدانی کەلتور و بەهاباڵا جوانەکانی نەتەوەی کورد هەست پێدەکەین، خەریکە ئیدی نەک شتێک نامێنێتەوە بەناوی شانازی کردن بەکەلتوری کوردی، بەڵکو هەوڵدان بۆ زیندوهێشتنەوە و بەرزڕاگرتنی کەلتور و بەهاباڵاکانی نەتەوەکەمان لای نەوەی ئێستا دەبێت بەکارێکی شەرمهێنەر و دور لەشارستانی.

ئەگەرچی کرانەوە بەڕوی دونیایی دەرەوەدا بۆ زۆرێک لەگەلانی ناوچەکە بوبەمایەیی پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگاکانیان لەزۆر لایەنەوە، بەڵام بۆ کورد دەتوانین بڵێین ئەم کرانەوەیە زیانی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، کورد نەیتوانی لێهاتوانە مامەڵە لەگەڵ ئەم کرانەوەیەدا بکات و بەجۆرێک هەنگاو بەهەنگاو هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکاریەکان و کرانەوەکاندا هەنگاوی دروست بنێت.

دەتوانین بڵێین لەم کرانەوەیەدا دوژمنانی کورد لێهاتوانە توانییان پیلانەکانیان بۆ داگیر کردن و لەناوبردنی کەلتوری کوردی جێبەجێ بکەن، ئەوەش بەتایبەت لەڕێگەی میدیا و سۆشیال میدیاوە، چونکە دەزانین لەهەمو دونیادا میدیا دەتوانێت کاریگەریی گەورە لەسەر دەرونی تاک بەجێبهێڵێت و تەنانەت میدیا دەتوانێت کۆمەڵگا ئاراستەبکات بەو ئاقارەدا کە خۆی دەیەوێت.

ئەرکی بێدەنگ کردنی زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی بەرامبەر بەداگیرکردن و لەناوبردنی کەلتوری کوردی بەبیانوی ئەوەی کەئیدی کۆمەڵگای کوردی  پێویستی بەوەیە هاوشانی کۆمەڵگا ڕۆژئاوایەکان سەردەم و قۆناغێکی نوێی ژیانکردن دەست پێبکات و خۆی داببڕێت لەهەمو دابو نەریتەکۆنەکانی باوباپیران بەتەنها لەئەستۆی دوژمنانی کورد نەبو، بەڵکو دوژمنان بۆجێبەجێکردنی ئەم پیلانەیان پشتیان بەزۆرێک لە هاوئاوازەکانیان لەناوەوەی کوردستان بەست، ئەوەش لەڕێگەی کردنەوەی چەندین دەزگایی میدیایی کە بەبەردەوام ئەرکیان سەرقاڵکردنی خەڵکە بە شتگەلێکی لاوەکی و بێبایەخەوە و دورخستنەوەیان لەهەمو ئەوبابەتە گرنگانەی کە پەیوەستن بەژیان و گوزەرانی کۆی کۆمەڵگاوە.

ئەگەرچی بەشێک لەنوسەرو ڕۆژنامەنوسان‌و پیاوانی ئاینی‌و کەسانێک کە وابەستەبون بە کەلتور و بەها باڵاکانی کۆمەڵگای کوردییەوە هەرزو درکیان بەمەترسی ئەم پلانە کرد و دەستبەجێ هاواریان کرد، بەڵام بێ ئاگایی زۆرینەی تاکی کورد و سیاسەتی هەڵەی حکومڕانانی کورد و بەهێزی ئەوپلانەی کە دوژمنانی کورد لەم پێناوەدا دایان ڕشتبو نەیدەهێشت دەنگیان بەهیچ کوێیەک بگات تائەوکاتەی  پلانەکە وەک خۆی جێبەجێ کراو تاڕادەیەک سەری گرت  ئیدی هەر هەوڵێک بۆ پەشیمانبونەوە و ڕێگری کردن لەو پلانەی دوژمنان چی لەدەرەوە و چی ناوەوەی کوردستان بێسودە و ئیدی کۆمەڵگا بەجۆرێک سەرمەستکراوە بڕیارێکی لەوجۆرەی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ داخستنی  سێ بەرنامە لەچەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن بۆماوەیەکی کاتی ناتوانێت هیچ لەو ڕاستیە بگۆڕێت کەتازە کۆمەڵگا لەسەر سکە ڕاستەقینەکەی خۆی لایداوە و بۆ ڕاستکردنەوە و هێناوەی پێویستی بەپلانێکی بەهێز و تۆکمەتر لەوەی دووژمنانی هەیە.