کەرکوک شارێکی بێ گیان

08/04/2021

مەلا فەرمان

مرۆڤ کاتێ ڕۆح (گیان)ی  دەردەچێت، جگە لەجەستەیەکی ساردوسڕ هیجی تر نییە، بونی روح لەجەستە بەندە بەجوڵەو کاری ئەندامانی جەستەوە، کە گرنگترینیان: دڵ، مێشک، گورچیلەو جگەرە. بەلەکار وەستاندنی ئەم ئەندامانە روح لەگیان دەردەچێت. کەمجار رودەدات جەستەی سارد گیانی بەبەردا مابێ‌و پزیشکەکان بیگەڕێننەوە. 

روحی  وڵات، شار، لادێ یان تاکە ماڵێک بەندە بەو چالاکیانەی ئاوەدانی ئەنجامیدەدات، ئاوەدانی لەمرۆڤێکەوە تا دەگاتە باڵندەیەک‌و درەختێک. کاتێ باس لەبێگیانکردنی کەرکوک دەکەین مەبەستەکە تەنها ئەوەنیە مۆرکی دانیشتوانە رەسەنەکەی کە پێکهاتەی کوردە کاڵکرابێتەوە، بەڵکە ئەوشارە لەزۆر لاوە هەوڵی خنکاندنی دراوە، بەڵام ئەوەی زۆر زەق‌و دیارو جێی نیگەرانیە لای کوردان رۆڵی خراپی حیزبی کوردیە لەم روحکێشانە.

لەکەیەو چۆن؟
1- لە دروستبونی  جەلالی و مەلایی و دەستپێکی دوبەرەکی و بون بە داردەستی بێگانە و شەڕی ناوخۆ.
2- گوندە کوردنشینەکان لەسەردەمی بەعس لەگەڵ زەوی تەختکران، دوای ٢٠٠٣ جگە لە چەند گوندێک لەو سەدان گوندە وێرانەیە هیچی ئاوەدان نەکرایەوە. ئەمەش کاریگەری لە سەر بونی کاری جوتیاری و ژینگە کردوە.
3- ئەو کوردانەی راگوێزران لە سەردەمی بەعس نەک نەگەڕانەوە بۆ سەر زێدی باوباپێران بەڵکە کەموزۆر کورد کەرکوک جێ دەهێڵێت بەرە و سلێمانی و هەولێر کۆچ دەکات. لەجێیاندا خەڵکی دی نیشتەجێ دەبن
4- رۆشنبیران و سیاسەتمەداران و هونەرمەندانی کەرکوک یان لە سلێمانین یان لە هەولێر، حیزبی کوردی پشتیوانی مانەوەیان دەکات، بەشێک  لەم رۆشنبیرانە تەرمەکانیشیان ناهێننەوە کەرکوک.
5- بەرپرسە سیاسی و حیزبیە فشە قەومچیەکان ئەوانەی دروشمی " یان خانەقین و حەمرین یان تاماوین دەجەنگین" یان هەڵگرتبو بە میوانداریش نایەنەوە کەرکوک.ا بۆیە دانیشتوانی کەرکوک ئێستا ئەم دروشمەیان بۆ گۆڕیون بە '' یا قەرەناو و تەقتەق یان بماندەنە بەر شەق، لە سنوری شێراوە چیتر ناچینە دواوە.
6- نەبونی ژێرخانێکی ئەو تۆ کە گوزارشت لە ناسنامەی ئەو شارە بکات.
7- بەتاڵانبردنی ژێرخانی ئەو شارە لە ١٩٩١ بۆ ئێستا بەردەوامە.
8- تێکچونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان.

ئفلیجبونی ئەم ئەندامانەی جەستەی کەرکوک لای زۆرێک لە تاکی کوردی ئەو شارە بۆتە هۆی پەیدابونی:

1- نائومێدی
2- ترس و چاوترساندن
3- بێ متمانەیی
4- دەستنەچونە بونیاتنانی دواڕۆژو هەستکردن بەوەی وەک جاران ماڵیان بەسەر پشتی کەرەوەبێ.

روح بەبەرداکردنەوە
لای بەشێکی جوتیارانی کەرکوک و رۆشنبیرانی ناوشار ئومێدی روح بەبەرکردنەوەی کەرکوک لە ئاستێکی باشدایە، گیانی بەرگری و مانەوە ( لێرە ناڕۆین بونی هەیە. بڕوابون بە پێکەوەژیان و رێزگرتن لە مافی هەموان لای زۆرینە،  بۆتە کۆڵەگەی ژیان و پێشکەوتن. بە کورتی زەمینەی روح بەبەرداکردنەوە لە بارە بە نانی ئەم هەنگاوانە:

1- گرنگیدان بە وەربەرهینان بە تایبەتی لەبوژانەوەی ژێرخانی کەرکوک. بەشێوەیەک:

- هانی گەڕانەوەی پێچەوانە بدات.
- ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی لێبکەوێتەوە.

2- چارەسەری بنەڕەتی کێشەی موڵکداری ئەو زەویانەی لە سەردەمی بەعس لە جوتیاری کورد زەوتکراون.

کێن ئەوانەی دەتوانن روح بەبەری شارو وڵاتدا بکەنەوە؟
بۆ وەڵامی خێرای ئەم پرسیارە راستەوخۆ پیاو بیری بۆ دەسەڵات دەچێت، کە بتوانێت بە هۆی توانا داراییەکەیەوە ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات. بەڵام دوای کەمێ تێڕامان و ئاوڕدانەوە بۆ رابردوی دور و نزیک دەردەکەوێت، نەخێر، دەسەڵاتێک شار و خاکی دۆڕاندبێت، بێ گیانی کردبێت، نەک ناتوانێت بەم کارە هەڵسێت بەڵکە  بەدورنازاندرێت رێگریش بکات لە بۆ هەر هەنگاوێ بەئاقاری ژیانەوەدا بنرێت. بۆیە ئەم گیان بەبەردا کردنەوەیە تەنها تەنها بەو روحە بچوکە زیندوە دەکرێت  لە نزیکەوە باوەشی بە قەڵادا کردوە و کەرکوکیبونی لا نەک قورس نیە بەڵکە جێی شانازیە. ئەوەی ماوە ئەم روحە خاوەن ئیرادەیە سەرلەنوێ خۆی رێکخاتەوە. بۆ ئەوەی هەرێمیش بەدەردی کەرکوک نەبەن هاوشانی کەرکوک پێویستە خۆرێکخەنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی