هەولێر وەك گۆڕەپانی شەڕێكی نوێ!

15/04/2021

د.كامەران مەنتك

 ماوەیەكە لەریگای رۆكێت و دوێنی شەویش لەرێگای فڕۆكەی درۆنەوە هێرش كرایە سەر هەولێر، ئەو هێرشە بەردەوامانە لەماوەیەكی كەمدا واتای ئەوەیە هەولێر خەریكە دەبێتە گۆڕەپانێكی شەڕی نوێ و لەچوارچێوەی ململانێیەكی جیهانی و قۆناغێكی هەستیاروو یەكلاییكەرەوە سەنتەر دەگرێت!
بۆچی هەولێر دەكرێتە گۆڕەپانی شەڕ. یاخود بە واتایەكی تر ئایا قۆناغێكی تر لە ململانێیە جیهانیەكان دەستیپێكردووە، كە هەولێر لەو ململانێیەدا دەكرێتە گۆڕەپانی شەڕێكی نوێ؟
ئەوەی لەهەولێر دەگوزەرێت رەهەندێكی جیهانی و هەرێمی هەیەو دەرهاویشتەی ئەو گۆانكاریانەیە، كە لە هاوسەنگی هێزی جیهانی هاتۆتە ئاراو دێتە ئارا. ئەگەر لە روانگەیەكی جیۆستراتیژی و فراوانە سەیری  ئەو ناوچە هەستیارانەی ئۆراسیا بكەین، كەهۆكاری گرنگ و یەكلاییكەرەوەن لە ململانێیە جیهانیەكان!. بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستەمی جیهانی، بۆمان دەردەكەوێت هەموو ئەو ناوچانە لەگرژیەكی ترسناكدان و ئەگەر هەر هەڵەیەكی بچووك لە ئیدارەدانی ئەو ململانێیە بكرێت، رەنگ بێت شەڕێكی جیهانی لێبكەوێتەوە، كە تەڕو وشك بەیەكەوە بسوتێنێت.  

بۆئەوەی بەوردی لەو شرۆڤەكردنە تێبگەین، بەكورتی ئاماژە بۆ ئەو گۆڕانكاراینە دەكەم، كە لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا بەسەر سیستەمی جیهانی داهاتووە. دوای رووخانی بلۆكی رۆژهەڵات، كە سیستەمی تاكجەمسەری تیادا راگەیەنراو ئەمریكا خۆی وەك براوەی شەڕی سارد پیناسە كرد، دوای ئەوە لە ساڵی 2002 ئەفغانستان و لە ساڵی 2003 راستەوخۆ ئێراقی داگیركرد، دوای ئەوە لەرێگای سوود وەرگرتن و بەكارهێنانی ئەوەی پێی دەگوترێت بەهاری عەرەبی، لە باكووری ئەفریقاوە ئەو رژێمانەی روخاند، كە دەكەوتنە مەداری سۆڤیەتی پێشوو و وەك میسرو لیبیاو پاشان بەرەو سوریا هات، كە بنكەیەكی گرنگی سۆڤیەت بوو لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست، تاكە پێگەی روسیا بوو، كە لەسەر ئەو دەریایە بۆی مابووەوە. 

بەم چەشنە ئەمریكا هەوڵیدەدا لە سنوورەكانی باشوورەوە روسیا ئاووڵوقە بدات، شان بەشانی ئەمەش لەرێگای هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) وە دەیویست لە رێگای چەند پڕۆژەیەكی ستراتیژیەوە، لەوانە هاوبەشی رۆژهەڵات، خۆی بگەیەنێتە بن دیوارەكانی روسیا، ئەم هەڵوێستەش بەردەوام بوو، تاوەكو لە ساڵی 2008 روسیا پەلاماری گورجستانی داو هێڵی سووری بۆ ئەمریكاو هاوپەیمانی ناتۆ دانا، بەڵام ئەو ململانێیە بەردەوام بوو، تاوەكو لە ساڵی 2013 هەوڵەكانی ناتۆ گەیشتە ئۆكرانیاو لە لوتكەی ڤیلیزۆسی ناتۆ (2013) قسە لەسەر ئەوە كرا، ئۆكرانیا رێكەوتننامەی هاوبەشی رۆژهەلات ئیمزا بكات و دواتر ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، ئەمە وایكرد روسیا راستەوخۆ لەساڵی 2014 نیمچە دورگەی كریم بە وڵاتەكەی بلكێنێتەوە، پاشان پەڕیەوە بۆ سوریاو لە ساڵی 2015 خۆی لە سوریا هەڵقورتاند، بەمەش هاوسەنگیەكە لە بەرژەوەندی روسیا شكایەوەو گەڕانە دواوەی ئەمریكا بەشێوەیەكی بەرچاو دەستیپێكردو گەڕێكی تر لەشەڕی ساردی نوێ دەستیپێكردەوە.

ئەو ململانییانە لە هەموو شوینیك بەردەوام بوو، وادیارە ئێستا قۆناغی دووەمی هەڵمەتی بەرەی هاوپەیمانی روسی دەستیپێكردۆتەوەو دەیانەویت بە یەكجاری ئەمریكا لەو ناوچەیە دوور بخەنەوە، بۆیە دەبینین لە ئۆكرانیا، كە دەكاتە دەروازە روسیا بۆ ئەوروپاو لە تایوان و لەناوچەی كەنداو لە رۆژئاواو باشووری كوردستانیش خەریكە گرژیەكان گەرمتر دەبن و ململانێیەكان چڕتر دەبێتەوە. هێندەی پەیوەندی بە كوردستانەوە هەیە، دیارە ناوچەی سەوز كەوتۆتە ژێر كۆنتڕۆڵی ئێران، ئێرانیش هاوپەیمانیكی نزیكی روسیایە لە شە،ی ئەمریكاە هەولێریش كەوتۆتە ژێر هەژموونی توركیا، ئەویش وەك ئەندامێك لەناتۆ دەبێت پاڵپشتی هەولێر بكات، بەڵام دۆخەكەیە لێرەدا رێك پێچەوانەیەو توركیا لەریگای روسیاو ئێرانەوە دەیەوێت، هەولێر بكاتە گۆڕەپانی شەڕو بۆ ئەوەی هەردوو هەرێمی كوردی لەباشوورو رۆژئاوای كوردستان لەناو بەرێت!

كەواتە ئێستا هەولێر و قامشلۆ، بوونەتە، یاخود خەریكە دەكرینە چوارگۆشەی قەیرانەكان و ئەگەری ئەوەی هەیە شەڕی گەورەی تیا دابگیرسێت، توركیا دەیەوێت، ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوەو پەلاماری رۆژئاوای كوردستان بدات، لەدواجاردا ئەگەر ئەمریكا وەك چەند ساڵی پێشوو گڵۆپی سەوزی بۆ دابگیرسینێت و بەرامبەر مانەوەی توركیا لە هاوپەیمانی ناتۆ سازش لەسەر مەسەلەی كورد بكات، ئەو كاتە شەڕەكە بە تەنیا دژی كورد دەبێت و زەرەرمەندی یەكەمیش لێی كورد دەبێت. لەبەرئەوەی ئەمریكا ئەمریكا چیتر توانای ئیدارەدانی جیهانی نەماوەو دەیەوێت وەكو قۆناغی یەكەمی شەڕی سارد، لەریگای هاوپەیمانەكانیەوە (توركیا) ئەو ناوچەیە لەژێر هەژموونی خۆی بهێڵیتەوە و ئاوی رووی خۆی بپارێزێت و ناوچەكە جێبهێڵێت، كە ئەمەش یەكیكە لە ئەگەرە بەهێزو ترسناكەكان، چونكە بە هەموو پێوەرەكانی هێز ئەمریكا لە پاشە كشەدایە، بۆیە روودانی شەڕێك لە رۆژئاوای كوردستان ئەگەریكی بەهێزە!

 هێندەی پەیوەندی بەهەولێرەوە هەیە، راستە وەك هاوپەیمانی توركیا خۆی نیشان دەدات و واتیدەگات، كە توركیا دەیپارێزێت، بەڵام توركیا وەكو دەستكەوتیكی كورد سەیری ئەو هەرێمە دەكات نەك دەستكەوتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆیە لەهەوڵی ئەوەدایە، كە بە هەر سازشكردنێك بێت و هەرچەندەی تێبچێت، ئەو هەرێمەش هەڵبوەشێنیتەوە، ئەگەر بۆی بلوێت ویلایەتی لەژێر دەسەلاتی خۆی بهێڵێتەوە وەك ئەوەی روسیا بەرامبەر نیمچە دورگەی كریم كردی و ئێستاش دەیەویت بەرامبەر كۆی ئۆكرانیای بكات، ئەگەر بۆشی نەلوا ئەوا بەناوی یەكپارچەیی خاكی ئیراق، ئەگەر بەشێوەیەكی رەمزیش بێت بە ئیراقی بلكێنێتەوە. چونكە وەك دەیان و سەدان جار بەرپرسە توركەكان راشكاوانە دەیڵێنەوە، ئەوان دژی  هەر قەوارەیەكی كوردین ئەگەر لە ئەفریقاش بێت!. 
 لاوازبوونی پێگەی دەسەڵاتدارانی كوردی لەسەر ئاستی نیودەولەتی و هاتنە پێشەوەی مامەلەكردن لەگەڵ ئێراق بە پلەی یەكەم لە ئێستادا، دەرواە یەكە دەتوانین ئەو خویندنەوەی تیادا بسەلمێنین!.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی