ژینگە، جەنابی سەرۆک... ژینگە

15/04/2021

توانا موسلیح

ڕێزگرتنی ژینوار و بوونەوەران، پاراستن و گرنگیدان بەژینگە، پەروەردەو ئادابی ژینگەپارێزی، ڕێژەی سەوزایی و هەواو ئاو و خاکی پاک، لەو فاکتە گرنگانەن کەدەکرێ ئاستی شارستانی و پێشکەوتنی هەرگەل و کۆمەڵێکی هۆشیاری پێ هەڵبسەنگێنرێ...

کوردستانی خاوەن سروشتێکی جوان و دڵڕفێن، خەریکە بەدەست حوکمڕانی بێ پلان و نغرۆ لەگەندەڵیدا، ژینواری بەرەو وێرانی دەچێت...
مێژووی ئەو نیشتیمانەی کە ناوی کورستانە بەدرێژایی مێژوو پڕ بووە لەجەنگ و کاولکاری، شازدەی چوار کەڕۆژی ژینگەی کوردستانە، مێژووەکەی بەروارێکی هەمان ئەو زنجیرە کاولکاری و تاوانە بەردەوامانەیە....
 ڕۆژی ژەهراوی کردنی خاک و ئاوو هەوا، ڕۆژی قڕانی زیندەوەرە هەمەچەشنەکان و مرۆڤ، لەسۆنگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانکاری و چاککردن و پاراستنی ژینگەیشەوە ئەوڕۆژە کرا بەڕۆژی ژینگە...
جەنابی سەرۆک

بەهیوام بزانی ئێستا ڕەوشی ژینگەی ئەو ووڵاتە لەچ حاڵێکدایە..!
ئاخر هەرێمێکی بچووک ڕۆژانە زیاتر لەشەش هەزار تۆن خاشاکی هەیە، (تەنها ئاماری خاشاکی سێ شار) لەساڵێکدا زێترە لە دووملیۆن و سەدو نەوەت هەزار تۆن، ئاخر دەزانی گەر بەپەلە بیر لە ڕیسایکلین و چارەی ئەکادیمی نەکرێتەوە موودەتێکی دی لەخاشاکی خۆماندا دەخنکێین...!

دەزانی لەو هەرێمەی ئێمەدا ڕۆژانە سەدان هەزار دەبەی پلاستیکی ئاوو ڕۆن و بیبسی و ...هتد،  فڕێ دەدرێن، خۆ ئێوە ئەوروپاتان سەراپا تەی کردووە، دڵنیام دەزانن لەوێ چۆن مامەڵە لەگەڵ پلاستیک و دەبەدا دەکرێ...!
دەزانن ڕۆژانە کەل و پەلی تەکنەلۆژی، پیل و کەل و پەلی کارەبایی بەچ ڕێژەیەک هاوردە دەکرێن، هەربەڕاست قەت ناپرسن ئەو هەموو هاوردەکردنە بێ چارەکردنی ئەوانەی لەکاردەکەون دواجار ئێرە دەکاتە چ زبڵخانەیەک..؟

جەنابی عالی مەقام
دەزانن ڕێژەی سەوزایی لەو ووڵاتەی خۆی سەوزبوو ئێستا تاچ ئاستێک دابەزیوە، پرسیوتانە بۆچی دەست و پێوەندەکانتان چەندین شوێنی گەشتیاری و زەوی گەشتیاریان لە پارچەیەک بەهەشتەوە گۆڕیوە بۆ چەند تاوەرێکی بەئاسمانداچووی نەفرەتی...؟ 
هەولێر و دهۆک و سلێمانی بەکۆنکرێت و تاوەری بازرگانی و زڕەمۆڵ نابن بەشار، گەر بواری هەناسەدان و ئاسوودەیی سنورداربن...

پێم وایە لەهەموان باشتر ژمارەی پاڵاوگەو کارگەی نائاسایی و نایاسایی دەزانی، باسی کوالێتی کاڵا و خواردنە هاوردەکراوەکان بازاڕی قاچاخچێتی ناکەین، چون دڵنیام گەر تەنها جارێک خواردنی سەرعارەبانەیەک، یا ژەمێک برنجی ئەو بازاڕەی ئێرە تاقی بکەیتەوە بەسە بۆ حاڵی بوون... لە دەرمان و نەخۆشخانەکانیش وازبێنە، خۆ جەنابتان لێرە دەنکە حەبێکیش وەرناگرن...
هەروەها....
هات و چۆ و سیستەمی گواستنەوە ،
کارەباو ووزەی بۆگەن،
کشتوکاڵی وێران و ئاوی بەفیڕۆچوو و بەنداوی لەدایک نەبوو،
باروودۆخ و خزمەتگوزاری شوێنەگەشتیاریەکان،
پەروەردەی حەوت ڕەنگ و خوێندنی باڵاکورت،
ناعەدالەتی و هەژاری،
گوندی وێران و مەزڕەعەی فیرعەونەکان،
بارودۆخی قوربانیان و کەسوکاری شەهیدان،
پێشمەرگەو گوزەرانیان،
ئەو هەموو ڕێکخراوە ناحکومیانەی بودجەی زەبەلاحیان هەڵدەلوشی
(کەهەموویان پەیوەستن بەژینگەوە)
باسی پڕ لەژانەسەریان گەرەکە، ناشمانەوێ خوانەخواستە ببینی مایەی ڕەنجانتان...
بۆیە
جەنابی سەرۆک
ژینگە، وەپاراستن و پەرەپێدانی چەمکەکانی ژینگەپارێزی، بەر لەهەموو شتێک پەروەردەیە، سیاسەتە، پێکەوە ژیانە...
دواجار ژیانە، ژیان و پێداویستیەکانی بەمانا فراوانەکەی...
ئومێد دەکەم تۆش ماوەیەک وەک ئێمەمانان لەهەمان ژیان و ژینگەدا بژی...


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی