هەرێم‌و ئێران، بەرژەوەندی هاوبەش

28/04/2021

سەرکۆ یونس

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ جاری چوارەم دوای سەردانکردنی بەغدا، سەردانی هەولێری پایتەختی کردەوە، دوور لەڕەهەندە سیاسییەکانی ئەم سەردانەو پەیوەندیە دیبلۆماسییەکانی هەردوولا، هەرێم‌و ئێران، لەم بارودۆخەدا دەتوانین بەدوانەیەکی بەیەکەوە گرێدراوی هاوبەش بناسێنین، لەڕووی ئابوری‌و بازرگانی‌و گەشتیاری‌و بوارەکانی تری پەیوەندی کلتوری‌و فەرهەنگی هتد... .

پەیوەندیە ئابورییەکانی ئێران‌و ێراق، لەئاستێکی پێوانەیی زۆر باشدایە، سەرەڕای کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا هێشتا قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق‌و ئێران، بەرزترین ڕێژە تۆماردەکات‌و ساڵانەش زیاتر لە(13) ملیار دۆلارەو بەشی زۆری لەڕێگەی هەرسێ دەروازەی نێودەوڵەتی (حاجی ئۆمەران، باشماخ‌و پەروێزخان) و چەندین مەرزی نافەرمییەوە دەکرێت‌و لەهەندێ سنوری هەردولاش کاری قاچاخی گواستنەوەی کەلوپەل، لەڕێگەی کۆڵبەرییەوە ئەنجامدەدرێت‌و سەرچاوەی بژێوی بەشێکی زۆری دانیشتوانی سەر سنوری هەردوولایە، بەپێی ئامارە نافەرمیەکان، قەبارەی بازرگانی نێوان هەولێرو تاران، ساڵانە نزیکەی (4 بۆ 5) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

ئەم بابەتە، لەکۆبونەوەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران‌و سەرۆکوەزیرانی هەرێمدا، جەختی زیاتری  لەسەرکرایەوە.

ئەمە جگەلەوەی دەیان خوێندکاری هەرێم، لەزانکۆکانی ئێراندا خەریکی وەرگرتنی بڕوانامەن، لەهەمانکاتدا سەدان کرێکاری کوردی ڕۆژهەڵات لەشارەکانی هەرێمدا، کاردەکەن.

هەروەها لەساڵانی ڕابردوودا، دوای ئاسانکاری هاتوچۆی هاوڵاتیانی هەردوولا، ڕێژەیەکی زۆری هاونیشتیمانیان، سەردانی کۆماری ئیسلامیان کردووە و لەهەمانکاتدا پشکی شێری گەشتیارانی هەرێم، لەئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەتایبەت لەکاتی بۆنەنەتەوەییەکانی وەک نەورۆزدا، کە بەسەدان گەشتیار ئەژمار دەکران وشاروشارۆچکەکانی هەرێمیان قەرەباڵغ دەکرد.

ئەوەی بەلای حکومەتی هەرێمەوە، گرنگە وجێگەی بایەخە، بابەتی سەقامگیری و ئەمن و ئاسایشی هەرێمە بەگشتی وهەولێری پایتەخت بەتایبەتی، چونکە بۆ چەندجارێک لەلایەن ملیشیاچەکدارەکانی سەر بەئێران، فرۆکەخانەو هەولێر مووشەکباران کراوە، نزیکبوونەوە لەئێران، واتە کەمبونەوەی فشاری ملیشیاکانە لەسەر هەرێم وهەر ئەمەش لەبەرژەوەندی هەرێمە، پێمان وایە، حکومەتی هەرێم ناتوانێت و لەبەرژەوەندی نی یە، دژ بەئێران مامەڵەبکات، ئەمە واقیعە و پێویستە لەبەرچاو بگیرێت.

لەئێستادا، وادەردەکەوێت حزبە کوردیەکانی دژ بەکۆماری ئیسلامی لەهەلومەرجی هەرێمی کوردستان تێگەشتوون، نایانەوێت ببنەهۆی تێکدانی سەقامگیری هەرێم، ئاسایشی هەرێم بەلایانەوە گرنگە، هەربۆیە لەم هەلومەرجەدا ئەو حزبانە کاروچالاکییەک ناکەن، ببێتەهۆی مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم.

پێمان وایە، هەتاوەکو هەرێمی کوردستان، پەیوەندیەکی پتەو وتۆکمەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبێت، لەڕووی سیاسی‌و ئابوری‌و بازرگانییەوە، لەبەرژەوەندی هەردوولایە وبەرژەوەندی هاوبەش ڕەهەندی سەرەکییە، هەرچەندە لەڕووی ئابورییەوە کۆماری ئیسلامی ئێران، قازانجی زیاتر دەکات. بەڵام بۆ هەرێم، ئێران سەرچاوەیەکی گونجاوە بۆ هاوردەکردنی پێداویستیەکانی دانیشتوان، بەنرخێکی گونجاوو تێچونێکی کەم.

ئابووریناس

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە