روماڵ و شیكاری یان شەرفرۆشتن و قسە فرێدان!

02/05/2021

ئاکۆ ئاڵی

كاری رۆژنامەوانیی ئەوەنییە شوێن وتنەوەی  قسەباوەكان بكەوێت، دیارە ئەركە دیارو قورسەكەی رۆژنامەنووس ئەوەیە بتوانیت تیشك بخەیتە سەر دیوەشارەوەكان و لایەنە تاریكەكانی رووداوەكان، دەنا بەپێچەوانەوە كاری رۆژنامەنووسی دەبێتە مقۆ مقۆ وتی وتی.
گەر سەردانی ئەمجارەی دوکتۆر بەرهەم بۆ شاری هەولێر بەنموونە وەربگرین، ئەو وتی وتییەی ناو میدیاكان بەباشی دەبینرێت، كاتێك سەرۆك كۆمار  دیدار لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەكات، كەمترین زانیاری لەسەر ناوەرۆكی كۆبوونەوەكان ئاشكرا كران، رەنگە ئەمە بەشێكی پەیوەست بێت بە پرۆتۆكوڵەوە، بەڵام بەشە سەرەكییەكەی ئەوەیە كە لەم كۆبوونەوانەدا رێگەنەدراوە میدیا حزوریان هەبێت، ئەمەش بەلایەنی سلبی ئەو دانیشتنانە دەبینرێت، بەڵام لەوە خراپتر ئەوەیە، میدیاكار بێ بوونی زانیاری، مقۆمقۆ و وتی وتی بكاتە سەردێری هەواڵ و بەنرخی زانیاری دەرخواردی خەڵكی بدات.

كاتێك دكتۆر بەرهەم لەساڵی 2018 لەرێگەی هەڵبژاردنەوە لەناو پەرلەمانی عێراق پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت، چەند شتێك هەبوو كە دەبوو میدیاكان تیشكی بخەنە سەر، گرنگترینیان ئەوە بوو، لەدەرەوەی عورفی باو، بۆیەكەم جار ئەو پۆستە لەدەرەوەی تەوافقی سیاسیی و ئۆكەی پارتی یەكێتی توانی كاندیدەكەی دیاری بكات و لەوەرگرتنی پۆستەكەش كاندیدەكەی سەركەوتووبوو، دەبوو ئەمە بكرایەتە خاڵی وەرچەرخان ئەو خاڵەی كە لایەنە ئۆپۆزیسۆنەكان و خەڵكی دیموكراتخواز خوازیاری بوون، بەڵام بەپێچەوانەوە، بەشێك لەلایەنە ئۆپۆزیسۆنەكان چوونە بەرەی دژو لەسەنگەری  دەسەڵاتەوە هەڵمەتیان برد، پاشگەز بوونەوەی  ئێستای هەندێك لەپەرلەمانتارە كوردەكان كە بەشداری ئەو سیناریۆ رەشەیان كرد، شاهیدی ئەو راستیەن، كەچۆن گەلەكۆمەكێ لەكاندیدە براوەكە كراوە تا ئەو ئاستەی هەندێك لەحزبەكەی خۆشی بەشدار بوون و لەپشتیەوە بوون.

ئەوكاتە  بۆ ئەو رووداو و گۆرانكارییە كە ئاراستە دروستەكەی وەرگرت و بەقیمەتی زۆر لەسەر دكتۆر بەرهەم كەوتەوە، كەس سوپاسی سەرۆك كۆماری نەكرد، زۆرینەی میدیاكارانیش خەریكی شەن و كەوی ئەو دیوە بوون كە دەسەڵات دەیویست چاوی بخرێتە سەر تا دیوە شاراوەكەی تر كە گرنگ بوو بۆ تێپەراندنی سنورە باوەكە، بەنەبینراوی بمێنێتەوە.

دیارە وەرگرتنی پۆستی سیادی لەبەغداد و هەولێریش نەك ئاساییە بگرە پێویستیشە لایەنە سەرەكییەكانی كوردستان بە سازان و تەوافوقی نێوانیان یەكلای بكەنەوە، نەك بە شاخ لەیەكتر گیركردن، یەکێتیی و پارتی چونكە دوو هێزی دیموكراتی نین و خاوەن هێزی چەكدارن، ئەوكاتە سەركەوتوتربوون لەئیدارەو حوكمرانی كە سازانیان دەكرد لەسەر پۆستەكان، یان مادام  هیچ لایەكیان قبوڵیان نییە ببنە ئۆپۆزیسۆن ئەمە هیچ نەنگییەکی تێدا نییە بۆ هێزگەڵێك كە هەڵبژاردن و بەرێكردنی كارێكی تەنها وەك كارێكی سوننەتی و رۆتینی  ببیننەوە. 

لەهەمبەر سەردانەكەی سەرۆك كۆماری ئەمجارە بۆ هەولێر، مەسعوود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسروور بارزانی و مەكتەب سیاسی پارتی بەسەركرانەوە. لەلایەنەكانی تریش، عەلی باپیر و قوباد تاڵەبانی و سەلاحەددین بەهائەددین، دیداریان لەگەڵ سازكرا، هەرچەندە هیچکامیان باسی ئەوەیان نەکردووە کە سەرۆک کۆمار بۆ وەرگرتنەوەی  پۆستی سەرۆك كۆماری سەردان و دیدەنیەكانی سازكردوە، كەچی ناو میدیا پربوو لە گریمانەو وتی وتی، گوایە ئامانجی سەردانەكە  وەرگرتنەوەی ئەوە پۆستەیە و هیچی تر.

ئیستا بانێكەو دوو هەوا، خولی یەكەم دكتۆر بەرهەم پۆستەكەی  بەبێ سازان بردەوە، لای هەندێك واخوێنرایەوە كە یەكریزی تێكداوەو هەولێرمامەڵەی لەگەڵ ناكات، كاتێك سەردانێكیش دەكات بۆ پرسێكی نیشتمانی و خەمێكی گەورە كە بەدڵنیاییەوە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری گرنگترە بۆ خەڵك، ئامانجە راستەکە دەكرێت بەژێر لیفەی ڕقەوە و ئەو دیوە زەقدەكەنەوە كە بەنیازی تەوافوق درووست كردنە.

خەڵكانێك كە جورئەتی دەستخۆشیان نییە لە كاری چاكە و ناتوانن ئەوە ببیننەوە كە رەنگە دكتۆر بەرهەم لەتاقانەی ئەو بەرپرسانە بێت كە رێگەی نەداوە کور و کچی بەشداری كاری حزبایەتی و بزنس لەكوردستان بكەن، بەدڵنیاییەوە ناشیانەوێت لە ئامانجی سەردانەكەی ئەمجارەی هەولێر تێبگەن.
کورت و کرمانجی؛دۆخی هەرێمی كوردستان ئەوەندە خراپە، هیچ پنتێكی بەساخڵەم تیانەماوەتەوە، بۆیە هەق نییە گلەیی زۆر هەر لەمیدیاكاران بكرێت چونكە ئەوانیش بەشێكن لەدۆخەكە و رەنگە  نەك بەسەردانێكی سەرۆك كۆمار  وبەچەندین دانیشتن و كۆبوونەوەی تریش دۆخەكە چاك نەبێت و خەڵكیش نەتوانن نیوەی ئەو راستیانە ببیستین، كەدەبوو میدیاكان ئاشكرایان بكردایە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە