لە غیابی كۆنگرەیەكی نەتەوەییدا

03/05/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


كورد ناتوانێت قسە لەسەر هیچ هەوڵێك  بۆ یەكدەنگی و چارەسەری بۆ كێشە ناوخۆییەكانی بكات، یان لانی كەم هیچ هەوڵێكی ناوخۆیی و دەرەكی ناتوانێت وا لە كورد بكات یەك ڕیز و تەبابێت لەناوخۆی خۆیدا، ئەگەر پێش هەر شتێك دوو ڕووداوی گەورە لە هەناوی نەتەوەیی كورددا ڕوونەدات و سنوورە دروستكراوەكانی نێوان كوردستانی گەورە و تاكەكانی كورد لەهەر كوێ بێت نەسڕێتەوە، كە ئەویش دروستكردنی "سەرۆك_ رابەر"ە لەگەڵ "كۆنگرەیەكی نەتەوەیی" تۆكمە كە ئەو سەرۆك و رابەرە بەڕێوەی ببات و هەموو گەردە نەتەوەییە جیاوازەكانی كورد لەخۆیدا كۆبكاتەوە.

كورد كە بەدرێژایی مێژوو سەرۆك و رابەرێكی كاریزمای نەبووە وەك باوكی رۆحی كورد دەربكەوێت، ئەم دیمەنە وەك ئەوە وەهابووە مورووەكانی تەسبیحێك ئیمامەكەی نەبێت و تەواوی موور و دانەكانی تەسبیحەكە پەرش و بڵاوبووبنەوە و هەر دانە و قلێكی ئەو تەسبیحە بەرەو لایەك رۆشتبێت، ئێستا كورد پێویستی بەو ئیمامەیە كە تاكەكانی ئەم میللەتە كۆبكاتەوە وەك چۆن دانەكانی تەسبیحە پەرش و بڵاوەكە بەهۆی ئیمامەكەوە كۆدەبێتەوە، كورد ئەم جۆرە سەرۆكەی نییە كە رابەرایەتی و سەرۆكایەتی كۆنگرەی نەتەوەیی بكات و هیچ لایەنگریی و وەلائێكی بۆ هیچ حیزب و هێزێك نەبێت و شكۆی هیچ كەس و تاكێك بەسەر كەسێكی دیكەدا نەدات.

لەبەرئەوەی كورد هەمیشە لە بۆشایی ئەم جۆرە سەرۆك و رابەرە كاریزما و رۆحییەدا ژیاوە، ئەوا گەلێكیش قورس بووە بۆ كورد كۆنگرەیەكی نەتەوەیی و یەكگرتووی هەبێت كە تێیدا كێشەكانی بخاتەبەردەم باس و رەخنە و پێداچوونەوە و لێیبكۆڵێتەوە و چارەسەری بكات، نەك كورد ئەو كۆنگرەیەی نەبووە بەپێچەوانەوە هێزە سیاسییەكانی كورد زۆر لە كۆنگرەیەكی لەم شێوەیە ترساون و نایانەوێت بچێنە كۆنگرەیەكەوە كە رەنگە لایەنێك لەبەرامبەر لایەنێكی دیكەدا بە دڵی نەبێت و لێیبكشێتەوە.

هەموو ئەو هەوڵانەی لە ساڵانی رابردوودا هەبوون بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی، شكستیان هێنا، چونكە خودی هەوڵەكە لەلایەن سەركردەیەكی رۆحی و كاریزمای نەتەوەییەوە پێشنیاز نەكرا بوو، بەڵكو هەوڵەكان لەسەر ویست و حەز و داوای چەند حیزب و كەسێك بووە بەو هیوایەی كورد بتوانێت لە رێگەی كۆنگرەی نەتەوەییەوە هەنگاوێكی ئەرێنی بۆ چارەسەری ناكۆكی و كێشەناوخۆییەكانی خۆی بنێت، ئەمەش تاكو ئێستا هەر قسەیە و نەبووەتە كردار.

بەم دۆخە شپرزەیەی ناوخۆی كوردەوە و بیركردنەوە لەبەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی، ئەستەمە و كارێكی قورسە، چونكە سەركردە و رابەرێكیش نییە تەواوی لێكەوتە و هەر گۆتاوەڕۆیەكی نەرێنی كۆنگرە بگرێتە ئەستۆی خۆیی و وەك سەركردەی ئەركە قورسە نەتەوەییەكان دەربكەوێت، كە ئەم رابەر و سەركردەیەش بوونی نییە، ئەوا هەمیشە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كورد لەباری گەورە بوون و نوێبوونەوە و دەمەزەردكردنەوەدایە و زیاتر قوڵ دەبێتەوە و هەر لایەنێك دێت و لایەنێكی دیكە تۆمەتبار دەكات.

ئێستا كورد لە غیابی سەركردە و رابەردایە، هیچ گەل و نەتەوەیەك هێندەی كورد و هێندەی ئەم قۆناغەی كورد بێ سەركردە و رابەری رۆحی نییە، هیچ نەتەوەیەك هێندەی كورد "هەتیو"نییە بەتەعبیرە كۆمەڵایەتی و دینییەكەی، چونكە ئەم میللەتە لە ئێستادا لەو منداڵە دەچێت كە باوكێكی نییە نازی بداتێ و خەمخۆری راستەقینەی بێت و بۆ چركەساتە خۆش و ناخۆشەكانی، ئەو باوكە هیوا و سوكنایی بێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی