یەکێتیی گۆڵی لەخۆی کرد

04/05/2021

ڕێبوار کەریم وەلی

پارتی حزبێکی سەخییە لەکڕین‌و فرۆشتنی ئینسان، بەڵام لەبەخشینی دەسەڵات وەک دوکانداری جولەکە وایە؛ بڵێ دوو جاران دوو دەکاتە چەند؟ دەڵێ: لێم دەكڕی یان دەفرۆشی؟

پارتی ئەگەر زانیبای گۆڕان کەڵکی ماوە، قەت وا بەئاسانی نەیدەھێشت کۆبوونەوە (نھێنییەکان) بگەنە ئەنجام، بەدڵنییایەوە تا پارتیش لای لەگۆڕان کردبایەوەو پشی پشی بۆ کردبایە، گۆڕان نەدەچووە ناو کۆشی یەکێتیی؛ گۆڕانێک لەلوتکەی کاری سیاسیدا هه‌شت کورسی لەپەرلەمانی بەغدا ھێنابێت، ئێستا چەند دێنێ؟ بۆیە پارتیش لەبەرامبەر ئەو ھەنگاوەدا، جگەلەوەی قەڵای ھەولێری قایم کردووە، خەریکی سەودای دیکەی ژێر بەژێرە لەگەڵ نەوەی نوێ.

حزبێک کە بەس ئەوەندە ماوە بەئاشکرا لافیتەی فرۆشتنی لەسەر ھەڵواسن، لەخەفادا ئەوەندەی نەدەھێنا کە یەکێتی لەسەر حیسابی بەحیساب گۆڵکردن لەپارتی ماری نووستووی شارچییەتی لەناوخۆیدا بەخەبەر بێنێتەوە، تەنانەت کارگەیشتە ئەوەی کە کوڕانی کۆسرەت ڕەسوڵ دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان بدەنە سەرکردایەتیی یەکێتی!

یەکێتی گۆڵی لەخۆی کردووە، ھەر لەئێستاوە جگە لەناڕەزایەتیی ناوخۆیی، ئەگەری ئەوە ھەیە چەند کۆرسییەک لەکیس خۆی بدات، ھا ئەگەر بگوترێ ئەوە سەرەتایەکە بۆ تێکەڵبوونەوەیان‌و ئەوە سەرەتای ھەنگاوێکی دوورمەودایە، ئەوەش ڕاست نییە؛ یەکێتی‌و گۆڕان لەڕابردوودا ڕێککەوتنی ستراتیژیشیان ئیمزاکرد دادی نەدان، ئێستا چ گۆڕاوە؟ سیاسەتکردن بەڕقھەڵگرتن وەک قوماری لێدێت.

یەکێتی لەدوای کۆنگرەوە دەرفەتی زۆری لەبەردەم بوو بۆ پێداچوونەوە بەھەڵەکانی ڕابردووی، بەڵام پێناچێ توانیبێتی بازنەی بیرکردنەوەی خۆی بۆ حزبێکی گەورە فراوان بکات، بۆیە باجی ھەڵەی لۆکاڵیبوون دەداتەوە، ئەوەش ڕێک ئەو شتەیە کە پارتی تەمەننای دەکات.

دواجار ململانێی لەو شێوەیە لەگەڵ پارتیدا، سودی نییەو لەنیھایەتدا دەبێ لەبارەگای    بارزانی بڵێن:"ئێوە خانەوادەیەکی نەجیبن، بەبەخشندەیی خۆتان لێمان ببوورن".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی