تورکیا بۆ سەر هەرێم یان پەکەکە هاتووە؟

04/05/2021

ئارێز عەبدوڵڵا

بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا پاساوەکەی بوونی پەکەکەیە لەناو خاکی هەرێم، بەڵام ئامانجی تورکیا لەو هێرش و ئۆپەرۆاسیۆنانەدا زۆر لە رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە گەورەترە، چونکە:

1.ئەو هەموو هێز و توانا سەربازی و داراییانەی لە باشوور خەرجی دەکات، ئەگەر نیو ئەوەندەی لەناو سنوورەکانی خۆی خەرج بکا دەتوانێ بە شێوەیەک کۆنتڕۆلی سنوورەکە بکات، کە مێروولە نەتوانی لێی دەرباز بێ.
2.دەوڵەتی تورکیا نایشارێتەوە کە ساڵی ٢٠٢٣ کۆتایی بە ڕێککەوتننامەی لۆزان دێ و ئەو کاتیش بە پێی میساقی میللی دەستبەسەر ویلایەتی موسڵدا دەگرێتەوە.
3.زۆر دەمێکە تورکیا لەناو خاکی هەرێم ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکا، بەڵام ئێستا شێواز و ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکان گەورەتر و فراوانتر بوونە و کاربەدەستە گەورەکانیشیان نایشارنەوە کە بنکەی هەمیشەیی لەهەندێک شوێنی ستراتیژی بادینان دادەمەزرێنن.
4.بەو ئۆپەراسیۆنانە خەڵکێکی زۆر ئاوارە و دەربەدەر دەبن، بەو هۆیەشەوە هەم باری حکومەتی هەرێم گرانتر دەبێ و هەمیش لێدانێکی گەورەیە لە ژێڕخانی ئابووری وڵاتەکەمان. 
5.مانەوەی هێزەکانی تورکیا کاتیی نییە، بەڵکو هەمیشەییە و دەیەوێ ئەو کارتە فشارەی هەر لە دەستدا بمێنێتەوە بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە لە عێراق ڕووبدا. 
6.ئەگەر هیچ پێشهاتێکیش نەهاتەدی ئەو ناوچانە لە بەرامبەر دەستکەوتی گەورەتر ڕادەستی دەوڵەتی عێراق دەکاتەوە، نەک حکومەتی هەرێم. 
لەبەر ئەو هۆکارانە من پێم وایە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا ئەوەندی دژی حکومەتی هەرێم، عێراقی فیدراڵی و ئایندەی هەرێمی کوردستانن نیو ئەوەندی دژی پەکەکە نین.



ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی