بەریتانیا؛ لەکشانەوەوە بۆ هەژانی هەڵوەشانەوە!

06/05/2021

سۆران قەرەداخی

بەپێی یاسا، هەموو یەکەم پێنجشەممەی مانگی پێنجی پێنج ساڵ جارێک (جگە لەهەڵبژاردنی پێشوەخت)، ژمارەیەک هەڵبژاردنی ناوخۆیی لەبەریتانیا، ئەنجامدەدرێت. ئەمڕۆ ئەو پێنجشەممەیەیە کە تێیدا هەڵبژادنی ژمارەیەک لەئەنجومەنی شارەکانی ئینگلتەراو وێڵزو پارێزگاری لەندەن‌و هەڵبژادنی هەردوو پەرلەمانی سکۆتلەنداو وێڵز دەستیانپێکرد.

ڕەنگە ناونیشای بابەتەکە قورسبێت!، بەڵام لەدوای کشانەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا، پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی سکۆتلەنداو وێڵزو، تەنانەت قسە لەسەر یەکگرتنەوەی هەردوو ئیرلەنداش هەیە.

ئەمڕۆ لەقۆناغی یەکەمی هەژانی ئەو ژانەداین‌و پرسی باڵکێش لەم هەڵبژاردنانەدا، مەسەلەی بەڵێنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی سکۆتلەنداو وێڵز لەبەریتانیا، لەلایەن هەردوو پارتی نیشتمانی سکۆلەندا (SNP)و، پارتی وێڵز (Plaid Cymru)وە لەهەرێمەکانیان، ئەگەر براوەی یەکەمی هەڵبژاردن بوون.

بەپێی ڕاپرسییەکان، ئەوەی ڕوونە، ئەمجارە ئەم خواستە لەوێڵز بەرناگرێت‌و پارتی کرێکاران بەتەنها یان بەهاوپەیمانی لەدەسەڵات دەمێنێتەوە، ئەوەی مایەی دڕدۆنگی لەندەنە ئەنجامی هەڵبژاردنە لەسکۆتلەندا کە ڕاپرسییەکان بردنەوەی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا (SNP) دەگەیەنن، ئەگەر ژمارەی کورسییەکانیشی حکومەتی زۆرینەی بۆ دروستنەکەن، ئەوا لەپرسی سەربەخۆیدا پارتی سەوزیش هەمان خواستی هەیەو ڕەنگە هاوپەیمانی پێکبهێنن‌و (نیکۆلا ستەجن) وەک وەزیری یەکەمی سکۆتلەندا (سەرۆک وەزیران) بمێنێەوەو هەنگاوەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دووەم بۆ سەربەخۆیی سکۆتلەندا لەبەریتانیا، دەستپێبکەن.

شاژنە ئەلیزابێسی یەکەم لەبەرئەوەی شوینەکردبوو، هیچ منداڵی نەبوو، هیچ خوشک‌و برایشی لەژیاندا نەمابوو، بۆیە بەرلەمردنی ڕەنگڕێژی ئەوەکرابوو کە (جەیمسی شەشەم)، شای ئەوکاتی سکۆتلەندا کە خزمی یەکەمی بوو جێگەی بگرێتەوەو ببێت بەپادشای هەردوو وڵات، لە1603 ئەلیزابێسی یەکەم مردو جەیمسی شەشەم پادشای سکۆتلەندا، کە دواتر لەئینگلتەرا پێیان دەوت جەیمسی یەکەم، شوێنی گرتەوە، ئەم یەکگرتنە لەمێژوودا پێی دەوترێت (یەکێتی تاج)، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ژنێک بەمردنی شانشینی یەکگرتووی دروستکرد، ئایا دوای 418 ساڵ لەو مێژووە، لەسەردەستی ژنێکی تر (نیکۆلا) تاجەکە لەتدەبێتەوە؟!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە