چەواشەکاری ڕاستەقینە

08/05/2021

عەبدولڕەزاق شەریف

ساڵی نەوەدو پێنج‌و لەهەوڵەکاندا، بۆ ئاشتی‌و کۆتایی شەڕی ناوخۆ، دوای گفتوگۆو دانوسان، پڕۆژەی ڕێکەوتنی (دبلن) لەنێوان پارتی‌و یەکێتی هاتە ئارا، خاڵی پێنجەم‌و کۆتایی پڕۆژەکە دانپێدانان بوو بەوەی (په‌كه‌كه‌ هێزێکی تیرۆریستەو نابێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت).

پڕۆژەکە لەدەەرەوەی وڵات‌و بەئاگاداری‌و نێوەندگیری بیانیی چێکرابوو، لەناوخۆشدا، پێویستی بەزەمینەسازیی‌و پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەبوو.

بەو مەبەستە نوێنەری ئاغای ڕەفسنجانی (سەرۆک وەزیران)ی ئەوساڵ، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، بەندە چانسی ئەوەم هەبو وەک نوێنەری تاڵەبانی لەمەرزی پەروێزخانەوە پێشوازیم کردو گەیاندمە ژورە بچوکەکەی سکترتێری گشتی لەهەولێر.

هەرزوو مام جەلال، بەدەم خواردنەوەی ساردییەکەوە ڕەشنوسی پڕۆژەکەی بۆ خوێندەوەو مەلا یاسینی ڕاسپارد (کە تا ئەوکاتە لەناو دەرگاکەدا بەپێوە ڕاوەستابوو) ئەلبومی وێنەکان بۆ میوانەکە بهێنێ.

بەدەم ڕوانین لەوێنەکانی خۆیی‌و عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بە(ئاغای نوریان)ی وت:

بڕوانە ڕوخساری ئاپۆ! تەماشای زەردەخەنەکەی بکە! ئەوە لەتیرۆریست ئەچێ!؟

بێ چاوەڕوانی وەڵامی میوانەکەی وتیشی (دوێنێ وەفدی ئەمریکاییەکانم لابوە، هەمان ئەو قسانەی بۆ تۆی ئەکەم بەوانیشم وتوە، ئێمە خاڵی پێنجەمی ئەو پڕۆژەیە ڕەتدەکەینەوەو لەژێر هیچ فشارێکدا، ئامادەنین (په‌كه‌كه‌ وەک هێزێکی تیرۆریستی بناسێنین).

دوای چارەکە سەدەیەک‌و حیزب‌و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، ئەبێ ئەو راستیە بزانن کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان، تورکیاو پارتی دیموکراتی کوردستان‌و هاوپەیمانەکانیان، (په‌كه‌كه‌) وەک هێزێکی تیرۆریستی ئەناسێنن، یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر کە بەژمارە سێی ساڵی 2006 لەپەرلەمانی کوردستان دەرچوە، بەمدواییەش بەدەنگی زۆرینەی فراکسیۆنەکانی (پارتی، یەکێتی، گۆڕان‌و یەکگرتوو) درێژکرایەوە، (هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، ئەو یاسایە بوو کە نەوشیروان مستەفا لەباسیدا ئەیوت پارتی بەو یاسایە ئەتوانێ تورەکە بکاتەسەر هەرکەسێ کە بیەوێت) تیایدا، چەمکەکانی (تیرۆرو سەلامەتی گشتیی) وەک کاڵایەک بەباڵای پارتی‌و سیستەمی حوکمڕانیەکایان دوراوە.

ئەشتوانن بەو یاسایە هەمو گروپ چات‌و دەستەو کۆڕو کۆبونەوەیەک کە دژی حکومەتی هەرێم‌و دەزگا ڕەسمییەکانی بێت، لەخانەی تیرۆردا چێبکەن‌و پەیوەندیکردن بەو مەبەستە لەگەڵ کونسوڵخانەو دەزگاو لایەنە بێگانەکاندا، وەک کارێکی تیرۆریستی پێناسە کراوە.

کەواتە حکومەتە ئیئتیلافیەکەی هەرێمی کوردستان‌و ستراتیژی کارکردنیشی هەمان ڕوانین‌و ئاراستەی هەیە، یەکێتی‌و گۆڕانیش لەهەموان باشتر ئەزانن‌و لەسەرۆکایەتی هەرێم‌و لەئەنجومەنی وەزیراندا، وەزیرو گزیریان هەیەو پشتیوان‌و هەماهەنگن! ئەوانەشی لەمەسەلەی دادگاییکردن‌و زیندانیکردنی گروپی بادیناندا بەڕاستی پشتیوانن، تەنها ئەو کەسولایەنانەن کە دژی درێژکردنەوەی ئەو یاسایە دەنگیان بەرزکردەوەو دژی ستراتیژو کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان وەستاونەتەوە. ئەوانەیشی کە بەشدارو پشتیوانی حکومەتی هەرێمن‌و لەهەولێر شادمان‌و لەسلێمانی بەقیژەوە فرمێسکی تیمساحی بۆ زیندانیکراوەکان دەڕێژن، درۆزنی گەورەو چەواشەکاری ڕاستەقینەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی