لەدوای پاشایەتیەوە، پارەکانی عیراق بۆ کوێ ڕۆیشتووە ؟

17/05/2021

هەژار سدیق

. لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی پاشایەتی لەعیراقدا هەموو هاوکێشە ژیانی و ژیاریەکان سەراو ژێربوون. لەسەردەمی کۆماریەوە تا ئێستا، هەرزانترین شت خوێنی عیراقیەکان بووە ، هەر شتێكێش لەم وڵاتە بزربووبێت، دۆزراوەتەوە تەنیا پارەو دراو لەعیراق و کوردستان نادۆزرێتەوە. بەهۆی بوونی زەویەکی زۆری بەپیتی کشتوکاڵی و سامانی ژێر زەوی، دەسەڵاتدارانی عیراق، داهاتێکی یەکجار زۆریان دەستکەوتووە، بەڵام بەهۆی عەقڵیەتی بەدەوی و دەشتەکیانەی قەومی و بەعسیەکان و دەست پیسی و گەندەخۆری زۆرینەی سیاسیەکانی دوای پرۆسەی ئازادی، عیراق هەموو توانا مرۆیی و داهاتە نیشتمانیەکانی خۆی لەدەست دا، کە بەم داهاتە دەمانتوانی وڵاتێکی زۆر پێشکەوتووترو خۆشگوزەران تر لەئەوروپیەکان بنیات بنێین.

بۆیە ژیانی شایستە بەگەلانی عیراق بووە، بەخەونێکی وەدینەهاتوو، خەڵك 73 ساڵە دەکوژرێ و برسی دەکرێت و لەبەرامبەریشدا، بەناو سیاسیەکانی، ڕۆژ بەڕۆژ زەنگین تر دەبن. بودجەی جارانی ناوچەی حوکمی زاتی، کە لەهەولێرو سلێمانی و دهۆك پێکهاتبوو، وەك نمونەیەکی سادەی وونبوونی داهات لەلایەن بەعسیەکانەوە دەهێنمەوە. بودجەی تەرخانکراوی ساڵانە بۆ دەسەڵاتی حوکمی زاتی لەکوردستان، لەساڵی 1977 بریتی بووە لە 60 ملیۆن دیناری عیراقی ،بەڵام بەتەنیا داهاتی ساڵانەی هەردوو کارگەی جگەرەی هەولێرو سلێمانی 80 ملیۆن دیناری عیراقی بووە، جگە لە داهاتی کارگەکانی چیمەنتۆ و کوتاڵ و ڕستن و چنین و دەیان کارگەی دیکەی بەرهەمهێن، واتا ناوچەی حوکمی زاتی تەنیا بەداهاتی دوو کارگە، بودجەی ساڵانەی خۆی بەزیادەوە دابین کردووە.

ئەم نمونەیە، ئێستاش لای حکومەتی هەرێم دووبارە بۆتەوە، بەرمیلی نەوت لەبیست دۆلارەوە تا دووسەد دۆلاریش بڕوات، حکومەت هەر مفلیسەو وەك سواڵکەر دەنوزێتەوە، خەڵك بەردەوام بەرەو هێڵی هەژاری دەڕوات و داهاتی دەسەڵاتدارو حاشیەکەشیان بەردەوام، لەزۆربوون دایە، تەنانەت شوێنی نێشتەجێبوونیشیان لەگەڵ خەڵك جیاوازەو لەهەموو کایەکانی ژیانیشدا، خۆیان لەخەڵك جیاکردۆتەوە. بێگومان داهاتی عیراق، ئەوەندە زۆرە، کە بەشی بەڕێوەبردنی پازدە دەوڵەتی وەکو ئوردن دەکا، بەڵام عەقڵیەتی شۆڤێنی و قەومچی و مەزهەبچی، هەر ئەوەی لێ دەوشێتەوە، کە ئێستا گەلانی عیراقی پێوە گرفتار بووە. .




ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی