پڕۆژەی ئۆڤاکۆ تا بەندەری فاوو کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان

05/06/2021

سەرکەوتی جیهازو بەختیار نامیق

هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی بەریەککەوتنەکان دەکەوێتە چەقی ململانێی ناوچەییەوە کە درێژکراوەی ململانێ گەورەو جیهانیەکانە، خۆ ئەگەر قۆناغی دوای سەدام لەعێراقدا چانسی کورد بۆ حکومڕانی‌و بەشداری لەناوەندا دروستبوبێ ئەوا لەقۆناغی داعشدا جۆرێک لەسەربەخۆی خۆی وەردەگرێ تا ئەو ئاستەی جیاواز لەعێراق وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، دەتوانین بڵێین هەرێم کەوتۆتەسەر هێڵی بەرژەوەندی ئەمریکا لەلایەک‌و ڕوسیاو چین لەلایەکی تر، ئێران لەلایەک‌و تورکیا لەلاکەی تر بەغدادیش بێ هەرێم ناتوانێ لەئێستادا هەناسە بدات ئەگەرچی بەغداد بۆ هەرێم وەک قاچەکانی وایە، لێرەوە ئەگەر بمانەوێ دۆخی گشی هەرێم بخوێنینەوە ئەوا دەبێت لەبازنە گەورەکەوە سەیری هەرێم بکەین، لەئێستادا پڕۆژەی ئۆڤاکۆ یەکێکە لەکارتەکانی وڵاتانی ڕوس‌و ئێران‌و تورکیا (وڵاتانی ڕێککەتننامەی ئەستانە) کە هەرکاتێ بیانەوێ بەکاریدێنن کە بەرژەوەندیان نەما.

پڕۆژەی ئۆڤاکۆو بەندەری فاو ئەو دوو دەروازە جیۆئابوریەن کە بەردەوام قسەی لەسەر دەکرێ خۆ ئەگەر ئەمریکا نەبوایە کە هاوپەیمانی کوردە ئەوا تورکیا دەیویست پڕۆژەی ئۆڤاکۆ بگەیەنێتە موسڵ‌و لەوێشەوە بۆ بەغداد پاشان بیگەنێتە بەندەری فاو، پرۆژەی ئۆڤاکۆ دەروازەیەکە لەنێوان تورکیا عێراقدا ڕێگەیەکە لەسەرەتاوە بە ١٢کم دەستپێدەکات لەتەلعەفەرەوە دێتە عێراق‌و تورکیا بەئەوروپاوە دەبەستێتەوەو قەتەرو کوەیت‌و ئیمارات لەڕێگەی عێراقەوە بەتورکیاو لەوێشەوە بەئەوروپاوە دەبەستێتەوە، وەک بەدیلی نۆکەندی سوێس سەیر دەکرێ‌و لەگەڵ ڕێگای هاتوچۆی بازرگانی هێڵی شەمەندەفەریش لەخۆدەگرێ کە لەمێرسینەوە دەستپێدەکات تادەگاتە کەنداوی عەرەبی‌و وڵاتانی کەنداو .

لەگەڵ ئۆڤاکۆدا بەندەری فاو کە یەکێکە لەگرنگترین بەندەرەکانی جیهان لەئێستادا لەسەر نەخشەی ڕێگەی ئاوریشمی (یەک پشتێن‌و یەک ڕێگا) کاری بۆ دەکرێ تا ببێتە یەکێک لەخاڵە گرنگەکانی ڕێگەی ئاوریشمی‌و کە یەکێک لەڕێگاکانی بەم بەندەرەدا تێدەپەڕێ، لەپلانیاندا هەیە (ڕوس‌و چین‌و ئێران‌و تورکیا) کە بەندەری فاو ببەستنەوە بەڕێگەی ئۆڤاکۆوە .

لەساڵی ٢٠١٧ دوای ڕیفراندۆم‌و سەردانی کازمی بۆ تورکیا زیاتر ئەم پڕۆژەیە هاتەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ جێبەجێکردن لەگەڵ کێشەی شاخی بێخێرو شەنگالدا کە ئەگەر ئەمە بکرایە ئەوا هەرێمی کوردستان پەراوێز دەخرا، چونکە ڕێگەکە دەبوە هۆێ سفرکردنەوەی هەمو دەروازە سنوریەکانی نێوان هەرێم‌و تورکیاو ئەو مامەڵەشی کە ئێران هەیەتی لەدەروازەکانەوە بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە کەم دەبوەوە، شاخی شەنگال‌و پڕۆژەی ئۆڤاکۆو بەندەری فاو ئەو سێ پلانەن کە لەزەرەری کوردی باشورو ڕۆژئاوا دەکرێ، ئەگەرچی داود ئۆغڵۆ وتی: ئەم پڕۆژەیە بەمانای لاوازکردنی هەولێر نایە، بەڵام لەڕاستیدا بۆ خنکاندنی هەرێمە، ئۆڤاکۆو شاخی شنگال ئەو دو ئامانجە بون کە تورکیا بەگڵۆپی سەوزی ئێرانیەوە دەیەوێ هەم هەرێم قەیدبکا‌و هەم پەیوەندی نێوان هەرێم‌و ڕۆژئاوا بپچڕێت‌و لەوێوە پەکەکە لەڕۆژئاوا داببڕێت بەهۆی ئەو هێزە سەربازیەوە کە دادەنرێت بۆ پارێزگاری قافڵەی سەیارەی بازرگانی، بەڵام بەهۆی هەوڵی ئەمریکا‌و بەتایبەت ماکگۆرک ئەم پڕۆژەیە وەستا وەک دۆستێکی ڕۆژئاواو باشوری کورستان .

ئەوکاتەی ئەمریکا گەمارۆی ئابوری خستەسەر ئێران‌و تورکیا، ئەم دوو وڵاتە زیاتر پێویستیان بەهەرێم هەبوو هەم وەک بازرگانی هەم وەک غازو نەوت بەتایبەت تورکیا هەربۆیە ئەوانیش دوای ڕێفراندۆم بەناچاری هاتنەوەسەر سفرەی هەرێم‌و پەیوەندیەکانیان لەسەر بناغەی بەرژەوەندیان گرێدایەوە .

هەر بەم پێودانگە ئەگەر ئەمریکا لەیەکێک لەوێستگەی بەرژەوەندیەکانیدا لەگەڵ تورکیاو چین ڕێکبکەوێ ئەگەری ئەوە هەیە ئەم کارتە بفرۆشێ، ئەگەرچی لەئێستادا پلانەکە وەستاوە، بەڵام ئەگەر لەیەکێک لحاڵەتی گۆڕانکاری لەڕوداوەکاندا ئەگەری هەیە ببێتە مەترسی بۆ سەر هەرێم.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی