حیکمەت یان بەختی سیاسی

08/06/2021

زانا تۆفیق بەگ

حیکمەت بریتیە لە ڕۆحێکی یاخی شوڕشگێڕانە لە ناو زھنێتی ئەو کەسانەی کە عەوداڵی فێربوون و بیرکردنەوەن لە بوارەکانی فەلسەفەی ژیان و فەزیلێتدا ، ئەم بوارە بۆ مرۆڤ کارێکی ماندووکەرو تاقەت پڕۆکێنە لە ناو ئەو کۆمەڵگایانەی کە ڕێز لە خەڵکانی خاوەن حیکمەت و ژیری و تێگەیشتن  ناگرن، بە داخەوە کورد بەشێکە لەو بوونەوەرەی جیھان کە ناتوانێ نرخ و بەھایەکی گەورە بۆ ئەو کەسانەی خۆی دابنێ کە لە بوارەکانی ھوشیاری سیاسی و ئەدەبی و فەلسەفەدا توانایەکی گەورەو جێگا پەنجەیان دیارە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا.
ئایا  حیکمەت و بەخت چ ڕۆڵێک دەبینێت لە ناو پرۆسەی سیاسی و حیزبی کوردیدا؟


پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمدا  بەتایبەتی حیزبی سیاسی ھەوڵی دروستکردنی خەڵکانی دەبەنگ و گەلحۆی سیاسی دەدات،   نەک کەڵک وەرگرتن لە کەسانی خاوەن بیریارو کەفائەتی فکری چونکە بوونی کەسانی ڕۆشنفکر خاوەن فەزیڵەت و حیکمەت   بۆ سیستەمێکی سیاسی بێ بنەما ترسناکە، ھەمیشە  لەناو سیستەمێکی بێ مۆڕاڵ و بێ فەلسەفەی سیاسی لە جیاتی ئەوەی تواناکانی مرۆڤی خاوەن حیکمەت و ژیر. بەرپرسیاریەتی سەرەکی وەرگرن لە دام دەزگا سیاسیەکان و دەزگای بەڕێوەبردندا  بە پێچەوانەوە بەختی سیاسی دەبێتە کردنەوەی دەرگای گەیشتن بە ھەموو پلەو دەسەڵاتەکانی سیستەمی سیاسی و حیزبی  . ھەمیشە حیزبی سیاسی و دەسەڵات ھەوڵی ئەوە دەدات کە ئەتکی خەڵکانی خاوەن حیکمەت و خاوەن مەھاراتی سیاسی بکات.


 کورد و عەقڵێتی سیاسی بەردەوام کار لەسەر بوونی کەسانی بێ توانا و بێکەڵک لەڕووی فەلسەفەی سیاسی و نەشارەزا لە بواری بیرۆکراتێتی بەڕیوەبردندا دەدات پرۆسەی پەروەردەی سیاسی لە کوردستاندا ئیفلیج دەکا .


 باشترین نمونەن بۆ کوشتنی ڕوحی ڕەخنەیی لەناو دەزگاکانی سیاسیدا  حیزبە یان ئۆرگانەکانی فۆڕمی سیاسیە لە کوردستاندا،  گرنگی لای حیزبی کوردی بۆ بەردەوامبوونی لە دەسەڵاتدا  بریتیە لە بەکارھێنانی بەختی سیاسی بۆ وەرگرتنی پلەو پۆست نەک حیکمەت و خەڵکانی خاوەن توانای فکری. . 
 حیزبی کوردی و دەسەڵات،  دژی بە سیستەمکردنی ناوەندەکانی خۆیەتی بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە خاوەنی کەفائەتی زاتی و ڕۆشنبیرین بە دەرەجەی ئیمتیاز لە ناو بۆتەی دروستکردنی ململانیەی سیاسیەکان دا نغرویان کات ، ھیچ رۆڵێکی میحوەریان پێ نەدات بەتایبەتی لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا.

دەسەڵات  لە کوردستاندا ھەمیشە کار بە پێوەرەکانی بەختی سیاسی دەکات بۆ کەسانی حیزبی ئەم پێوەرە   ناوەندەکانی حیزبی کوردی کردۆتە  ناوەندێکی گەندەڵی  بێ بەرنامەی سیاسی لەم کێبڕکیە دا لەنێوان حیکمەت  و بەختی سیاسیدا، ھە میشە حیکمەت وەک خاوەن دیدگای زانستی و واقیعی وە خوێندنەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان لە ڕووی مەنھەجیەوە بۆ کۆمەڵگاو دەسەڵاتی سیاسی دەبێتە قوربانی بەختی سیاسی ، چونکە کێڵگەی بەرھەم ھێنانی ھێزی سیاسی لە کوردستاندا، پێویستیان بە کەسایەتی خاوەن سوتفەی سیاسی زیاترە نەک خەڵکانی خاوەن کەفائەتی زانستی و سیاسی ھەر لەم ڕوانگەیەوە دەبینین ڕۆژانە ئەو کارێکتەرە حیزبیانەی ناو حیزبی کوردی کە خاوەنی فکرو بەھای مەعریفین  ڕۆژلەدوای رۆژ لە پاشەکشەدان وە بڕوایان بە کاری سیاسی لە ھەرێمدا لاوازەدەبێت  تا ئەندازەی بێ ھیوای بۆ کاری سیاسی لەناو فۆڕمێکی حیزبیدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی