هاوڕێم عەبدولرەزاق فەیلی

09/06/2021

عیماد ئەحمەد


ئەو لە ئاسمانێك ئەچوو 
بەردەوام بارانی وەفا و ئەمەكی لێ ببارێت
روبارێك بوو 
هەمیشە تینوێتی گەرمەسێری ئەشكاند و ئاوی سازگاری ئەپڕژاندە سەرلێوی هەڵقرچاوی ئەنفالكراوان!
هاوڕێیەتی عەبدولرەزاق
دەرگایەكی هەبوو کردنەوەی ئاسان بوو، بەڵام داخستنی گران و ئەستەم بوو 

ئەو لە كۆڕی دۆستان
دەمولەبزی گەزۆی پێكەنین و 
هاتنەكەی شیلەی خۆشەوێستی بوو!
ئەو لەكوێی مەجلیس بوایە،
هەنگی رێز و تەقدیر، بەسەر شان و ملی ئەوەوە ئەنیشتنەوە!
ئەو رووبارێک بوو، هەموو جۆگەلەکانی بۆ باوەشی خۆی رادەکێشا
ئەو رێبوار و تێكۆشەر و دامەزرێنەری سادەی یەکێتی بوو
هەڵپە هەڵپی کورسی و مەراقی خۆدەرخستن و  دانیشتنی سەروی خەڵك و پێشەوەی نەبوو 
ئاخر ئەو لەكوێ بوایە مەعناو مەغزای بەشوێن و كورسی ئەدا
ئەو لە كەنزی قەناعەت ئەچوو
دەست لە گەنجینەی پڕی باوك و باپیرانی بۆ کورد و یەکێتی هەڵگرت!
 ئەو سێكوچكەی چەوسانەوە و غەدر و دەربەدەری بوو
هەم كورد، هەم شیعە ،هەم فەیلی بوو

رەزاق فەیلی 
یەكێك لەدەروێشەكانی جەفاو وەفای رۆژگارە سەختەكانی یەكێتی بوو
هاورێیەکی دانسقەی هه‌مووان بوو
وەکوو مروارییەک لە هەموو دەریایەکدا نەبوو
ئەستێرەیەکی جیاواز بوو، لە هەموو ئاسمانێکدا پەیدا نەدەبوو

 عەموو گیان ...وەكو چۆن بەهێمنی ژیای، بەهێمنی خەباتت كرد، ئاواش بەهێمنی لە یادویادەوری ئێمەدا بۆ هەمیشە زیندوی