كوردو ئەمریكا، لەئەفغانستانەوە بۆ عێراق

12/07/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەمریكا لەئەفغانستان كشایەوەو ئەو وڵاتەی بۆ تاڵیبان بەجێهێشت، ئەم ڕوداوە هەروا شتێكی ئاسایی‌و لەخۆڕانییە، ئەم پرسە پێش هەر بابەتێكی دیكە پرسیاری ئەوە دێنێتە گۆڕێ ئایا ئەمریكا پڕۆژەی كشانەوەی تەنها لەئەفغانستان هەیە یان لەعێراق‌و سوریا «خۆرئاوای كوردستان»یش دەكشێتەوە؟

ئەگەر ئەمریكا ئەم ویستەی بۆ كشانەوە لەخۆرئاوای كوردستان‌و عێراقیش هەبێت، ئەوا ڕەنگە ناوچەكە لەئایندەیەكی نزیكداو لەغیابی ئەمریكادا ببێتە گەورەترین مەیدانی پێكدادانەكان‌و دەركەوتنی گروپە تیرۆریستی‌و ڕادیكاڵەكان، كشانەوەی ئەمریكا جگەلەوەی شكستێكی ئەمریكایە كە نەیتوانیوە سیستمی سیاسی وڵاتان بگۆڕێت، هاوكات جێهێشتنی خۆرئاوای كوردستان‌و عێراقە بۆ دوو وڵاتی نەیاریش كە لەخۆرئاوای كوردستان ڕوسیایەو لەعێراقیش ئێرانە.

لەئەگەری جێبەجێكردنی ئەم نەخشەیە، دەبێت كورد لەهەردوو بەشی باشووری كوردستان‌و خۆرئاوای كوردستانیشدا لەئێستاوە خۆیان بۆ قۆناغێكی لەمشێوەیە ئامادەبكەن‌و هەموو ڕێگە دیبلۆماسی‌و سەربازیی‌و سیاسی‌و ئەمنییەكانیان بەجیهانی دەرەوە بەهێزتر بكەن.

لەڕاستیدا كاتێك دۆناڵد ترەمپ لەمانگی نۆی ساڵی 2019 بڕیاریدا هێزەكانی لەخۆرئاوای كوردستان بكشێنێتەوە، ئەوكات «ساڵح موسلیم» ڕایگەیاند، ئەوان داوایان لەئەمریكا نەكردووە بێنە خۆرئاوای كوردستان‌و بیانپارێزن تاكو بەڕۆشتنیان بڕوخێن، ئەم بۆچونە نیشانەی ئامادەكاریی‌و دڵنیایی پەیەدەو خۆسەری خۆرئاوا بوو بۆ هەر ئەگەرێك كە ئەمریكا لەخۆرئاوای كوردستان بكشێتەوەو ئەو وڵاتە جێبهێڵێت‌و كوردەكان بخاتە بەردەم جەنگێكی تاقەت پڕوكێن لەگەڵ تیرۆریستان‌و ڕژێمی سوریاو توركیاشدا.

لەهەرێمی كوردستان نەك پڕۆژەیەك نییە بۆ دڵنیایی كورد لەئەگەری كشانەوەی ئەمریكا لەعێراق، بەڵكو لەهەولێرەوە دەنگێك هەیە داوا لەئەمریكا دەكات فڕۆكەخانەكان چۆڵبكەن، چونكە پێیانوایە ئەمریكا هۆكاری هێرشەكانی سەر هەولێرو فڕۆكەخانەی هەولێرە، بۆیە وێناكە وەها دێتەوە زیهنمان كە كوردەكان لەعێراق زەرەرمەند دەبن ئەگەر لەگەڵ هەر پڕۆژەیەكی هێزە سیاسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بن بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق.

لەماوەكانی ڕابردوودا «جینین بلاسخارت» نێردەی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق، لەهەرێمی كوردستانەوە پەیامی ئەوەی بەسەركردایەتی كورددا كە «واتێنەگەن ئەم ئۆتۆنۆمییە وەك خۆی بەدڵنیایی دەمێنێتەوە»، ئەم قسەیەی بلاسخارت ئەگەر تەنها زەنگێكی هوشیاركردنەوە بێت، ئەوا هیچ دورنییە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق مەترسییەكانی سەر ئەم هەرێمە زیاد بكات‌و پێشیان بخات، كوردیش چەندە بەجددی ئەم هەڕەشەیەی وەرگرتبێت هێشتا كەمە.

باشترین كارێك سەركردایەتی كورد لەهەرێمی كوردستان ئەنجامی بدەن ئەوەیە، یەكڕیزو یەكدەنگبن‌و پڕۆژەی خۆیان هەبێت بۆ عێراقی دوای ئەمریكا، دەبێت كوردەكان لەئێستاوە هەنگاوی ئەوە بۆ زەمەنێك بهاوێژن كە ئەمریكا عیراق بەجێدەهێڵێت.

لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەئەفغانستان، ئێستا مەترسی ئەوە لەئارادایە ئەمریكا لەعێراقیش بكشێتەوەو وڵات بكەوێتە دەست هەندێك هێزو میلیشیای بێ ناسنامە‌و دەرفەت بڕەخسێنێت هەندێك گروپی تیرۆریستی نوێ لەعێراق دەربكەوێت، بۆیە مادام ئەگەرەكان كراوەن، پێویستە كورد هۆشیارانەو لێزانانە لەم یارییەدا بجوڵێتەوەو كەشكۆڵی خۆی كۆبكاتەوە بۆ ئەوكاتەی ئەمریكا عیراق بەجێدەهێڵێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە