پاش تاڵیبان، کێی تر تۆبە دەکا ؟

12/07/2021

هەژار سدیق


ئەگەر ڕژێمەکانی بەعس و تاڵیبان، گەمژەو لاسار نەبوونایە، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئەم دوو وڵاتەیان ڕزگار نەدەکرد.
ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دوو مەبەستیان هەبوو، لەم پرۆسەیەدا، یەکەم کۆتاییهێنان بوو بەهەڕەشەی ئەم دوو ڕژێمە ملهوڕو مەزهەبیە، دووەمیش، گەلانی ئەم دوو وڵاتە، لەسایەی ئەم گۆڕینەدا پشووێك بدەن و وەکو مرۆڤ بژین.
بەڵام بەناو سیاسیەکانی عیراق و ئەفغانستان، بەکوردستانەکەشیەوە، حەیاو حورمەتی ئەمریکاو هاوپەیمانانیشیان بردو شکۆی دیموکراسی و هێزە زەبر وەشێنەکانیانیشیان شکاندن.
سیاسیەکانی هەردوو وڵات، لەهەموو کەتن و کەڵەگاییەکانیان وێك دەچن و لەیەك ڕەگەزی گەندەخۆریەوە هاتوون، دوای پێشکەشکردنی هەزاران پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ملیارەها دۆلارو ڕاهێنانی سوپاو پۆلیس و پڕچەککردنیان، هێشتا ناتوانن، بەرەنگاری دوو میلیشیای  وەکو داعش و تاڵیبان ببنەوە، لەهەمان کاتیشدا، ناتوانن سۆزو پشتیوانی میللەتەکانیشیان بۆ خۆیان پاوان بکەن.
بناغەی عەقڵی بەناو سیاسیە دیندارو مەزهەبچی و قەومچیەکانی عیراق و کوردستان و ئەفغانستان، هیچ پەیوەندیەکیان بەلۆژیکی دەوڵەتداری و نیشتمانپەروەریەوە نیە، چونکە عەقڵی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی،  چۆن قبولی ئەوە دەکا، لەسەر حیسابی سەروەت و سامانی بەتاڵانبراو و هاوکاری نێودەوڵەتی، کوڕو کچی سیاسیە ڕیشدارو بێ ڕیشەکانی عیراق و کوردستان و ئەفغانستان، لەئەمریکاو بەریتانیا، خاوەنی کۆشك و تەلارو ئەو جۆرە ئوتۆمبێلانە بن، کەبەدرێژایی مێژووی ئەمریکاو ئەوروپا، هیچ سەرۆکێکی ئەم وڵاتانە، ئەم جۆرە تەلارو ئۆتۆمبێلانەیان نەبووە.
حكومەتەکانی ئەمریکاو ئەوروپا، بەم هەموو گەورەیی و عەزەمەتەی خۆیانەوە، سەرۆك و سەرۆك وەزیر فەرمانبەری پلە یەکن، ناتوانن پارەی ساندویچێك بە حەرامی ببەن، بەڵام لەعیراق و ئەفغانستان، سیاسیەکان، جگە لەپارەی هاوکاری و سواڵکردن، سەرخان و ژێرخانیشیان بۆ خۆیان و منداڵەکانیان بردووە.
ئەوا بینیمان تاڵیبان تۆبەی کردوو، دەگەڕێتەوە ئەفغانستان، سەبارەت بەڕەوشی عیراق و کوردستانیش، بەس خوداو ئەمریکا دەزانن، داعش تۆبەی کردووە، یان بەدیلێکی تر بەڕێوەیە، بۆ تەسریح کردن و خانەنشینکردنی سیاسیە زەنگینە گەندەخۆرەکانی دۆڵی ڕافیدێن ؟
سیاسی عاقڵ ئەوەیە، زوو تۆبە بکا.
( السلام علی من اتبع الهدی )
.
هەژار سدیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی