بەبیانوی باسکردنی مەزڵومییەتی ئاڵا، زوڵم کردن لە گۆڕان!

12/07/2021

عەدنان عوسمان

چەند بەڕێزێک بەناوی ' تێکۆشەرانی دێرینی ئاڵای شۆڕش' کە نازانرێت ئەمە گروپە یا کەسە یا رێکخراو، لە وەڵامی ئەوەی ئاڵای شۆڕش خەنجەری ژەهراوی نەبوە، هیچ درێغیان نەکردوە لە زوڵمکردن و هێرش کردنە سەر گۆڕان و دامەزرێنەرەکەی.
من وەک ئەندامێکی دێرینی ئاڵای شۆڕش، کە مایەی شانازیمە، ئەو بەرگریەی ئەو تێکۆشەرانەم لەسەر ئاڵا قبوڵەو ئێمەو مانانیش هەر بەو مەبەست و نیازە بەشدار بوین لەو جوڵانەوەیەدا. بەڵام ئەو هێرشە ناڕەواو بێپاساوەیان بۆسەر گۆڕان، دوبارەکردنەوەی هەمان نەفەس و عەقڵییەتی ناشرینکردنی ئاڵایە.
بەکورتی ئەمەوێ بڵێم:

یەکەم: نازانم ئەم بەڕێزانە چۆن مافیان بە خۆیان داوە بەناوی هەمو تێکۆشەرانەوە قسە بکەن؟ لانی کەم ئەبوایە یا ئاماژەیان بەناوی خۆیان بدایە وەیا بنوسرایە بەشێک لە تێکۆشەران.
دوەم: من وەک هەڵسوڕاوێکی بەشداربوو لە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان و پاش نزیک بە دە ساڵ کارکردن تیایدا کە مایەی شانازیمە، سەرتاپای ئەو بوختانەی ئەو بەڕێزانە رەد ئەکەمەوەو پێم وایە گۆڕان، لانی کەم تا پێش مەرگی کاک نەوشیروان، جوڵانەوەیەکی سیاسی ئیسڵاحی کاریگەر و خاوەن دیدگا بوە. ئێستا لە چ پێگەو بەرەیەکە ئەوە پەیوەندی بە منەوە نیە.

سێیەم: تەمەنی ئاڵای شۆڕش لە ۱۹۹۲ کۆتایی پێ دێت. گۆڕان لە ۲٠٠۹ دروست ئەبێت بە بەشداری سەدان سەرکردەو کەسایەتی ناسراوی کۆنە ئاڵای شۆڕش و خەڵکی تر. سەیرە لە ئێستادا بەناوی رێکخراوێکەوە کە نزیک بە سی ساڵە کۆتایی هاتوە، بڕیاری سیاسی لەسەر جوڵانەوەیەکی تازە بدەیت، بەبێ هیچ رێزگرتنێک لە هەستی ئەو سەدەها ئاڵای شۆڕشەی بەهەمان نییەتی جارانەوە بەشداریان لەم بزوتنەوەیەش کرد.
دواجار ئەڵێم نە ئاڵا خەنجەری ژەهراوی بوو، نە گۆڕانیش بۆ لوشین و کەرتکردنی یەکێتی دروست بوو. ئەم جۆرە ئەحکامانە یەک سەرچاوەیان هەیە کە بڕوانەبونە بە بیروڕاو دیدگای جیاواز.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی