دۆخی یەکێتیی و کۆمەڵگەی کوردیی لەئێستادا

14/07/2021

ئەحمەد دەروێش

نزیکەی هەفتەیەکە ئاشی هەژموونگەرایی و تاکڕەویی ‌٫ ئاشی خەوبینین بەلوتکەی دەسەڵاتی بێهاوبەش و بێڕکابەر لەنێو یەکێتیدا وەگەڕکەوتووە و بازاڕێکی گەرمی هەیە و جمەی دێت ۰
    بەرداشەکان هێندە ئەکتیڤ و تیژن ٫ پێش هەموان رۆحی بەهەشتییانە و  ئێسک و پروسکی شەهیدەکانی دەهاڕێ ٫ ئینجا جەماوەرە رۆح سپییەکەی و هەموو ئەوانەش کەخەونی ئازادیی و دێموکراسییان هەیە ۰
بێگومان ؛ کورد پاشخانێکی دێموکراسیی نییە بەڵکو پاشخانە کلتوورییەکەی بریتییەلە سڕینەوەی یەکدیی و ئەقڵیەتی خێڵگەرایی " ئەمە بۆهەموو حزبەکان راستە " بەدیندار و بێدینی و لەراستەوە بۆ چەپی ٫ بەڵام قسەکە لەسەر ئەوەیە ؛ بۆچی کورد هەمیشە ئەمڕۆی لەدوێنێ خراپتر و سبەینێی لەئەمڕۆ خراپترە ؟ خەریکە دەبێتە مەتەڵ و هەڵنایە ۰
بۆدەبێ نۆبەرەی یەکەم هەڵبژاردنی ۱۹۹۲ لەپەرلەمانی ئێستا بەویقاڕتر و ئەکتیڤتربێت ؟
بۆدەبێ یەکێتی سەردەمی شاخ لەمەی ئێستا جوانتر و بەدیسپلینتر بێت ؟  کەپشکی شێری هەبووە لەدروستکردنی روودا و و هەروەها دنیابینیی تایبەت بەخۆی هەبووە و هەمیشە ویستویەتی خۆی بێت ۰

مام جلال و کاک نەوشیروان لەدوو دەیەی رابردوودا تادەهات جیاوازیی و ناکۆکییەکانیان روو لەهەڵکشان بوو ٫ لەئاستی مەڵبەند و تاسەرکردایەتی واژۆ لەسەر مام جلال کۆکرایەوە کەدەستبەرداری پۆستی یەکێتی بێت ٫ لەبەرانبەردا مام پەنای نەبردەبەر جوڵاندنی هێز و سڕینەوەی رکابەرەکەی ٫ بەڵکو گوتی باکۆنگرە بڕیاری خۆی لەسەر من و کاک نەوشیروان بدات ٫ سەرەنجام مام زۆرینەی مەڵبەندەکانی برد ٫ ئیتر کاک نەوشیروان دوای ماوەیەک بەبێ کێشە و لولەی تفەنگ ٫ یەکێتی جێهێشت و پاشان لیستی دروستکرد و بیست و پێنج کورسی هێنا ۰
هاوسەرۆکان و کوڕانی مام ؛ لەپاکۆکردن و چارەسەری کێشەکان ٫ لەکێبڕکێ و ململانێکان ٫ بۆچی رێچکەی مام ناگرن ؟ چما ئێوە پەیڕەوی نێوخۆیی حزبتان نییە کەببێتە دەستوور بۆکاری رێکخراوەیی و چارەسەری کێشەکان ؟

 سەرۆکی حزبەکان رێز لەئەندام و کادر و هەوادارانیان ناگرن ٫ تەنیا بۆدەنگدان و سوڵتانییەتی خۆیان دیانەوێن بۆیە هەموانیان خەڵتانی نائومێدیی کردووە ۰ لەدۆخی ئێستای یەکێتیدا ٫ دەبوایە لەهەوادارەوە تا دەگات بەو لەشکرە  ۱۲٤ ئەندامییەی سەرکردایەتیی فشاری نارەزایەتیی و خۆپیشاندان بخەنە سەر لایەنە ناکۆکەکان و ناچارکردنیان بەگفتوگۆ و چارەسەری ئاریشەکان بەپێی دەستوری حزب  
کەچی کەسیان فزەیان لێوەنایەت ٫ گەر ئەمە بۆیەکێتی راست بێت ٫ ئەوە بۆحزبەکانی دیکە دەیانجار راستترە ۰ 
       هەموو ئەوانەی سەرەوە پێمان دەڵێن ؛ کورد کێشەی بەگەلبوونی هەیە ٫ کێشەی یەکێتیی نەتەوەیی هەیە ٫ پێماندەڵێ ؛ ناسیۆنالیزمی کوردی تائێستاش دەڵەمەیە و ئاماژەکانی ژیانی حزبایەتی و حوکمڕانی لەپاشەکشێیەکی مەترسیداردایە ٫ تادێت حکومەت و حزبەگەورەکان ٫ خەمی گەورە و قەیران لەدوای قەیران بۆ خەڵک سەربار دەکەن ٫ تادێت ماکینەی بەرهەمهێنانی نائومێدی وەگوڕتر دەخەن ۰
 دەتوانین بڵێیین ؛ ئەوەی دوژمنانی کورد لەمەڕ بەرهەمێنانی نائومێدیی و لاوازکردنی کەسێتیی تاکی کورد پێینەکرا ٫ حزبەکان و حکومەتی تاڵانچی هەرێم بەخەڵکی کرد ۰ 
لەسۆنگەی پاشخانی کەلتووریی و داهێنانی نەریتی زمانشڕیی و جنێودان ٫ تەواوی حزبەکان لەیەکدەچن ٫ بەنمونە لەوتارێک و رایەکی جیاوازدا سەیری کۆمێنتی ئەندام و هەوادارانی حزبەکان بکە بەئیسلامیی و نائیسلامی  بەچەپ و راستەوە کەچۆن بەسەریەکدیدا دەڕشێنەوە و جنێودەدەن !
رێک باری سایکۆلۆژیی و پەروەردە و کەسێتیی راستەقینەی تاکەکان نیشان دەدات  وەکئەوەی لەواقیعدا هەن ٫ هەمووی گوزارشتە لەتوند و تیژیی و یەکترسڕینەوە و کافرکردن و بەشەیتانی کردنی یەکدی ۰


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی