زەنگەکەی موقتەدا سەدر

15/07/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

کشانەوەی موقتەدا سەدری سەرۆکی ڕەوتی سه‌در لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ تەواوی عێراقییەکان، ئەم زەنگە هەمان زەنگی ئەمریکییەکانە کە پێماندەڵێت گۆڕانکاری لەعێراقدا کارێکی ئەستەم‌و نەکردەیە.

ئەگەر دۆخی عێراق جارێک بۆ سوننەو کورد جێی نائومێدی بێت، ئەوا زەنگەکەی سەدر چەندانجار نائومێدی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. سەدرو هێزێکی شیعی لەم بارودۆخەدا هیچیان پێنەکرێت‌و نائومێدبن لەعێراق، دەبێت ئەوانی دیکەی دەرەوەی شیعە بتوانن چی هەنگاوێک لەم دۆخەدا بهاوێژن‌و گۆڕانکاری بکەن؟!

سەرەڕای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن وەڵامی سەدری داوەتەوە کە دەرگای کشانەوە داخراوە، بەڵام هەڵکردنی ئاڵای سپی لەلایەن موقتەدا سەدرو کشانەوەی (حەسەن کەعبی)، چۆک دادانی سەدرو ڕەوتەکەیەتی لەبەردەم واقیعی عێراقدا کە بەسەدرو هیچ ڕێبەرێکی پیرۆزو کاریزماو هێزێکی باڵا لەعێراقدا چاک نابێت.

هەموو ئەو دۆخە شێواوەی ئەمڕۆ لەعێراقدا دەیبینین، سەلمێنەری ئەو واقیعەیە کە عێراق بەکۆمەڵێک کۆت‌و بەندی مێژویی شەتەک دراوەو هیچ هەزەو جوڵەیەکی سیاسی عێراق لەسکەی مێژوویی دەرناکات‌و لەسەر هەمان خولگەو لەناو هەمان بازنەی مێژوییدا خول دەخوات.

بەدیوێکی دیکەدا، هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەرنییە بۆ دۆخێکی شێواوی پڕ قەیرانی وەک عێراق بەپێچەوانەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە عێراق زیاتر نزیکدەکاتەوە لەکێشەو قەیرانی گەورەتر، بەمانایەکی دیکەش، عێراق کێشەی هەڵبژاردنی نییە، بەڵکو کێشەی کارکردنی هەیە بەدەرئەنجامەکانی پرۆسەیەکی دیموکراسی وەک هەڵبژاردن، هێزە عێراقیەکان بڕوایان بەخودی پرۆسەی دیموکراسی نییە، چ جای ئەوەی بڕوایان بەهەڵبژاردن‌و دەرئەنجامەکانی بێت.

تەنها یەک شت ماوە عێراقییەکان تاقی بکەنەوە، ئەویش "ڕیفۆرم"ە، عێراق هەموو شتێکی تاقیکردەوە یان پێی تاقی کرایەوە!، بەڵام بۆ جارێکیش ئەم وڵاتە ڕیفۆرمێکی سیاسی‌و دینی‌و ئابووری‌و ئەمنی ...هتد تاقینەکردەوە تاکو بتوانێت هەنگاوێک لەو کێشانە دوربکەوێتەوە کە بەرهەمی بابەتە سیاسی‌و دینی‌و ئابووری‌و ئەمنییەکەی عێراقە.

کەڵەکەبونی کێشەکانی عێراق لەسەر یەکتر، ئەوەندە قەبارەیان گەورە بوە، هیچ هێزێکی وەک هەڵبژاردن‌و جێگۆڕکێی کاربەدەستە (سیاسی‌و ئەمنی‌و ئابووری‌و تەندروستییەکان)و هەڵبژاردنی پێشوەختەو گۆڕینی سیستمی سیاسی‌و هاوردەکردنی ئەزموونی بیانی بۆ ناوخۆی وڵات، ناتوانن ئەم دۆخە شێواوو پڕ قەیرانە چاکبکەن.

پەیامەکەی موقتەدا سەدر ترس نییە لەدەرئەنجامی هەڵبژاردن، بەڵکو نائومێدبونە لەدۆخی ناوخۆیی عێراق کە هەڵبژاردن ناتوانێت باشی بکات‌و عێراق بەرەو پێشەوە بەرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی