میدیای کوردی بۆ وادەکات؟

17/07/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

 شەوی هەینی ۱٦ ــ ۷ ــ ۲۰۲۱، بەو هۆیەی کە گوایە برێت ماکگۆرگ دێتە هەرێمی کوردستان، میدیاکانی باشووری کوردستان کەوتبوونە هەڵەیەکی کوشندەی ئەخلاقیی ڕاگەیاندنەوە لەژێر ناوی "سەرچاوەی زانیاری"و "زانیاری باوەڕ پێکراو"، دواجار دەرکەوت کە هەموویان لەخۆوە قسەیان کردووەو هیچ میدیایەک سەرچاوەی زانیاری دەقیقی لەبەردەست نەبووە، ئەگینا هاتنی ماکگۆرگ شاردنەوەی سەرچاوەی زانیاری ناوێت.

لەگەڵ دوو هاوڕێی زۆر نزیکم لەبەغدا قسەم کرد، ئایا ماکگۆرگ دێتە هەرێمی کوردستان؟ یەکێک لەهاوڕێکانم وتی ئێستا تێلەفۆنێک دەکەم و وەڵامی ڕاستت بۆ وەردەگرمەوە، دوای چەند دەقیقەیەک هاوڕێکەم وتی : ماکگۆرگ نایەتە هەرێمی کوردستان، ڕەنگە بچێتە سعودیە و لەوێوە بگەڕێتەوە ئەمریکا.

یەکێکی دیکە لە هاوڕێکانم لەهەرێمی کوردستان پێیڕاگەیاندم بۆ ئەوەی چاوی میدیای لێ دووربێت، شەوی هەینی ماکگۆرگ لەهاوینەهەواری دوکان چاوی بە بەرپرسانی هەرێم کەوتووە.

ماکگۆرگ هاتبێتە هەرێم یاخود نا، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە میدیای کوردی لاوازە و بەئاسانی بەناوی سەرچاوەی تایبەتی خۆیان و زانیاری دزە پێکراوەوە قسە دەکەن و شتگەلێکی بێ بنەما دەهۆننەوە و پەخشی دەکەن بۆ وەرگرێکی کەم زانیاری و ئەو وەرگرەیش بڕوا دەکات.

لەڕاستیدا هاتنەکەی ماکگۆرگ پەیوەندی بە زۆر پرسی عێراق و هەرێمەوە نییە وەک میدیا کوردییەکان "وەک موویەک لەناو ماست دەریبهێنن" ئاوها هاتنەکەی ماکگۆرگیان شرۆڤە دەکردو دەیانبەستەوە بەکێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و سلێمانی، میدیا کوردییەکان زیاتر لەپێویست دەچوونەناو شیکاری مەبەستی سەردانەکەی ماکگۆرگەوە کە ڕەنگە ئەو زۆر وردەکارییە بەدەزگایەکی ئەمنیش نەکرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە، لەڕوانگەی ئەو هەموو هەواڵ و ڕاپۆرتانەوە کە میدیای کوردی لەسەر سەردانەکەی ماکگۆرگ بۆ هەرێم بڵاویانکردۆتەوە، ئەوەمان بۆ دەرکەوت، میدیاکانی باشوور پەیوەندییەکی لاوازو خراپیان لەگەڵ بەرپرسان و دەزگا تایبەتەکانی عێراق هەیە، چونکە تەنها یەک میدیای کوردی چ لەهەرێم و چ لەڕێگەی پەیامنێرەکانیانەوە لەبەغدا، نەیانتوانی یەک وێنەی ماکگۆرگ پەیدا بکەن کە دوای سەردانەکەی عێراق، ماکگۆرگ دەچێتە کوێ. میدیای کوردی بۆ وادەکات؟ بەڕاستی هەموو ئەوەی لەمیدیای کوردیدا دەبینرێت جگە لە: یەکەم ــ نەبوونی بنەمایەکی ئەخلاقی کاری ڕاگەیاندن و وردی لەزانیاری، هیچی تر نەبوو. دووەم ــ میدیای کوردی گرنگی بەخوێنەر نادات و بەلایەوە گرنگ نییە چی دەبەخشێتە خوێنەرەکانی. سێیەم ــ لێپرسینەوە لەمیدیاکان نییەو بەپێی پێویست نییە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە