زمانی تەختەیی، سیاسەت و گەنج لە دوو دۆڵی جیاوازدا

06/09/2021

چۆلی ئەسعەد

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بوون بە وێستگەی تەنز و گاڵتەکردن بە سیاسەت بۆ گەنجان، کە گەنجانی نەک تەنیا کۆمەڵی ئێمە، بەڵکو هەموو جیهان بە شێوەیەکی گشتی هەمان هەڵوێستیان هەیە، جگە لەوەی کە تۆڕە  کۆمەڵایەتییەکان و بەکارهێنەرە گەنجەکانیان لەم سەردەمەدا تووشی دابڕانێکی کۆمەڵایەتی بوون لەگەڵ نەوەی پێش خۆیان، بەتایبەت ئەو نەوەیەی هەمان خێرایی نییە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.
لە سەردەمی بەلشەویدا (یەکێتی سۆڤیەت)، زاراوەی زمانی تەختەیی (Wooden language) دەرکەوت، کە فەرەنسییەکان بەسەر گوتاری سیاسی میدیای سۆڤیەتییاندا سەپاندبوو، وەک گوزارشتێک لە چەقبەستوویی سیاسی و میدیای کۆمۆنیستیدا. بەزمانی فەرەنسی (langue de bois) زمانی تەختەیی، بە واتای زمانێکی بێ هەست و سۆز دێت، هەمان ستراتیژی دیماگۆجیەتی هەبوو، کە ستراتیژی رازیکردنی ئەوانیتر بوو بە ترساندن بیرکردنەوەی پێشوەختەی خۆیان.

وەک جۆرج ئۆریۆل لە نووسینێکیدا ئاماژەی پێداوە، کە زمان و زاراوەکان بەهۆی داڕوخانی بیرکردنەوەوە شێواون و کاریگەری خراپیشیان لەسەر سیاسەت دروستکردووە و گوزارشت و فۆرمی زمانیی ئامادەکراوی مەبەستدار بۆ بارودۆخی نەخوازراو و واقعی تاڵ بەکاردەهێنن، ئەو زمانە تەختەییە، زاراوەی بێ رۆحن و گیانیان لەبەردا نییە بۆیە بە تەختە ناودەبرێن و دەشێت بسوتێنرێن.
ئەم فۆرمی سیاسەتکردنەی هەیە، گەنجانی هەڵوەدای جیهانی خەیاڵی و گریمانەیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، ئەو جیهانەی گرفتە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ئیتیکییەکانی کەم نین، بەڵام رەنگە بۆ گەنجان جێگرەوەی سیاسەتکردن بێت بە زمانە تەختەییەکە، لەگەڵ ئەوەی دابڕانێکی قووڵیان لە ەیوان نەوەکاندا دروستکردووە، گەیشتووە بەوەی نە گەنجان دەزانن سیاسییەکان چی دەبێژن و چییان دەوێ ، نە سیاسییەکانیش دەزانن چۆن دەستیان بە تێگەیشتنی گەنجان بگات، لەوەش زیاتر گەنجان، بە زمانی گاڵتە پێکردن و تەنزەوە لە گوتاری سیاسی و حزبەکان دەڕوانن و مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.
لە دۆخی سیاسیی ئێمەدا، بەکارهێنانی زمانی تەختە لە برەو سەندندایە، زاراوە و دەستەواژەی ئامادەکراو هەن لەگەڵمان گەورەبوون و رۆژانە دەیانبیستین و دووبارە دەکرێنەوە، ئەو زاراوە و دەستەواژانە، هێند دووبارە دەکرێنە و هێند بە سیاسی و حزبی کراون، هێندە بۆ مەبەستی تایبەتی بەکاردەهێندرێن، بەداخەوە هەرە جوانەکانیان رەونەق و پیرۆزییان شێوێندراوە، لە شێوەی (پاراستنی خوێنی شەهیدان، پاراستنی دەستکەوتەکان،  پاراستنی ئەزموونەکەمان، دەستی دەرەکی، خیانەت، بەکرێگیراوی بیانی، خەباتی شاخ، مەترسیەکانی سەرمان، پیرۆزییەکان، لە کەسی قبووڵ ناکەین، مەترسی تیرۆر، دەستیان دەبڕین، سەروەری و ... ) دەیان و سەدان زاراوەی دیکەی ئەرێنی و نەرێنی، کە زۆریمان بەباشی لەبەرکردووە و بەردەوام لە گوتاری سیاسی حزبەکاندا لە هەموو بۆنەیەکدا دووبارە دەبنەوە، کە زۆربەی هەرە زۆریان تەنیا بۆ ترساندن و تۆقاندن و خەڵەتاندنی خەڵکن و بەشێکن لە پروپاگەندی حزبیی بۆ هەڵبژاردن.
لەم نێوەندەدا، سیاسییە کلاسیکییە نەریتییەکان، هەمان نەریتی کاری سیاسی دێرینیان هەیە، نایانەوێ ئاشنای گۆڕانکارییە تەکنەلۆژی و پێشکەوتنەکانی سەردەم و گەنجە بەکارهێنەرەکانیان بن، سروشتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەنجانەیە و زۆرینەی بەکارهێنەرانی لە تەمەنی 20-35 ساڵیدان، بەدەگمەن گەنجێک ببینیت خوێنەر و بینەر و بیسەری میدیای نەریتی بێت، لەسایەی مۆبایل و تابلێتدا.
ئەوە نەوە سیاسییە باڵادەستەکانن دەبێ خۆیان لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و ئەو شێواز و بەکارهێنانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگونجێنن و درک بەوە بکەن، کە سەردەم سەردەمی گەنجانی سۆسیال میدیایە، نەک هیچ شتێکی تر، ئەو گەنجانەی دوو دەیەی رابردوو خوێنەری کتێب و رۆشنبیریی و سەرسامی دەستەبژێری رۆشنبیران و بیرمەندان بوون، ئێستا تەواو جیاوازن و نەوەیەکی جیهانین، ئەگەر بە ناوەررۆک و دونیابینیش نەبێت، ئەوا لە فۆرم و روخساردا لەو شێوەیەن، چونکە گەنجانی ئەم سەردەمە لۆژیکی و کردەیین، کە بەوپەڕی ئازادی و سەربەخۆیی و لەخۆوەیی گوزارشت لە بۆچوونەکانی و ویستەکانی دەکات، ئەو دابڕانە بە شێوەیەکە، دەستەبژێری سیاسی قورسایی کاری سیاسی لە میدیای تەقلیدیدایە و گەنجانیش لە میدیای نوێ کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، ئەمەش ئەو لەیەک دوور کەوتەنەوەیە وێنا دەکات، کە لەنێوان ئەو دوو نەوەیەدا هەیە. 

بە وردبوونەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکییەکانی گەنجان تیایدا، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە گەنجان سیاسەتیان تەڵاقداوە و لە کەشی گریمانەیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەژین، ئەمەش بە ئاشکرا کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی نێوان نیشتمان و گەنج و هەست و ویستی نیشتمانی ئەون هەیە لە ژینگەی کۆمەڵایەتیدا.
ئەوەی بە وردی لە پەیوەندی نێوان میدیای تەقلیدی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڕوانێت، هەست بەوە دەکات، کە سۆسیال میدیا بووە بە وێستگەی بڵاوکردنەوەی هەموو ئەو هەست و بۆچوون و تێگەیشتنانەی لای گەنجان بە تایبەتی هەن، تا دەگات بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دروست و ساختە و راست و هەڵبەستراو و شیاو و نەشیاو، هەندێجاریش بڵاوکردنەوەی بابەتی نابابەتی نابەرپرس بە زمانێکی زبری داماڵراو لە بەها نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکان، هەندێجاریش هەرچی رق و قینەی دڵڕەقانەی نەخوازراو هەیە بڵاو دەکرێنەوە، ئەمانە هەموو ژینگەیەکیان خوڵقاندووە، ئاستی متمانە کردن بە هەواڵ و بابەتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگاتە نزمترین ئاستی.

ئەمڕۆ گوتاری رق لێبوونەوە و گوتاری توندوتیژی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەرەی سەندووە، ئەو بێ متمانەییەی لە نێوان دەسەڵات و گەنجان دروستبووە، زیاتر برەو بەو جۆرە گوتارە دەدات، لەگەڵێشیدا بەشێک لە هێز و کەسایەتییە سیاسییەکان گۆمی ئەو جۆرە گوتارەیان بە هەڵڕشتنی پارەی زۆر و کڕینی کەسانی شارەزا لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پاشان سپۆنسەر کردنی گوتارەکانیان خەرج دەکەن و پانتایی دووری نێوان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و نەوەکان و تێگەیشتنەکان زیاتر دەکەن و لەو ئاوە شێلوەدا مەلە دەکەن، بەبێ ئەوەی گوێ بەو کارەساتە بدەن کە لەدوای خۆیان بۆ کۆمەڵی ئێمەی بەجێدێڵن و ئاستی خۆشەویستی و بەرپرسیارێتی نیشتمانی لای ئەو نەوەیە دادەبەزێنن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە