سەرهەڵدانەوە داعش‌و کەلێنی ئاسایشی لەعێراق

18/09/2021

هەڵۆ ساڵح

یەکێک لەخەسڵەتەکانی سێکتەری ئاسایشی دەوڵەتی شکستخواردوو ئەوەیە کە دوچاری "کەلێنی ئاسایش"ی دەبێتەوە، دەوڵەتی عێراق لەدوای جەنگی ساردەوە، ئەزموونێکی درێژدەکات لەخولانەوە بەدەوری ئاسایشی دڕاو، ئاسایشی پارچەپارچەبوو، تەوژمەکانی تیرۆریزم و هەڵسانەوە میلیشیاکان و ئاڵۆسکانی شەڕی سێکتەریانیزم و قەیرانە ئابووریەکان، ئاسایشی عێراق کردوە بە ئاسایشێکی شکاو وپتورکاو.

دوای پێشڕەویەکانی تیرۆریستانی داعش لەساڵى ۲۰۱٤و داگیرکردنی جوگرافیایەکی بەرچاوی خاکی عێراق و دواتر ڕوخانی خەلافەتی داعش لە ساڵی ۲۰۱۷، ئاسایشی عێراق پارچەپارچەبوو بەهۆی فرەی لە هێزی لۆکاڵی و هەرێمی کە هەر هێزێک و ڕوبەرێکی بەدەستەوەیە. شەڕی دژ بە داعش یاریەکی دروست کرد بۆ هێزەکان ئەویش ئەوە بوو "کێ زۆرترین جوگرافیا کۆنترۆڵ بکاتەوە ئەوا براوەی یاریەکە دەبێت". لێرەدا حەشدی شەعبی ئۆپۆرچونیستە هەر سێ پارێزگای دیاری سونی وەک کەرکووک و موسڵ و سەلاحەدین کۆنترۆڵ دەکاتەوە لەگەڵ ناوچە کێشە لەسەرەکان نێوان حوکمەتی بەغداد و هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی ئایل زیسیر لە زانکۆی تەلئەڤیڤ "ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا نەیاندەزانی چۆن شەڕی داعش بکەن بۆیە بەناچاری هاوپەیمانیان لە ئێران کرد" بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی گونجاو شەڕی دژ بە داعش بکەن، واتا مێسۆدی ئێرانی ڕێگایەکی سەرکەوتوو تر بوو بۆ شەڕی دژ بە داعش لە کاتێکدا ڕۆژئاوایەکان نەیان دەزانی چی ڕێگایەک بگرنە بەر. مێسۆدی ئێرانی بریتبوو لە "کۆکردنەوەی سەرجەم نەژادەکانی عێراق لە دەوری سێکتەری بەرگری سەربازی بۆ شەڕی دژ بە داعش لە ئاستی کۆڵان و شارەکاندا، واتا ئەمە تاکتیک و ستراتیژی ماس- مۆبەڵایەزەیشن بووە کە توانی سەرجەم چین و توێژەکان لە ژێر ناوی حەشدی شەعبی کۆبکاتەوە بۆ ڕوبەڕبونەوەی داعش.

حەشدی شەعبی لە دوای شەڕی دژ بە داعش، بووە بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی عێراق چونکە  مۆدێلێکی میلیشیای ترسناکیان هێناوە بەسەر چەمکی سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی عێراقدا و کار بۆ ئەجێندای ئێرانی دەکات لەنێو عێراقدا لە ئاستی دەوڵەت و دەرەوەی دەوڵەت. حەشدی شەعبی بەخێرای توانی ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان حوکمەتی هەرێمی کوردستان و حوکمەتی ناوەندی کۆنترۆڵ بکات.

کۆرنترۆڵکردنی ئاسایشی ئەم ناوچە کێشە لەسەرانە لە لایەن حەشدی شەعبیەوە بووە بە هۆی کشانی زیاتری کەلێنی ئاسایشی ناوچە دابڕێنراوەکان. حەشدی شەعبی ئاسودەیە لە ژینگەی کێشاوی و گرژدا چونکە میلیشیا خواستی لە ژینگەی ڕێخراو و دەزگای نیە. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سەربازی عێراق، لە ئێستادا کەلێنی ئاسایشی لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا گەشتۆتە "۱۳ کیلۆمەتر چوارگۆشە". بۆشای ئاسایشی وای کردوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ داعش لە شێوەی خانەی نوستوو درێژە بە مانەوەی خۆی بدات.

هەرچەندە هەوڵی زۆر دەدرێت بۆ پێکهێنانی ژوری ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ سڕینەوە پاشماوەکانی داعش و ڕێگریکردن لە دوبارە سەرهەڵدانەوە داعش، بەڵام هەتا ئێستا ئاڕاستەی سیاسی حوکمەتی ناوەندی بەغداد و هەرێمی کوردستان ناکۆکە بەهۆی لێکەوتەکانی جاڕدانی ڕیفراندۆم لە ساڵی ۲۰۱۷ و بچوکردنەوە دەسەڵاتی سەربازی هەرێمی کوردستان بەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکانەوە کە لە پاش هاتنی داعش داگیریان کردبوو. 

داعش ڕۆژ لە دوای ڕۆش چالاکیکانی زیاتر دەکات لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا و لە ئەگەری جێهێشتنی سوپای ئەمریکا لە عێراق لە کۆتای ئەم ساڵ، هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوە جوگرافیا زیاتر دەدەن ئەویش لە ژێر ئیلهامی سەرکەوتنی تاڵیبان لە کۆنترۆڵکردنی ئەڤغانستاندا. لە ئێستادا داعش لە چەندین ناوچە ئامادەی هەیە و چالاکی ئەنجامدەدەن وەک دیالە و حەمرین و ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک  و قەرەچۆخ‌و دوزخورماتوو، تەنانەت لە حەمرین و قەرەچۆخ بنکەیان دامەزراندووە. 

پێشهاتە قسە لەسەرکراوەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەچۆنێتی پڕکردنەوە بۆشای ئاسایشی ئەوە بووە. یەکەم، ژوری ئۆپراسیۆن پێک بهێنرێت لە ناوچە دابڕێنراوەکان. دووەم، پێگەی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە خانەقینەوە بۆ شەنگال ڕەچاوکرێتەوە. سێیەم، شەڕی هاوبەش دژی داعش. ئەم خاڵانە بۆ ڕێکەوتن ئەستەمە چونکە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و هێزە لۆکاڵیەکانی دیکە نایانەوێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە چونکە یاری داعش شەڕی داگیکردنی زۆرترین جوگرافیا بوو، بۆیە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی پاشەکشەی پێشمەرگە بە دەسکەوت سەیر دەکەن. حەشدی شەعبی لێرەدا جێگای سەرنجە نەک سوپای عێراق، چونکە سەرجەم جوگرافیای ناوچە کێشە لەسەرەکان بە ڕەسمی قاسمی سولێمانی تەنراوە. بۆیە ئەوەی پێویستە دانوسان بکات حەشدی شەعبیە نەک سوپای عێراق.

حەشدی شەعبی خواستی ئەوەی هەیە لە دوای کشانەوە ئەمریکا لە عێراق، داعش سەر هەڵبداتەوە بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی عێراقی بسەلمێنێت کە تاکە هێزی فریادڕەسە لە عێراقدا کە هاوڵاتیان لە داعش دەپارێزێت. حەشدی شەعبی تێگەشتوو سوپای عێراق شەرعێتی لە دەستداوە و هێزی پێشمەرگەش هێزێکی نا ڕێخراوە و نا-ئایدەلۆژین بۆیە لە هەر ئەگەرێکی سەرهەڵدانەوە هاوکێشەی داعش ئەگەر ڕووەو هەرێمی کوردستانبێت ئەوا حەشدی شەعبی لە بەرژەوەندی خۆیان کۆتای پێدەهێنن و سەرجەم هەیکەلی عێراق کۆترۆڵ دەکەن. داگیکردنی جوگرافیای زۆر چی لە ڕوی سەرچاوە و داهات و جیپۆلیتیکەوە و چی لە ڕووی زانستی دانوسان و شەرعێتەوە کارەکتەرت بەهێزتر دەکات. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەل-مۆنیتەرین " ۳ ساڵە بە چەکی حەراری چاودێری داعش دەکرێت، بەڵام هێزێک هەیە ڕێگرە لە بەردەم ئەوەی ناهێڵێت هێزە ئاسایشیە لۆکاڵیەکانی ناوچە دابڕێنراوەکان بڕۆنە شەڕی پاشماوەکانی داعشەوە".

سەرهەڵدانەوە داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لە بەرژەوەندی حەشدی شەعبیە چونکە تاکتیک و ستراتیژی شەڕی دژ بە داعش بە باشی دەزانن ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شارەزای مۆدێلی میلیشیای و هێزی چەکداری جۆراوجۆر کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەزمونێکی زۆری تێدا هەیە، ئەگەر دوای کشانەوەی ئەمریکا داعش سەرهەڵبداتەوە ئەوا تاکە هێزێک کە خۆی بۆ گەلی عێراق و هەرێمی کوردستان بسەلمێنێت تەنها حەشدی شەعبیە، چونکە مۆدێلی سوپای ئەڤغانستان لەنێو سوپای عێراق و پێشمەرگە هەیە کە چەندین ساڵە ئەم دوو هێزە بەهۆی کێشەی گەندەڵیەوە دەناڵێنن و سەرجەم چەکدارەکانی بەبێ ئایدەلۆژیای شەهیدبوون شەڕ دەکەن و ڕاوێژکاری سەربازی باشیان نیە و کاتێک هێزە نێودەوڵەتیەکان پێشنیاریان بۆ دەکەن زۆر بەسادەی پشتگوێی دەخەن بەهۆی خواستی کەمبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسیان کە دەیانەوێت هێزەکانیان بە ناڕێخراوی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەی لە دەست نەدات.

بەهۆی کێشە سیاسیەکانی نێوان حوکمەتی ناوەندی‌و هەرێمی کوردستان‌و ئامادەی حەشدی شەعبی و کارنامەی جیاوازەکان ئەو هاوکێشانەی دوای ساڵی ۲۰۱۷ دروستبووە ئەستمە کەلێنی ئاسایشی پڕبکرێتەوە چونکە زمانی گفتوگۆکان چارەسەراوی نین بەڵکو سیاسین ئامانجیان پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە نیە چی هێزە عێراقیەکان و چی حەشدی شەعبی و چی هێزە کوردیکان. ئەگەر هاتوو ئەمریکا کشایەوە لە کۆتای ئەم ساڵ، کێشە ئاسایشی ئەم ناوچانە وەک خۆی مایەوە بەچارەسەرنەکراوی ئەوا سەرهەڵدانەوە داعش تەنها دەبێت کێشەی کات پاراڵێڵ بەقەیرانی دارایی‌و نایەکسانی‌و هەژاری‌و زاڵبوونی وتاری ئاینی لەو ژینگانەدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی