بونیاتنانی هێزی سێیەم یاخود هێزی یەكەم!

26/09/2021

د. كامەران مەنتك

زیاتر لە چل ساڵە لەباشووری كوردستان گفتوگۆ لەسەر دروستكردنی هێزی سێیەم دەكرێت، بۆئەوەی بالادەستی یەكێتی وپارتی لاواز بكرێت! ئەو گقتوگۆیە لەبنەڕەتدا گفتوگۆیەكە لەسەر هیچ وناتێگەیشتن لەدۆخەكە بونیاتنراوە، لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان پیویستی بەدامەزراندنی هێزی سێیەم نیە، بەڵكو پێویستی بەدامەرزاندنی هێزی یەكەم هەیە، تاوەكو ئەو بنەما هزری وهاوسەنگیە راماڵیت، كە بەناو حیزبەكانی باشوور لەماوەی رابردوودا پیادەیان كردووە، واتە كوردستان پێویستی بەهزرێكی نوێ و خوینیكی نوێ هەیە، كە ئەو قۆناغە پڕ شەرمەزاریە تێپەڕێنێت، كە لەماوەی رابردودا بەناوی كوردایەتی شۆڕشەوە ئەنجامدراوە.

بیرۆكەی هێزی سێیەم لە سیاسەتی نیودەوڵەتیدا بەپلەی یەكەم لەپیناو تێكشكاندنی هاوسەنگی هێز وكەمكردنەوە، یاخود كۆتكردنی هیزی لایەنەك لەلایەنەكان پیادە دەكرێت، بۆنمونە لەكۆتایی سەدەی نۆزدە وسەرەتای سەدەی بیستەم قاجاری وعوسمانیەكان لە توركیا وئێران لە ئەڵمانەكان نزیك بوونەوە بۆئەوەی لەرۆڵی بەریتانیا وروسیا كەمبكەنەوە، لەسیاسەتی ناوەخۆشدا زۆرجار هەوڵدەدرێت هیزێكی نوێ دروست بكرێت، بۆئەوەی لەدەسەڵاتی هیزێكی تر كەم بكرێتەوە وهاوسەنگیەكی میانڕەو بهێنرێتە دی، كە بەرژەوەندی هەموو هێزە بالادەستەكان بپارێزێت، بەڵام ئەو هاوسەنگیانە لەكاتیكدا پێویستە وسەركەوتوو دەبێت، كاتێك ئەو هێزانە لەبنەڕەتدا لە خزمەتی خەڵكدا دابن وبۆ ئەو مەبەستە دروست كرابن، كە  بەداخەوە ئەو دۆخە لەهەرێمی كوردستاندا بوونی نیە! ئەو هێزانەی لەهەرێمی كوردستاندا كاردەكەن، هێزی دروستكراون وبەگوێرەی پلانێكی نێودەوڵەتی ولەپیناو بەرژەوەندی ئەو هێزانە ودژی بەرژەوەندیە سەرەكیەكانی خەڵكی كوردستان بەكاردەهێنرێن.

لەلایەكی تر لەئێستادا لەهەریمی كوردستان دوو هێز لە ئارانیە، بەڵكو تەنیا یەك هێزەو دوو رۆڵ دەبینێت، پارتی و یەكێتی، كەلە بنەرەتدا دوو بنەماڵەیی سیاسین، لەسەر بەرژەوەندیە سەرەكیەكانی خۆیان بەرادەیەك رێككەوتوون، كە هیچ جیاوازیەكی ئەوتۆیان لەنێواندا نەماوە، بۆیە هەژماركردنی ئەو دوو بنەماڵەیە وەك دوو هێزو لەسەر ئەو بنەمایە كار بۆ دروستكردنی هێزی سێیەم بكرێت، لەبنەڕەتدا هەنگاوێكە ولەسەر هیچ بونیات دەنرێت، ئەوەی لەسەر هیچیش بونیات بنرێت هیچە! بۆیە دۆخی هەرێم پێویستی بەدامەزراندنی هێزی سێیەم نیە، بەڵكو پێویستی بەدامەزراندنی هیزێكی نوێیە، بەرلەهەموو شتێك هزرێك و دنیابینیەكی نوێی بۆ مەسەلەی كورد وپەیوەندی نێوان هێز وگەلانی ناوچەكە هەبێت، هەر كاتیك ئەو هێزە دروست بێت، ئەوە دەبێتە هێزی یەكەم وكۆی دیمەنی سیاسی لەهەرێمی كوردستان وبگرە لەهەموو كوردستانی گەورە تێكدەشكێنێت!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی