پەیوەندی لەگەڵ ئيسرائیل لەنێوان كورد و عەرەبدا

01/10/2021

‎سۆزان حەمەتاتە

چەند رۆژی پێشوو بینیمان بەشێك لە سەرۆك هۆز و چەند كەسایەتییەكی عەرەبی عیراق لە هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكیان سازكرد، لە كۆنگرەكەدا داوای ئەوەیان كرد كەوا كۆماری عیراقی فیدراڵ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل پەیوەندییەكانی ئاسایی بكاتەوە وەكو چۆن وڵاتەكانی وەكو ئیمارات و بەحرەین و ئوردن و چەندينى تریش پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.
 
ئەو داوایەی كۆنگرەی عەرەبەكانی عیراق خەڵكێكی زۆر دژی وەستایەوە بەتایبەت سیاسەتمەدارەكانی شیعە، لە هەمووشیان توندتر پەیامەكەی رۆژی چوارشەممەی موقتەدا سەدر بوو كە نووسیویەتی: دەبێت هەموو سەرپەرشتیارانی كۆنگرەكە دەستگیربكرێن ئەگەرنا هەڵوێستی توندمان دەبێت و دوایی پەشیمانی دادتان نادات.
 
لێرەدا دەمەوێت چەند خاڵێك بخەمەڕوو لەسەر كۆنگرەكە و كاردانەوەكانی وەكو، نەدەبوو یان باشتر بوو ئەو كۆنگرەیە لە هەرێمی كوردستان سازنەكرایە، چونكە مەسەلەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل لای شیعەكان زۆر هەستیارە و راست بكەن یان نا بۆ وروژاندنی شەقامی عیراقی بێت بەتوندی دژی دەوەستنەوە. هەروەها شیعە ماوەیەكی زۆرە لە كەمیندایە بۆ ئەوەی بیانووی دەستبكەوێت و هەرێمی كوردستان بچوك بكاتەوە.
 
لەگەڵ ئەوانەیشدا هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی ناسكدا تێپەڕ دەبێت، كێشەی دارایی و سیاسی زۆری هەیە، هەروەها وڵاتانی دراوسێی عیراق و كوردستان پێیان خۆش نییە كوردستان ئارام و سەقامگیر بێت و پێشبكەوێت، بۆیە بە چەندین شێوە هەوڵی لەباربردنی ئەو ئەزموونە دەدەن و كاریشی لەسەر دەكەن.
 
شتێكی باش بوو هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت ئاگاداربوونی لەو كۆنگرەیە رەتكردەوە، بەڵام ئەستەمیشە لایەنەكانی شیعە بڕوا بەو بەیاننامانەی هەرێمی كوردستان بكەن، چونكە بێ ئاگایی حكومەت لە سازكردنی كۆنفرانسێك لە پایتەختی هەرێمەكە واقیعی نییە و ئاسایشی كوردستان لاواز پیشان دەدات.
 
چەندین وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی هەیە هەمووان دەزانین بەئاشكرا دژی ئیسرائیلن، بەڵام لەژێرەوە پەیوەندییان لەگەڵیدا هەیە، میسر و توركیا وڵاتی ئیسلامین كەچی پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، سوود لە توناكانی یەكیش وەردەگرن، بازرگانی پێكەوە دەكەن، هەروەها لە بواری سەربازی و كڕین و فرۆشتنی چەكدا زۆر نزیكن لەیەكەوە.
 
ئێستا كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقە، حزبەكان هەموویان بۆ بانگەشە و بردنەوەیان بابەتەكان گەورە دەكەن، ئەمە بۆ شیعە لە هەمووی باشترە بەتایبەت بۆ ئەو حزبە شیعیانەی زۆر نزیكن لە ئێرانەوە، زیادەڕۆیی تیادا دەكەن و هەرێمی كوردستانیشی پێ تاوانبار دەكەن و رەنگە لە داهاتوویشدا سزای كوردستانی پێبدەن.
 
باشترە هەرێمی كوردستان رێگە لە بەستنی كۆنفرانسی لەو جۆرە بگرێ، لەبەر دوو شت، یەكەمیان بوونی پەیوەندی و رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی عیراق لە دەسەڵاتی حكومەتی عیراقە، دووەمینیان بۆ ئەوەی بەهۆی ئەو كارانەوە هەوڵی بچوككردنەوەی نەدەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی