کۆتایی تەزویر، لەسایەی سەرۆك کۆمارو کازمیدا

11/10/2021

عوسمان گوڵپی

هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی عێراق یەکێك بوو لە گرنگترین ئەو وێستگانەی کە عێراقی پێداتێپەڕی، بە جۆرێك دەکرێت بە باشترین هەڵبژاردنی عێراق دابنرێت لە مێژووی عێراقدا، وێستگەیەك کە متمانە بە هەڵبژاردن تێیدا لە خاڵی سفرەوە نزیك بوو، ، بە جۆرێك بێ هیوایی گەشەی کردبوو کە هیچ دەرفەتێك نەمابوویەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو گەر بە هەمان شێوازی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرایە.

هەنگاوەکانی هەڵوەشانەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و گۆڕانکاری لە یاساکانی هەڵبژاردن و دواجار پەسەندکردنی شێوازی یاساکە، هەنگاوی جدی بوون بۆ ئەوەی شەقامی عێراقی لە چاوەڕوانی یاسای نوێی هەڵبژاردندا بهێڵنەوە تا هەڵبژاردن و دەر ئەنجامەکانی، کە یەکێك بوو لە خواستەکانی شۆڕشی مەدەنی گەنجانی عێراق لە ساڵی ڕابردوودا

بەربەستەکانی بەردەم تەزویر:

یەکەم
یەکێك لەو بەربەستانەی کە وایکرد بیر لەوە بکرێتەوە کە متمانە بۆ هەڵبژاردن بگێڕێتەوە لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی ڕابردوو بوون، ساختەکاری گەورەی هەڵبژاردنەکان وایکرد کە ئەنجامی هەڵبژاردن لێکەوتەی دەنگی خەڵك نەبێت، بەڵکو وەك سیناریۆیەك بۆ تێپەڕاندنی هەڵبژاردن لێکدرایەوە هەر بۆیە کاتێك ئەنجامی هەڵبژاردن لە دۆڵێك دەبێت و دەنگی دەنگدەر لە دۆڵێکیتر، بەریەك کەوتن لە نێوان دەسەڵاتداران و هاوڵاتیاندا ڕوودەدات، هەربۆیە عێراق لە دوای هەڵبژاردنی ٢٠١٨وە بە چەندین کێشەی جدیدا تێپەڕی و لە لێواری کەوتن نزیك بوویەوە، سەدان گەنجی خۆراگری نارازی بوونە قوربانی و مەیدانی شارەکان بوونە وێستگەی ناڕەزایی و توڕەیی، داخوازی جدی خۆپیشاندەران و کاریگەریان وایکرد کە هەست بە مەترسی لێکەوتەکانی تەزویر و ساختەکاری زیاتر بکرێت و دڵنیا ببنەوە کە عێراق بەرگەی هەڵبژاردنێکیتری بێ هیواکەر ناگرێت و وڵات بەرەو توندوتیژی زیاتردەروات و دەکەوێتە بەردەم جەنگێکی درێژخایەنی نێوخۆیی و بەریەککەوتنی هێزەکان، چونکە کە دەرگاکانی هەڵبژاردن لە بێ هیوایدا داخران، ئەوکات دەرگاکانی بەریەککەوتن بۆ گۆڕانکاری دەکرێنەوە، بۆیە ئەم هەست کردنە بوە وێستگەی بڕیارێکی دروست کە تاکی عێراقی بگەڕێتەوە بۆ سەر سندوقێکی دوور لە ساختەکاری

دووەم
ڕۆڵی سەرۆك کۆماری عێراق لە پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی خاوێن، کە هەر لەسەرەتای گۆڕانکاری لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دواتر یاسای نوێی هەڵبژاردن و پەسەندکردن و تێپەڕاندنی یاساکەوە تا ئەنجامدانی هیچ وتارێکی سەرۆك کۆمار نەبووە جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی خاوێن نەکاتەوە، لە هەموو وتار و دیدارەکانیدا بە ڕوونی پێداگری لەسەر بە ئەنجامگەیاندنی هەڵبژاردنێك کردۆتەوە کە ڕەنگدانەوەی گەلی عێراق بێت و دوور بێت لە ساختەکاری و یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان،

( ئەوەی دکتۆر بەرهەم کردی وەك بەرجەستەکردنی ڕۆڵی سەرۆك کۆمار لەدەرەوەی ململانێکان، متمانە گێرانەوەبوو بۆ هەڵبژاردن و گۆڕانکاری بە ڕێگای مەدەنیانە، بۆ ئەوەی عێراق لە بەریەککەوتنی هێزەکان بپارێزێت و عێراق لەلایەن ئەوانەوە ئیدارە بکرێت کە ڕەنگدانەوەی متمانەی دەنگدەرن)

هەوڵەکانی سەرۆك کۆمار فراوان و گشتگیربوون بۆ ئەوەی بەرەی هەڵبژاردنێکی دوور لە ساختەکاری فراوانبێت و بۆ ئەمەش نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێخراوە کاریگەرە جیهانیەکانی بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنێکی خاوێن هێنایە سەر خەت وەك چاودێریکەر و پشتیوانی پرۆسەیەکی خاوێنی دروست، ئەمەش ئیرادەی بە ئەنجامگەیاندنی هەڵبژاردنێکی خاوێنی لێ بەرهەم بێت، کە هەر واش دەرچوو لە دەستپێکردنەوە تا ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی متمانە پێکراوترین هەڵبژاردنی عێراق بووە، کە پێموایە براوەی ئەم هەڵبژاردنە لیست و کاندیدەکان نین بەڵکو عێراق و دامەزراوەکانیەتی کە توانیان متمانە بۆ خۆیان بگەڕێننەوە

سێهەم
ڕۆڵی سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی وەك سەرۆك وەزیرانێك لەدەرەوەی ململانێی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی کورسی، کە توانی متمانەیەکی گەورە بداتە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دەستکراوەیان بکات لە کارەکانیان و دابینکردنی بودجەیەکی پێویست بۆ پێداویستی و کڕینی ئامێرەکان تا هەڵبژاردنەکان لەوە زیاتر دوانەکەون و ڕێپێدانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەوەی بتوانن ڕاستەوخۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان بکەن و پشتیوانیکردنی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە چاودێری هەڵبژاردنەکان وایکرد بەرەی بە ڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دوور لە ساختەکاری بەهێز بێت، بەمەش کۆمسیۆنی باڵاو سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك کۆمار شانازیەکی گەورەیان بۆ خۆیان و عێراق تۆمارکرد

ئەگەرچی هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕانەگەیەنراوە، بەڵام ئەنجام بە هەرجۆرێك بێت ئەم هەڵبژاردنە بووە هیوایەکی نوێ بۆ عێراقیەکان کە باوەڕبوون بە دامەزراوەکان و بیری تاك بەهێز دەکات بە گۆڕانکاری لە ڕێگای سندوقی دەنگدانەوە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە گێرێنەوەی متمانەدا، ئەگەرچی ئاستی بەشداری دەنگدان لە هەڵبژاردندا لە ئاستی پێویستدا نەبوو، بەڵام بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەم شێوازە کە متمانە بگێڕێتەوە کاریگەری هەیە لەسەر بەشداری هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا، تەنانەت کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش دادەنێت و هاوڵاتیان متمانەیان بەبەشداری هەڵبژاردن بەهێز دەبێت، لەئەگەری هەندێك ڕێکاری هاوشێوەی بەغداد و بوونی ئیرادەیەکی بەهێز بۆ ڕێگری لەساختەکاری.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی