سیاسەت و ئەنتی پارتیبوون!

13/10/2021

جەعفەر عەلی

هەر هێزێکی سیاسی لە دەرەوەی پارتیدا،  بە تەنیا تێزی «ئەنتی پارتیبوون» بکاتە بنەمای سەرەکی سیاسەت و دونیابینی سیاسی، ناتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژ بە گەورەیی بمێنێتەوە، چونکە سەرەنجام مەحکومە بە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی. 
   وەکچۆن نابێ بە تەنیا «ئەنتی پارتیبوون» بکرێتە تێزی سەرەکی کاری سیاسی، هەمانکات ناشبێ دەستبەرداری ململانێ لەگەڵ پارتی بیت. سیاسەتی دروست لە هەرێم لە دەرەوەی ململانێ لەگەڵ پارتی ئومێدێکی بۆ گۆڕان و بەرەوپێشچوون، هیوایەکی بۆ تێکشکاندنی دیدی نەریتی و تەوریسی سیاسی تێدا نابێ. 
   ئاساییە وەک هێزێکی سیاسی گفتۆگۆ لەگەڵ پارتی بکرێت، بەڵام نائاساییە بە رەهایی ملکەچی بڕیار و ئەجێندا سیاسییەکەی بیت، ئاساییە پەیوەندی سیاسیت لەگەڵیدا هەبێت، بەڵام نائاساییە تا ئاستی شەرمەزاری سیاسی لە گوناهەکانی بێدەنگ بیت، ئاساییە کارێکی باشی کرد بڵێی دەستخۆش، بەڵام نائاساییە چاو لە وێرانکردن و هەڵوەشانی ناوەکی کۆمەڵگەیەک و ئازارەکانی رۆحی ئینسانی ئێمە بپۆشیت! 

   ڤایرۆسە کوشندەکەی هێزەکانی دەرەوەی پارتی لەوە زیاتر هیچی دیکە نییە. ئەوان لە یەککاتدا دەیانەوێ خەڵک وەک ئەنتی پارتی بیانناسێ، بەڵام بێ پێشاندانی جیاوازییەک لەگەڵ پارتی. ئەوان بۆ دروێنەی دەنگ خۆیان وەک ئەنتی پارتی دەناسێنن، دواتریش لەسەر کورسی دەسەڵات و بە دەوری یەک مێزدا بە یەکەوە و لە باوەشی پارتیدا، بە دیار قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئەم هەرێمە، قاقا دەکێشن! 
   لە نێوان دژبوون و چۆکداداندا، گفتوگۆ هەیە، گفتوگۆ بە مانای بردنەپێشی ئەو تێز و پرەنسیپە سیاسی و ستراتیژیانەی وەک پرەنسیپ بڕوات پێیان هەیە، نەک بە مانای دەستبەرداربوون لە پرەنسیپ. دەستبەرداربوون لە پرەنسیپ تەنیا لە سیاسەت دوورت ناخاتەوە، بەڵکو لە پێگەی جەماوەریش خاڵیت دەکاتەوە.

   سیاسەت هۆشیاری و تێگەیشتە لە چۆنیەتی ململانێ و گفتوگۆ. گفتوگۆکردن و رێککەوتن لەسەر هەندێ پرەنسیپی نیشتیمانی، نەتەوەیی بان-حیزبی، مانای دەستبەرداربوون لە ململانێ نییە. سیاسەت تەنیا قسەی رووت و قڕەقڕی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هاوار هاواری سەر شاشەی تیڤییەکان نییە. چونکە مەرج نییە هەمیشە هەق لای ئەوانە بێت، کە لەگەڵ قڕە و هاواریاندا دەماری ملیان ڕەپ دەبێت!
سیاسەت پرەنسیپە، ئەخلاقە، تێگەیشتنە لە فۆرمی ململانێ و چۆنیەتی درێژەدان بە ململانێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی