دوو ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی مانگی خەزەڵوەر تێپەڕ دەبێت. لەم سەرهەڵدانە کە بە شێوەیەکی جەماوەریی و گشتگیر زۆربەر شارەکانی ئێرانی گرتەوە، زۆرینەی چین و توێژەکان و گەلانی ئێران تێدا بەشداریان کرد و بە گشتی داخوازی ئەو خۆپیشاندەرانە خۆی لەیەک خاڵدا دەبینیەوە کە ئەوەیش بریتی بوو لە ڕۆخانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەدیهێنانی یەکسانی کۆمەڵایەتی و دێمۆکراسی بوو بۆ گەلانی ناو ئێران، بەڵام زۆری نەخایاند و ئەم سەرهەڵدانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوت کرا و لە ئاکامدا بە پێی ئامارەکان، دوو هەزار کەس گیانیان بەخت کرد، سەدان کەس قۆڵبەست و ڕەوانەی زیندانەکان کران و کۆمەڵێک کەسیش هەتا ئێستا چارەنووسیان نادیارە! لە دووەمین ساڵیادی ئەم سەرهەڵدانە کە کاتی خۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری تێدا کرد، لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەپۆلێکی نوێی ڕەشبگیری سیستماتیک دژ بە چالاکوانان لە شارەکانی کرماشان، مەریوان، بانە و سەقز دەستی پێ کردووە، کە لە ئاکام دا زیاتر لە چل چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە و ڕەوشێکی مەترسیدار دژ بە چالاکانی ڕۆژهەڵات لە ئارادایە!
کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی سیستەماتیک ناوە ناوە بە بەشداری چەندین لایەنی زانیاری و ئیتلاعاتی خۆی، وەکوو ئیدارەی پاراستی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، ئۆپراسیۆنی ئەمنیەتی لە چەندین شار دژ بە چالاکانی مەدەنی و ژینگە پارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێ دەکات و بە کۆمەڵ و بەبێ بەڵگە دەستبەسەریان دەکات. سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە نیسبەت کۆمەلگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە زیاتر لە چڵ ساڵە سیاسەتێکی ئەمنییەتە و بە درێژایی تەمەنی ڕژیم، کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانی وەکوو هەڕەشە بۆ سەر هەبوونی خۆی و بەردەوامی دان بە دەسەڵاتی سیاسی خۆی پێناسە کردووە. هەربۆیە، کاتێک ڕژیم لە قەوارەی گشتی خۆیدا هەست بە لاوازی دەکات یان ناڕەزایەتیەکان لە ناوخۆەوە دژ بە دەسەڵات زیاد دەبێت، یەکەم شوێنێک کە بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ هەلدەکۆتتە سەری، کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەوڵ دەدات بە زیادکردنی سیاسەتی سەرکۆت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەقامگیری بۆ دەسەڵاتی خۆی بە گشتی بگەڕێنێتەوە. سەرەڕای مێژووی بوونی ئەم ڕوانگەیە، بە هاتنە سەرکاری ئیبراهیمی رەئیسی و دەوڵەتی بناژۆخواز لە ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر میلیتاریزە کراوە و هەڕەشەکان لە لایەن دەسەڵاتدارانی سیاسی و نیزامی ڕژیمەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵگا و ئەحزابی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بووەتەوە. بێ گۆمان مێژوو نیشانی داوە هەرکات کۆماری ئیسلامی ئێران لە لاوازی دایە، بۆ شاردنەوەی لاوازییەکانی خۆی، سیاسەتی سەرکوت دەگرێتەوە بەر. هەر بۆیە لە ئێستایشدا ڕژیم لە بواری سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیدا لە قەیرانێکی یەکجار قۆڵدایە، لە بواری ئابووری ناتوانێت داخوازی ڕۆژانەی کۆمەڵگای ئێران دابین بکات، لە بواری کۆمەڵایەتییەوە، کۆمەڵگا لە لێواری هەلوەشاندایە و لە بواری یاسایی و سیستەمیشدا گەندەلی هەموو دەوڵەتی تەنیوە. هاوکات لە سیاسیەتی دەرەکی دا زەختی زۆری لە لایەن ئەورووپا لەسەر کە دانوستانەکان ژنف دەست پێ بکاتەوە و ئامریکاش هەوڵ دەدات هێژمۆنی ئێران لە سوریە، ئێراق و لوبنان کەم بکاتەوە و پرۆژەی هیلالی شیعە ئاستەنگ بکات.
لەم بارودوخەدا، تا دەچێت ناڕەزایەتی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن گەلانەوە پەرە دەستێنێت، سەرەڕای زەخت و گۆشاری زیاتر بۆسەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکانی ڕۆژهەڵاتی ڕەولی بەرچاویان هەیە لە بەدەمەو چوون و چارەسەری کێشەو گرفتە کۆمەڵایەتییەکان کۆمەلگا و هەوڵ دەدەین کەڵک لە هێز خۆیان وەربگرن و ببنە وەڵامدەری پرسە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام ئەمە کردەوەیە لە لایەن ڕژیمەوە وەک دەستێوەردان بۆ دەسەڵاتی خۆی شرۆڤە دەکرێت بۆیە ئەم چالاکوانانە دەکەونە بەر هێرشی دڕندانەی ڕژیم
ئەوەی کە لە ئێستادا گرینگە هەست بە مەترسیەکانی لە ئارادابوونی ڕەشبگیری سیستماتیک کە کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بەم چالاکە دەستی پێ کردووە بکرێت، ڕژیم دەیهەوێت بە مژاری لاوەکی ڕاگەیاندنەکان، سرنجی ڕای گشتی بەنیسبەت ئەو ڕەشبگیریانەوە بە لارێدا ببات. هەر بوویە لە ئێستادا وەک پێویست ئەم ڕەشبگیریانە لە لایەن ڕای گشتی کۆمەڵگای کوردستانەوە سرنجی نادرێت و شەرمەزار ناکرێت و لە ناو ڕۆژەڤە سیاسیەکانی تری کوردستان کەوتووە پەراوێزەوە. لە بەشێک کەم لە ڕاگەیاندنی کوردی نەبێت، ڕاگەیاندنەکان تر وەک پێویست بەدواداچوونی بۆ ناکەن و سرنجی نادەن. هەر بۆیە گرینگە کە بەرامبەر بە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ دەنگ نەبین و پشتیوانییەکان زۆرتر بکەینەوە، تاکوو بتوانرێت لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە پێش بە دەستکراوە بوونی ڕژیم بگیردرێت و بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو کەسانە بکرێت کە دەستبەرسەر کراون یا ڕژیم دەیهەوێت دەستبەسەریان بکات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی