بەشی دووەم
كۆیلایەتی لەبنەرەتدا ئەگەرچی دژی سروشتە، بەڵام لەرێگای ئایدیۆلۆژیاوە رتووش دەكرێت وتەنانەت لەزۆر حاڵەتادا دەبێتە بنەمایەك بۆ دروست بوونی پڕەنسیپەكان لای مرۆڤ، ئەو كارە مرۆڤەكە بەتەواوی پەلبەست دەكات، لەبەرئەوەی پڕەنسیپەكان لەبنەرەتدا كۆمەڵێك یاساو رێسای ئەخلاقین وشێوازی ژیان وبیركردنەوەی مرۆڤ دیاری دەكەن، كەواتە ئایدیۆلۆژیەكان لێرەدا بەشێنەیی وبەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەچنە ناو هەموو وردەكاریەكانی ژیانی مرۆڤەوە، بەو پرەنسیپانەشەوە، كە بنەما سەرەكیەكانی شیوازی ژیانی دیاری دەكات! بۆیە دەبێت تاكی كورد زۆر بەوریایی وبەشیوەیەكی ئاوەزمەندانە مامەلە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیاكان بكات، وەك خۆی دەیەوێت بەگوێرەی پیویستیەكانی خۆی بەكاریان بێنێت، نەك ببێتە ئامڕازێك بەدەست ئایدیۆلۆژیاكانەوە!
گەر بڵێین مرۆڤ دەتوانێت بەیەكجاری خۆی لە ئایدیۆلۆژیاكان دابڕێت وتووڕیان هەڵبدات، ئەمە لەرۆژگاریكی وەكو ئەمڕۆدا، كە میدیاو سۆشیال میدیاكان چوونە ناو هەموو كونج وقوژبنێكی خێزانەكان وئازادانە مامەڵە لەگەڵ بچووكترین وردەكاریەكانی ژیانی دەكەن، كاریكی ئەستەمە، هاوكات مرۆڤ ناتوانێت خۆی لەدەوروبەرەكەی بەیەكجاری دابڕێت وكاریگەرییەكانی بسڕێتەوە، لەبەرئەوەی وەك مرۆڤ وەك بوونەوەرێكی ئاوەزمەند بەشێوەیەكی راستەوخۆ وناراستەوخۆ رووبەڕووی شاڵاوی دەیان شەپۆڵ لەئالنگاری وكاریگەریەكانی دەرەوەی خودی خۆی دەبێتەوە ولەرێگای هەستەكانیەوە وەریان دەگرێت، ئەو هەستكردنە هەندێكیان بێ ویستی خۆی، تەنانەن لە زۆر كاتدا بێ ئەوەی هەستیشیان پێبكات لەناخیدا دەچەسپێن ودەبنە بنەمای كۆمەڵێك پڕەنسیپ، كە كۆمەڵێك رەفتاریان لێدەكەوێتەوە ورەنگدانەوەیان لەسەر رۆڵ وپێگەی ئەو لەناو كۆمەڵگادا دەبێت! بۆیە چەندەی تاك هوشیار بێت وهەوڵ بدات بەشێوەیەكی بەرجەستە مامەڵە لەگەڵ شەپۆڵی فشارەكانی دەوروبەری بكات، هێندە زیاتر دەتوانێت كەسایەتی رەسەنی خۆی بپارێزێت وئەو شتانەشی وەریدەگرێت، شتێك بێت بەبێژنگی زهنی ئەودا رەتبووبن لەگەڵ بیركردنەوە وبەرژەوەندیەكانی ئەودا هاوسەنگ كرابن! ئاشكرایە هەندێك پرەنسیپ هەیە مۆركێكی گشتگیری و چەسپاویان وەرگرتووە ولای هەموو مرۆڤەكان، تەنانەت ئەوانەی كاریشی پێناكەن رێزی خۆی هەیە، وەك پرەنسیپەكانی چاكە ویارمەتیدانی خەڵك خراپی ئەنجامدانی تاوان و ... هتد،
بەڵام كێشەكە بەتەنیا لە خودی ئەو پرەنسیپانەدا نیە، كێشەدا لەوەدایە، كاتێك ئایدیۆلۆژیا دێت و ئەوپڕەنسیپانە بۆ مەبەستێكی تایبەتی خۆی بەكاردەهێنیت وبەسیاسی دەكات! ئاسان نیە مرۆڤ لەناو كۆمەڵگایەكدا بژیت وبتوانێت كەسایەتیەكی رەسەنی تایبەت بەخۆی دروست بكات، بەڵام زۆر گرنگە مرۆڤ بتوانێت نەبێتە مرۆڤێكی خاوەند كەسایەتیەكی دروست كراو، واتە خرابێتە ناو پڕۆسەیەكی بەرهەم هێنان و بەپیشەسازی كرابێت وهیچ پەیوەندیەكی لەگەڵ خودی خۆیدا نەمابێت!
ئەوەی جێگای مەترسیە، مرۆڤی ئەم سەردەمە ئاسانتر دەخرێتە دووتوێی تاقگە كۆمەڵایەتی ودەروونی وسیاسیەكان ووەك هەموو بەرهەمێكی تر كاڵایەكی لێ دروست دەكرێت، كە شێوەی كاڵاكانی تر بەكاردەبرێت وبەگوێرەی پێویستیەكانی كۆمەلگا، یاخود حزب وگرووپ ولایەنێكی دیاریكراوەوە بەكاردەهێنریت، زۆرن ئەوانەی لەسەر بیروباوەڕیكدا خۆیان بەكوشتن دەدەن، كەچی بێئەوەی هەست بكەن، بیروباوەرەكە هی خۆیان نیەو دەروون وكەسایەتی ئەوان بە پیشەسازی كراوە! تێگەیشتن لەم دۆخە، بۆ مرۆڤ، بەتایبەتیش كاتێك دەكەوێتە ناو بازنەی ئەو كارانەی بۆی دانراوە ئاسان نیە، لەبەرئەوەی وای لێكراوە لەناوەخۆیدا بجوڵیتەوە ونەتوانێت چوارچێوەی ئەو بازنەبە بشكێنێت، كە بۆی دانراوە، بەواتایەكی لەكونی بیرێكەوە سەیری ئەو ئاسمانە دەكات، كە بۆی دەست نیشان كراوە... تەنانەت رووبەڕووی هەموو هەوڵیكی رزگاركردنیش دەبنەوە ودژی دەوەستنەوە، چونكە كۆیلایەتی بەشێوەیەك رەگە لەدەروونیان دادەكوتێت، كە نەتوانن لەگەڵ ئازاد بووندا هەڵبكەن!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی