پرتەقالێ بۆ؟

06/01/2022

ئاوات محەمەد

ئیفلاسی سیاسی ئەوەیە نەزانی بۆ چ شتێک چی بەکاردەھێنیت، فۆبیای ترس لەوێوە دەستپێدەکات کەلەبەرامبەر گۆرانییەک شار بکەیت بەسەربازگە، کاتێک فیکتۆر خارا بەدەم گۆرانییەوە گوللەباران دەکرێت، سروود بۆ ئازادی دەچڕێت یان لۆرکای شاعیر لەبەردەم ساربازەکاندا لەکاتی گوللەبارانکردندا بەماریانا دەڵێت: (ماریانا مرۆڤ بەبێ ئازادی چ مانایەکی ھەیە... پێم بڵی کەمن ئازاد نەبم چۆن تۆم خوش بووێت.... چۆن دڵمت پێشکەش کەم کەموڵکی خۆم نەبێت)، چەندین نمونەی تری گیانبەختکردن بۆ ئازادی.

کاتێک کۆمەڵێک گەنج لەسەرئەوەی داوای بچوکترین ماف دەکەن و بەجلی پرتەقاڵیەوە دھێننە سەر شاشە، ھەمان دیمەنی زیندانەکانی ئیسرائیل دێنێتەوە پێشچاومان کەکاتی خۆی لەگەڵ بەرھەڵستکارە فەلەستیینیەکان دەیانکرد، دواتر گۆنتانامۆ و لەکۆتادا داعشمان بیر دەخاتەوە، ئەو کاتەی داعش جلی پرتەقاڵی لەبەر دیلەکان دەکرد، مانای وابوو بۆ مردن ئامادەی کردوون، نمونەی ئەوە سوتاندنی کەسابسەی فڕۆکەوانی ئوردنی و رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە و شەھید ھوجامی ھاو نەتەوەی جل پرتەقاڵیەکانی پیرمەگەروون.

ئەم پۆشاکە بەرلەوەی لەکەمکردنەوەی کەسایەتی ئەو گەنجانە بێت، بەڵگە بۆ جەھلی مورەکەبی ئێوە، کە بە چ نەزانیەکەوە ئەو جلانەتان لەبەر ئەو گەنجانە کردووە، ئەم کارەی ئێوە ئەوە ئەسەلمێنێت کەئێوە خۆتان بەتیرۆرست لەقەڵەم داوە و دیلەکانیش نوێنەری مەزڵومیەتی خەڵکن، واتە لەبری ئەوەی نوێنەرایەتی گشتی بکەن، خۆتان بەنەزانی خستە دەرەوەی بازنەی گشتی و وەک تیرۆرستێک پێناسەتان دابەخۆتان.
لەم ھەنگاوەوە تێدەگەین کەستراتیژیەتی بیرکردنەوەی ئێوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک پێوەرەکان تەنھا لاساییکردنەوە بووە، واتە قۆناغی توتیبوونی بەڕێوەبردن، نەک بیرکردنەوەیەکی ئەقڵانی بۆ داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی دوور مەودا، ئەم کردەوەیە تەسک بینی و بێئەزموونی ئیدارەدانی ئەم ھەرێمە دەردەخات، جگە لەدەرخستنی دیووی عەسکەرتاریەتانەی دەسەڵاتی کوردی، ئەگەر ئەمە جێبەجیکردنی یاسایە، لەپیشدا ئەم شارە لەشەڕی میلیشای بەرپرسەکان رزگار بکەن، ئەو ھەموو تاوانبارەی بەئازادی دەسوڕێنەوە دەستگیر بکەن، ھیچ مەکەن تاوانبارانی کوشتنی ئەو کارمەندە ئەفسەری ناو سیستمی حوکمڕانیتان دەستگیر کەن، کەلەکاتی ئەرکەکەیدا لەلایەن چەکدارەکانتانەوە کوژرا.
ئەوەی لەم ھەرێمە دەگوزرێت بەڕێوەبردنی ئیداری نییە، بەڵکو حوکمڕانی خێڵەکییە، تەنھا ئەوانە دەستگیر دەکرێن کەلەفەرمایشتی ئاغا دەردەچن، جا ئەگەر ئەو کەسە کوێخاش بێت، کاتێک شەقامەکان پڕ دەبن لەدارودەستەی ئاغا و چیان بووێ دەیکەن، ئەوا مانایەک نامێنێتەوە بۆ حوکمڕانی یان لانی ھەرە کەمی ئیدارەدان، ئەوەی دەمێنێتەوە دەچێتە چوارچێوەی ئەوەی ئالان دونو لەکتێبی سیستمی ھیچ و پوچەکاندا باسی دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی