بەرکەوتن و بەیەکدادانی کولتووریی، یان شکستی لێکتێگەیشتنی یەکدی و بەرژەوەندخوازیی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

زاهیر باهیر

دەستەواژەی " بەیەکدادانی یاخود بەریەککەوتنی کولتوور" ماوەیەکی درێژە لە ئارادایە بەڵام هێرشەکانی 11 ی ئەیلوولی 2001 بۆ سەر ناوەندی بازرگانی جیهانی و پنتاگۆن ئەم بیرۆکەیەی زۆر زیاتر بەرچاو خست.  هەر ئەو ڕۆژە جۆرج بوشی کوڕ وتی "ئەمڕۆ هاوشاریانمان، شێوازی ژیانمان، خودی ئازادیمان لە زنجیرەیەک کردەوەی تیرۆریستی بە ئەنقەست و کوشندەدا کەوتە بەر هێرش".

بیرۆکەی 'بەیەکادانی کولتوور' کە دواتر بە شێوەیەکی گشتی " بە بەریەککەوتنی شارستانیەتەکان" ناسراوە. بیرۆکەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان دوای ئەوەی ساموێل پی هەنتینگتۆن ، Samuel P. Huntington ، بابەتێکی لە ساڵی 1993دا بە ناوی پێکدادانی شارستانیەتەکان نووسی ناسرا.  دواتر لە ساڵی 1996 دا فراوانتری کرد و کردییە کتێبێك. هەنتینگتۆن ئاماژەی بەوە دا کە لە دوای جەنگی ساردەوە ململانێکانی داهاتوو زیاتر بەهۆی جیاوازییە کولتووری و ئایینییەکانەوە دەبن نەک جیاوازییە ئایدیۆلۆژییەکان یان ئابوورییەکان.

ڕاگەیاندنەکەی جۆرج بووش لە ڕۆژی کارە تیرۆریستییەکەی ئەیلولی 2001 دا سەرەتایەك بوو یاخود بازدانێك بوو بۆ تێڕوانین و شرۆڤەکردنێکی جیاوازتر تاکو بکرێتە بەهانەیەك بۆ تێڕاونین لە کولتوورە جیاوازەکانی میللەتان  بەو شێوەیەی کە دەویسترێت تا ئەو ڕادەیەی کە وا لێکدەدرایەوە کە ئەمەی ڕوی داوە بەیەکدادانی کولتوورە و میللەتە کوولتور جیاوازەکانن کە خۆشییان بە کولتووری ئەمریکییەکاندا نایەت.  لە بریتانیاش وا شرۆڤەو دەکرا کە گوایە هێڕش دەکرێتە سەر شێوازی ژیانمان.
هەر لەو سەردەمەی هێڕشەکەدا بۆ سەر ناوەندی بازرگانی جیهانی و پنتاگۆن  زۆرێک لە سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان و شرۆڤەکاران بە فراوانتر زاراوەی "بەریەککەوتنی شارستانیەتەکانیان" ناسی و دەستیان کرد بە باسکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و بەشێك لە جیهانی موسڵمانان. بەڵام هەندێکی تر دەیانگوت ئەم لێکدانەوەیە پرسە سیاسی و مێژوویی و ئابوورییە ئاڵۆزەکانی زۆر ئاسان کردووە.
بێ گومان جیاوازی نەتەوەکان و کەمایەتییە نەتەوەکان و کۆمۆنێتییەکان تا دەگاتە جیاوازی نێوانی خێڵەکانیش، جیاوازی کولتوور بەخۆوە دەگرێت، کە ڕەنگە ئادابێکی کولتووری نەتەوەیەك، میللەتێك، لە لایەن نەتەوەکان و میللەتەکانی دیکەوە تا ڕادەیەك غەریب بێت و دەشکرێت بکەوێتە بەر کاردانەوەی خراپیشەوە.
کاتێك کە ئەم دەستەواژەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت، واتە کە شێوەیەکی لاستیکی وەردەگرێت، دەشکەوێتە بەردەم ڕەخنە و شیکاری جیاوازیشەوە.  هاوکاتیش خەڵکانێکی زۆریش زاراوەکە پێچەوانەی ئەوانەی سەرەوە دەبینن و ڕەخنەیەکی زۆرییشیان لەو ڕوانگانە گرتووە و دەگرن. ئەوان دەڵێن ململانێکان دەرئەنجامی حەتمی جیاوازییە کولتوورییەکان نین.
ئەمڕۆ سیستەم لە ڕێگای دەوڵەت و دەسەڵات و میدیای فەرمی و سۆشیال میدیا و چین و تۆێژاڵی باڵادەستی وەکو دەستەبژێر گوێ بەو ڕەخنانە نادەن ، بگرە تێڕوانین و ئەوەی کە خۆیان پێویستیان پێیەتی بۆ چاوبەستکردنی خەڵکی دەیخەنە نێو بڕگە یاساییەکانەوە. ئاشکرایە سیستەم کە دەوڵەت و پایە سەرەکییەکەی مانەوەیەتی سوود لە دابەشکردنی خەڵك لە ڕێگای جیاوازی  زمان و ڕەنگ و پێست و کولتوور و نەریتی جیاوازەوە دەبینێت بەو جۆرە مامەڵەیان دەکات کە لە بەررژەوەندی خۆیەتی.  سەرەڕای ئەمەش زمان گرنگە لە دەربڕینی شتەکاندا هەندێك جار بەڕاستی زمان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هەیمەنەکردن یان دوورخستنەوە بەکارهێنراوە و بەکاردەهێنرێت، کە ئەو زمانە هەموو بەرژەوەندخوازانی سیستەمەکە بە سیاسی و دەوڵەتمەداران و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسانەوە ڕۆژانە گوێمان لێیانە کە چۆن بەکاری دەهێنن.
ڕەنگە جێی گومان نەبێت ئەگەر بڵیین لە بریتانیا دەستەواژەی بەیەکدادانی کولتوور بە باری لوتبەرزی دامەزراوەی بریتانی و  بە نزمبینینی نەتەوەکانی دیکەوە بە هۆی کوولتورە جیاوازەکەیانەوە بە هۆکاری بوونی ئەو پاشخانە سیاسییە ئیمپریالانەوە هەیبووە ، زاراوەکان بەکارهێنراوە و مامەڵەیان پێوەکراوە.
من وەکو خۆم پێم وایە دامەزراوەی بریتانیا لەڕادەبەدەر زیرەکن و چەمکێك بەکارناهێنن بەبێ هەبوونی مانایەکی لاستیکیانە. واتە لێکدانەوە بۆ وشە/زاراوە  دەتوانێت نەرێنی و ئەرێنی بێت بەڵام چونکە بریتانیا ئیمپریالیست و کۆڵۆنیستێکی کۆنی بەهێز بووە، لە بەکارهێنانی چەمك و زاراوەکاندا پێموایە  هەمیشە لە ناو هێنانی چەمك و زاراوەکان مەبەستیان لایەنی نەرێنی بووە. 
بەڵگەیەک بۆ ئەو ڕایەی سەرەوەم بەکارهێنانی دەستەواژەی " سروشتیکردنە" .  پرۆسەی 'سروشتیکردن' ئەو پرۆسەیە  کاتێك پەنابەران دێنە بریتانیا و مافی پەنابەرییان پێدەدرێت ، دوای ساڵێک لە مۆڵەتی نادیار، مافی Indefinite leave یان، هەیە کە ببنە هاووڵاتی ئەم وڵاتە و خاوەنی پێناسەی بریتانی. ئەو پرۆسەیەی کە پێیدا دەڕۆن پێی دەوترێت " سروشتیکردن، Naturalisation ".  بەرگریکەرانی ئەم دەستەواژەیە دەڵێن ئەم وشەیە "سروشتیکردن" بەو مانایە نییە کە مرۆڤ پێش ئەوەی ببێتە هاوڵاتی، "ناسروشتی" بووە.  ماناکەی لە مێژووی یاساییەوە هاتووە نەك لە مانای ئاسایی وشەی سروشتی. دەڵێن ناسنامەدان ئەو پرۆسە یاساییە کە کەسێك کە لە کاتی لەدایکبوونیدا هاوڵاتی نەبووە، دواتر لە ژیانیدا هەمان پێگەی یاسایی بەدەست دەهێنێت. هەروەها زۆرێك لە زانایانی یاسایی و حکومەتەکان ئەم زاراوەیە دەهێڵنەوە گوایە مەبەستیان ئەوە نییە کە حوکمێك لەسەر بەها و ناسنامە و مرۆڤایەتی کەسێك بدەن، بەڵکو مانای تەکنیکی جێگیرکراوی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە.
 بەڵگەیەکی تریان ئەوەیە : زاراوەکە تەمەنی چەندین سەدەیە و لە زۆر وڵاتدا بەکارهاتووە، لەوانە بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا.  بەڵام ئەم پاساوە دروست نییە چونکە کەنەدا و ئەمریکا و ئوسترالیا هەموویان لە سەردەمی جیاوازدا کۆلۆنی بەریتانیا بوون.
ئەوە ڕاستە گەر بڵێین لە وتووێژی ڕۆژانەی ئینگلیز-زماندا  زاراوەی "سروشتی" بەمانای شتێکی ئاسایی یان سروشتی باس دەکرێت .  بەڵام لە کاتێکدا کە پەنابەران بەو پرۆسەیەدا دەڕۆن دەکرێت کەسەکان هەست بکەن کە "سروشتیبوون"  ئەوە دەگەیەنێت کە پەنابەران تەنها دوای بەدەستهێنانی هاووڵاتیبوون دەبنە کەسێکی "سروشتی" لە بریتانیادا.
لێرەدا من قسەم لەسەر زاراوەی ' بەریەککەوتنی کولتوورە ' کە زەمینەی دروستکردنی ئەم دەستەواژەیە بوونی ئەو جیاوازییە کولتوری و نەریت  ئادابەیە کە هەیە لە نێوان میللەتاند. ئەمەش ئاماژە دەبێت بۆ ململانێ، یان تێنەگەیشتن لە نێوان کەسانی پاشخان کولتووری جیاوازدا. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بە جۆرێك لە تێگەیشتن لە مێژو و پێناسینی کولتوورە جیاوازەکە مامەڵە بکرێت .  
کاتێك ئەو تێگەیشتن و زانیارییە نییە دەربارەی کولتوورەکانی دیکە ئیتر لە نەزانییەوە بێت یاخود گوێ پێنەدان بێت  مشتومڕێکی توند و تیژ، توڕەیی و  ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێکان زاڵ دەبێت و  جێگای گفتوگۆ و لەیەکتێگەیشتن  دەگرێتەوە ، کە لەوانەیە تەنها تێنەگەیشتنێك بێت، هیچ دژواری و ناکۆکییەکی تێدا نەبێت.  
بێ گومان هەندێك ئادابی کۆمەڵایەتی یا دینی هەن لەوانە نەناسینی مافی ژنان و بە کەمگرتنیان، نایەکسانییان، بەشوودانیان بە زۆر، بەشوودانی کچانی منداڵ ، خەتەنەکردنی کچان، دژایەتیکردنی هاوڕەگەزخوازان و ترانس،  ئەمانە دەبێت ڕووبەروویان ببینەوە بەڵام نەك بە بەکارهێنانی توندوتیژی و شەڕ و شۆڕ.  بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە ئاداب و نەریتە و پەیڕەوکردنی لە وڵاتانی ئەوروپا و پیشەسازی پێشکەوتودا بەیەکدادانێك لە نێوانی ئادابی ئەوان و ئاداب و نەریتی ئەمان دا دروست دەکات .
ئەو جیاوازییە گەورەیەی کە هەیە لە نێوانی بەیەکادانی کولتوور و تێنەگەیشتن و نەناسینی کولتوری جیاواز، ئەو جیاوازیانە دەکرێت وەك حەتمی یان مەحاڵ دەربکەون و زاڵ ببن کە چەقبەستووانە بۆ چەواشەکردنی لایەنە جیاوازەکانی دیکە بەکاربهێنرێت.  لە ڕوی سیاسیشەوە  دەتوانرێت ئیستغلال بکرێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دوژمنایەتی، جیاکاری، یان تەنانەت ململانێی خوێناوی.
لە بەرامبەردا قسەکردن لەسەر "تێگەیشتن لە کولتووری یەکدی" جەخت لەسەر گفتوگۆ و فێربوون و ڕێزگرتنی یەکتر بکرێتەوە و  خەڵك هان بدرێت پێش تێگەیشتن لە داب و نەریت یان بیروباوەڕی جیاوازیان کە هەیانە،  پێش ئەوەی حوکمیان لەسەر بدەن. تێنەگەیشتن لە کولتوورێکی تر تیشك دەخاتە سەر بوونی پێویستی پەروەردە و پەیوەندی.  گفتوگۆی ڕێزدار و ئامادەیی بۆ تێگەیشتن لە کەسانی دیکە دەتوانێت پێشوەختە نەزانین و نەناسینی کولتورەکان کەم بکاتەوە هەر ئاواش  مەترسی ململانێکانیش. ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێت کە خەڵك لەسەر هەموو بەهایەك یان ئادابێك  ڕێکبکەون.  دەکرێت بە قووڵی لە کولتوورێکی دیکە تێبگەین لە کاتێکدا کە هێشتا لەگەڵ هەندێك لە داب و نەریت یان بیروباوەڕەکانیدا ناکۆك بین. خودی ئەمەش ئاماژە دەبێت  بۆ تێگەیشتن لە نێوان کەسانی پاشخانی کولتووری جیاوازدا.
ئایا لە سای ئەم سیستەمەدا دەکرێت چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت ؟
پێشەکی دەبێت ئەوە بڵێم دەستەواژەکە بە هەردوو شێوەی ئەرێنی و نەرێنی لێکدانەوەی بۆ کراوە و بۆ دەکرێت. ڕووداوەکەی سێبتەمبەری 2001 کارایی زۆر خراپی لەسەر چەمکی بەیەکەوە ژیانی کۆمەڵ و کۆمۆنێتی کولتور جیاواز بە شێوەیەکی نەرێیانە هەبووە و لێکدراوەتەوە. چونکە  گرفتی ئەم پرسە ئەوەیە کە زاراوەی "بەریەککەوتن" ئاماژەیە بۆ ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە و تەنانەت توندوتیژیش. هانی خەڵک نادات سەرەتا بیر لە دیالۆگ، تێگەیشتن، یان هاوکاری بکەنەوە. بۆیە کاتێك سیاسەتمەداران یان میدیاکان ئەو دەربڕینە بەبێ ڕوونکردنەوە بەکاردەهێنن، دەتوانێت ترس و دوژمنایەتی بەرامبەر کولتوورەکانی دیکە بەهێزتر بکات. زۆرێکیش لە خوێنەران ئەو دەستەواژەیەیان بەو مانایە لێکداوەتەوە کە جیاوازی شارستانیەتەکان بە شێوەیەکی سروشتی قەدەریان هەیە شەڕ لەگەڵ یەکتر بکەن. 
کاتێکیش کە قسە لەسەر گۆڕینی زاراوەکە دەکرێت بە زاراوەیەکی دیکە،  زۆرێك لە چەپەکان ، سیاسییەکان ، زانایان ڕایان وایە  کە تەنها گۆڕینی ناوەکە بەس نییە. ئەگەر حکومەتەکان، میدیاکان، یان بزووتنەوە سیاسییەکان بەردەوام بن لە وێناکردنی کولتوورەکانی دیکە وەك دوژمن، ڕەنگە لە کۆتاییدا زاراوەیەکی نوێ هەمان مانای نەرێنی بەدەستبهێنێت. بە واتایەکی تر، هەم زمان و هەم شێوازی بەکارهێنانی گرنگە.
ئەوان دەڵین ڕوونکردنەوەی زیاتر پێویستە و لە زۆرێك لە چوارچێوەکاندا بەکارهێنانی زاراوەیەکی کەمتر ڕووبەڕووبوونەوە، باشترە. چەمکێك دەبێ تا دەتوانێت بە وردی واقیع وەسف بکات بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە ململانێ سروشتییە یان شتێکی حەتمییە.
ئەوە ڕاستییە کە  زمان کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان هەیە و ئەو زاراوانەی کە پێشنیاری دوژمنایەتی حەتمی دەکەن دەتوانن بەشداری بکەن، بە تایبەت لە قۆناغەکانی گرژی سیاسیدا، ڕەنگە  شەڕەنگێزی و لە هەندێک حاڵەتدا پشتگیری لە شەڕ بخولقێنێت.  بەڵام گۆڕینی وشەکان بە تەنیا ناتوانێت ئەو مەترسیانە لەناو ببات، هەتا ئەگەر  ڕوونکردنەوەی وردتر و گفتوگۆی گشتی بەرپرسیارانەشی لەگەڵدا بێت. ڕەنگە کردنی ئەوانە تا ڕادەیەك پرسەکە کاڵ بکاتەوە بەڵام لە ڕەگوڕیشە هەڵیناکێشێت.
کەواتە وەڵامی ئەو پرسیارە دەکەوێتە سەر تێروانین و ئاراستەی فکری کەس و لایەنەکان کە ئەمەش وا دەکات کە وەڵامەکە ڕێژەیی بێت.  هەرچی چەپەکان و ڕیفرۆمیستەکان هەن زاراوەکە دەخەنە ناو مشتومڕی گشتی و سیاسیی سەرەکییەوە. زۆربەیان ئەوەی کە لە سەرەوە بەیانم کرد لایان پەسەندە .  بەڵام لابەلاکردنەوەی تەواوی کێشەکە لای ئەوان بەستراوە بە دەسەڵات وەرگرتن، دەوڵەت و گۆڕانکاری بۆ دەسەڵات و دەوڵەتێکی دیمۆکراسی کە نوێنەرایەتی تەواوی گەل بکات. بە ڕای ئەوان ئەو کاتە ئەم پرسەش دەبێتە یەکێك لە پرسەکانی دەوەڵەت و دامەزراوەکانی  کە دەتوانن بوار بۆ دانوستان و فێربوون و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بخولقێنن.        
بەڕای من کێشەکە تەنها زاراوە نییە، هەروەها لە پرۆسەی گۆڕانی دەسەڵات و دەوڵەتیشدا لابەلا نابێتەوە.  شێوازی تێگەیشتنە لە پەیوەندی نێوان کولتوور و گەلە جیاوازەکان.  ئەوەندەی من بزانم ڕێبازی  ئەنارکیستی ئەو بیرۆکەیە ڕەتدەکاتەوە کە بوونە گەورە و جێگیرەکان کە پێیان دەوترێت "شارستانیەتەکان" بە شێوەیەکی سروشتی لەگەڵ یەکتردا ناکەونە ململانێ . بێ گومان زۆر یان کەم  موسڵمانان هەن دژایەتی پاوانخوازی ئیسلامی دەکەن و ڕۆژئاواییش هەن دژایەتی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا دەکەن.  هەروەها دەشکرێت موسڵمانانێك و ڕۆژئاوایی هەبن کە هاوکارییەکی تەواو باشیان هەبێت.
بەڕای من ڕەنگە دروستتر بێت کە دەستەواژەی "ململانێی دەسەڵات و بەرژەوەندی"  لە جێگای  دەستەواژەی " بەیەکادانی کولتوری جیا یاخود شارەستانی جیا" دابنرێت.  کێ هەیە نکوڵی لەوە بکات کە کولتوری هەندێك لە وڵاتە ئیسلامییەکان، وەکو سعودییە ، پاکستان و دەولۆتکەکانی کەنداو و ئەوانی دیکە  لەگەڵ ئەمەریکا و بریتانیاو وڵاتانی ئەوروپادا زۆر جیاوازن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ' جیاوازی ئەو کولتورە نابێتە بەکارهێنانی توندوریژی و جەنگ لە نێوانیاندا، چونکە لە بەرژەوەندی یەکدیدا پەیوەندییەکانیان یەکە ، هەر کاتێکیش بەرژەوەندی نێوانیان نەما پەیوەدنییان گەیشتە ڕادەیەك، بێ گومان ململانێی پاوانەخوازی و دەسەڵات دەکەوێتە بەینیانەوە، لە هەندێك کاتیشدا ڕەنگە بگاتە جەنگ . لەو کاتەشدا زاراوەی کولتووری جیاواز و بەیەکادانی کولتوورەکان بۆ ناکۆکی جەنگەکان دەبنە پاساو.
جیاوازی مرۆڤایەتی بە ناچاریی، ناکۆکی و ململانێ بەرهەم ناهێنێت. ململانێ و ناکۆکی کاتێك سەرهەڵدەدات کە جیاوازییەکان بەهۆی سیستەمی دەسەڵات و باڵادەستی و کێبڕکێ و لێبوردەیی، بگۆڕدرێن بۆ دوژمنایەتی نێوان مرۆڤەکان.
لەم قۆناخەی ئێستادا کە هێشتا دەوڵەت و پایە سەرەکییەکانی، جیاوازی چینایەتی و کۆمەڵی پلەبەندیی / هیرراشی هەن و بەردەوامن دەکرێت لە ئێستادا بەشێك لە خەباتمان کەمکردنەوەی پێکهاتەکانی دەسەڵات بەخۆوە بگرێت کە جیاوازی و پەیوەندی نێوان خەڵك دەگۆڕن بۆ بەرژەوەندخوازی و هەژموون و دوژمنایەتی و توندوتیژی. واتە زەروورە ئەرکی هەنووکەیمان  هاندانی دروستبوونی ، دروستکردنی  کۆمەڵگە و کۆمۆنێتی ئازاد، ئاڵوگۆڕی کولتووریی، سەربەخۆیی/ئۆتۆنۆمی تاك بێت. هەروەها خەبات دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت بە هەموو شێوەکانییەوە ، هاوپشتی نێونەتەوەیی، نەك ئەوەی کە ئەمڕۆ ناوی لێنراوە  شارستانیەت، ناسیۆنالیزم، دەسەڵاتی دەوڵەت، ململانێ و کێبڕکێی میلیتەریی، کۆمەڵی پلەبەندیی / هەرەمیی و  دەسەڵاتی ئایینی یان ئایدیۆلۆژی.
















ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی