کورد و هەزار قسە

4 کاتژمێر پێش ئێستا

دێرین کەمال چاوشین


کورد و هەزار قسە، زنجیرە بابەت و وتارێکە کە لە کاتی خۆیدا بڵاو دەکرێتەوە. باس لە چەند خانەیەکی شێرپەنجەیی و چەند هۆکارێکی ئەوتۆ دەکات کە کورد لە مێژوودا و لە ئێستاشدا پێیانەوە گیرۆدەیە؛ ئەو هۆکارانەی وایان کردووە کورد نەتوانێت وەکو نەتەوەیەکی نزیکەی پێنجا ملیۆن کەسی، گوزارشت لە مافەکانی خۆی بکات و لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا نەشونمای بیرێکی ئازادانەی نەتەوەییانەی خۆی بباتە پێش.
لەوانەیە خەڵکانێک حەزیان لە دەموچاوی کوردایەتی نەبێت و بڵێن: «جا نەتەوایەتی چییە تا بە گرنگی بزانین؟». لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەمەوێت بڵێم: مرۆڤ لە هەر قۆناغێکدا لەسەر بنەمای شتێک خەباتی کردووە کە لەو سەردەمە و لەو قۆناغەدا باو بووە. دەکرێت بڵێین ئەوە هەلومەرجی ژیانە وا لە مرۆڤ دەکات چۆن و لە پێناو چی خەبات بکات.
بۆ نموونە، لە یۆنانی کۆندا «دەوڵەت-شار» هەبوو؛ هەر شارێک دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆی هەبوو و هەموو تاکەکان ئینتیمایان تەنیا بۆ شارەکەی خۆیان بوو، تەنیا لە پێناو شارەکەی خۆشیاندا تێکۆشان و تەقەلایان دەکرد. هەروەها لەو قۆناغانەی کە ئاینەکان هاتبوون بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک، مرۆڤەکان لە پێناو بڵاوبوونەوە و بەهێزبوونی ئاینەکەیان خەبات و تێکۆشانیان دەکرد. بێگومان دەتوانین بڵێین: ئاینەکان گشتگیرترین فۆڕمی ڕێکخستن بوون لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. ئەوەی ئاینەکان ویستوویانە، نە ڕەنگی مرۆڤ بووە، نە زمانی قسەکردن، نە خاکی هاوبەش؛ بەڵکو تەنیا ویستوویانە هەموو خەڵکێک لەسەر خودایەک کۆک بێت کە دروستی کردوون، وە لەسەر پێغەمبەرێک کە نێردراوە بۆ گەیاندنی پەیامەکە. دەتوانین بڵێین تاوەکو ڕووخانی ئیمپراتۆریەتەکانیش، ئاین فاکتەری یەکەم بوو سەبارەت بە ڕێکخستنی ئیمپراتۆریەتەکان.
بەڵام لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتەکان، کاتێک مرۆڤایەتی پێ دەنێتە قۆناغی (دەوڵەت-نەتەوە)، باوترین فۆرمی ڕێکخستن دەبێتە نەتەوە بۆ دروستکردنی دەوڵەتەکان. واتە: لە دوای نەمانی قۆناغی ئیمپراتۆریەتەکان و ڕوخانی ئەو ئیمپراتۆریەتانەی لەسەر بنەمای ئاین دروست بووبوون («عوسمانی» بە نموونە)، زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی دروستکران و بنیادنران، لەسەر بنچینەی نەتەوەیی بوون. بۆ نموونە: هۆڵەندییەکان دەوڵەتی هۆڵەندا، ئەڵمانییەکان دەوڵەتی ئەڵمانیا، فەڕەنسییەکان دەوڵەتی فەڕەنسا و... هتد. دەکرێت دەوڵەت هەبێت لەسەر بنەمای نەتەوە دروست نەکرابێت، بەڵام فۆرمی گشتی دەوڵەتانی جیهان، فۆرمی دەوڵەتی نەتەوەییە.
ئەم قسانەم بۆ پاڵپشتیی ئەوە کرد کە: ئێمە کوڕی ئەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆین، سا پێویستە لە پێناو شتێکدا تێبکۆشین یاخود شتێک بەدەستبهێنین کە لە سەردەمی ئەمڕۆدا بڕوای پێبکرێت و بە کەڵکمان بێت! ئەمە دوورە لە بانگەشەی بیری ناسیۆنالیستی، بەڵکو باسکردنی واقیعێکی ناچارییە؛ بتەوێت و نە تەوێت، لەژێر ناوی نەتەوەکەتدا دەتوانیت ببیت بە شتێک، نەک هیچیتر!
ڕەنگە زۆر خەڵک پاڵپشتی ئەم قسەیەم نەکەن، یان تا ڕادەیەک دژایەتیشی بکەن. بەڵام لە سەردەمی ئەمڕۆدا بەڕای من، کورد بە چەشنی نەتەوەی عەرەب، ئیتر دەبێت جیهانێکی بەناو بکرێت و لە «گەلی کورد»ـەوە ناوەکەی بگۆڕدرێت بۆ «جیهانی کوردی». چونکە بەڕاستی لق و پۆپمان لە شێوەزار، کلتور، دیدگەی سیاسی و هەموو لایەنێکەوە هێندە زۆرن، کە ئیدی دەکرێت بڵێین جیاوازییەکەی نێوانمان وەکو عەرەبێکی عێراقی و عەرەبێکی مەغریبی وایە.
من وەکو خۆم، هەر کەسێک کورد بێت و بە زمانی کوردان قسە بکات، بە شێوەیەک بێئەوەی خۆم بمەوێت یان نەمەوێت، خۆشم دەوێت. ئەو قسەیەی کە دەڵێم «کورد پێویستە ببێتە خاوەنی جیهانێک، و هەر کوردێک لە هەر پارچەیەکی کوردستان بە جیا دەبێت شۆڕش و داواکارییەکانی لەو پارچەیە پەرە پێبدات لە پێناو مافەکانی کورد لەو بەشەدا»، هەر لە خۆیەوە سەرچاوەی نەگرتووە.
ئەگەر ڕاچڵەکین و ئاوڕێک بدەینەوە، ئێمە زیاتر لە سەد ساڵ بەر لە ئێستا بووینە بەشێک لە پڕۆژەی ڕێککەوتنی وڵاتان؛ بووینە گرەوی نێوان زلهێزەکان و وەکو کارتێک بەکارهێنراین بۆ ڕازیکردنی دڵی هەریەک لەو چوار دەوڵەتەی ئێستا لەسەریان ئەژمار کراوین. سا لەو بارودۆخ و هەلومەرجە سیاسییە خنکێنەرەی ئێستادا، وا باشترە هەر کوردێک لە پارچەکەی خۆیدا تەرکیز و بیروهۆشی بخاتە سەر بەرەوپێشچوونی کەیسی کورد لە پارچەکەی خۆی.
جگە لەوەش، ئەگەر هەموومان یەک بین، دەبینە یەک ئامانج بۆ دوژمنان. پێم وایە بۆ تەڵخکردنی بەرچاوی دوژمنان، ئەو چوارپارچەییە لە لایەنی سیاسییەوە سوودی هەبووبێت. بێگومان بەرەوپێشچوونی کەیسی هەر نەتەوەیەک تەنیا بریتی نییە لە شۆڕشی چەکداری و ڕووبەڕووبوونەوەی فیزیکی، بەڵکو بەرەوپێشچوون دەکرێت لە هەر لایەنێکدا ڕوو بدات. نموونەی بەرەوپێشچوونی کەیسی کورد لە هەر پارچەیەک بە شێوەیەک بووە؛ ئێمە ئەگەر لە ڕووی هونەری گۆرانیگوتنەوە تەماشای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، دەبینین ئەوان بوونەتە سەرمەشقێکی فرەگەورە بۆ هونەری کوردی لە سەدەی بیستەمدا. ئەوەش ڕەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر کەیسی کورد هەبووە بۆ کەسێک کە بخوێنێتەوە و بیەوێت بارودۆخی کورد لەو قۆناغەدا هەڵسەنگێنێت.
بە شێوەیەکی ڕەها و بێ هیچ دوودڵییەک دەتوانم ئەوە بڵێم: ناحەزانی نەتەوەی کورد، بە گریانی هەر منداڵێکیش قەڵس دەبوون ئەگەر گریان ناسینەوەی هەبووایە و بیانزانیبایە ئەوە کوردە، چ جای کەسێک بە هونەر و ئاوازەوە لافی کوردبوونی خۆی لێبدات!
بەڵام کورد لە دونیای ئەمڕۆدا لەو قۆناغەدا نەماوە کە لەسەر هەمان میتۆدی کارکردن و شۆڕش بەردەوام بێت. ئیتر پێویستە ستایلی مۆدێرن بەکاربهێنرێت کە جیاواز بێت لە ستایلێکی زەلیلانە کە هەر بە گریان داوای مافی بوون و وجودی خۆی بکات؛ بەڵکو دەبێت وەکو ڕۆڵەکانی هەر نەتەوە و وڵاتێک، بە وەرزش، زانست، سۆشیال میدیا و تەکنەلۆجیا، بتوانرێت وجود و بوونی کورد بسەلمێنرێت و هەموو جیهان تێبگات لەوەی میلەتێکی پێشکەوتنخواز هەیە کە تەنانەت خاوەنی ئیمۆجییەکی ئاڵای وڵاتەکەی خۆی نییە، کەچی ئاڵا ناسنامەیە!
من لە **«کورد و هەزار قسە»**ـدا هۆکارگەلێکی کاریگەر باس دەکەم؛ کە دەبوو چۆن بێت و ئێستا چۆنە؟ چەند لایەنێکی گرنگ دەخەمە ڕوو کە زەروورە تاکی کورد تێیانبگات و بە شێوەیەکی ڕێکخراو هەوڵ بدات بۆ بەپڕۆژەکردنیان تا بتوانرێت بهێنرێنە سەر ئەرزی واقع. بابەتەکە زیاتر جەخت لە فاکتەرەکانی سەردەمی ئێستامان دەکاتەوە، چونکە دونیای ئەمڕۆ کە جیهانی سۆشیال میدیا و تەکنەلۆجیایە، فۆڕمێکی جیاوازتری هەیە لەوەی لە پێشوودا هەبووە.
هەڵبەت ئەو قسانەی لە سەرەوەدا کردم و پشتگیریی ئەوەم کرد کە هەر کوردێک لە پارچەکەی خۆیدا چالاک بێت، بۆ ئەوەیە کە ئێستا من بتوانم زیاتر لەسەر کوردستانی باشوور بدوێم. چونکە بارودۆخی کوردستانی باشوور یەکجار جیاوازە لە پارچەکانی تر و لێرە تا حەدێکی باش دەتوانرێت ئامانجەکان بپێکرێن؛ ئەویش بەهۆی ئەو قەوارەی هەرێمەیە کە زۆر کەس گرەوی لەناوچوونی دەکات، زۆر کەس بەلاڕێدا براوە و تەنانەت ڕای گشتیش ئێستا دژی ئەو قەوارەیە کار دەکات. ئەوەش بەهۆی تێکەڵکردنی شتەکانەوەیە، بە جۆرێک کە حکومەتەکانی دەوروبەر بە وردی ئیش لەسەر ئەوە دەکەن هێزی کارتۆنی و پۆپۆلیست دروست بکەن بۆ بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگە و ڕای گشتی. (ئەم قسەیە مانای ئەوە نییە تێبینی لەسەر چۆنییەتیی حوکمڕانی نەبێت، یان ڕای جیاواز و ئۆپۆزسیۆن نەبێت؛ بەڵکو قسەکە لەسەر هێزی کارتۆنی و دروستکراوی دەرەوەیە).

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی