فەیسبوک خۆراکی نەرجسیەکان

07/01/2022

ئارام سەعید

مایکڵ کارسن لەزانکۆی دێنڤەر دەڵێت" بەبۆچونی من ئاساییە خۆت وەک کەسێتی سەرەکی ببینێت لەژیانی تایبەتی خۆتدا، بەڵام زۆرباشە ئەوە بزانین کە ئێمە کەسێتی سەرەکی بەشەریەت نین"
فەیسبوک بۆتە ماڵێک کە گەورە وبچوک پێی تێ ئەخات، سەکۆیەکی کۆمەڵایەتیە تیایدا گفتوگۆ و یەکترناسینی زۆر تیدایە، هەربۆیە کۆمپانیاکان وحزبەکانیش ناچارن شوێن پێیان هەبێت لەو سەکۆیە، تیایدا دەزانریت هەرکەس گرنگی بەچی دەدات و ئارەزوی چی هەیە. ئەم جیهانە ئیفترازییەی لە فەیسبوکدا هەیە کۆمەڵیک رواڵەت و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆ نمونە دەتوانیت هاوڕێت لەهەموو جیهاندا هەبێت وهەواڵی یەکتر بزانن، سنور تیایدا نیە، کەواتە ئەم نەوە تازەیە کە جیهانیکی نوێیان لەبەردەستدایە وەک نەوەی پێشوو نین.

رۆژانە هەرکەس لەریگەی فەیسبوک،ئەنستاگرام، تویتەر، سناپ چات باسی ژیانی خۆی،خواردنەکان،گەشتەکانی، پیاسەکانی و سەردانەکانی نیشانی ئەوانی تر دەدات... ساڵی ٢٠١٣ گۆڤاری تایم ئەو دیاردەیەی ناونا " من من من " کەئەویش ئاماژەیەکە بۆنەوەیەک کە خەونە تایبەتەکانی خۆی دەخاتە پێش چاو، ئەم دیاردەیە لەگەڵ سەرهەلدانی سۆشیاڵ میدیا تەواو زیادیکردوە.

فەیسبوک بەشیوەیەک فراوان بوە کە بۆتە بەکارهێنانێکی کۆمەڵایەتی و بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی کۆمەڵایەتی گەنجان بەتایبەتی، چونکە لەرێگەیەوە گوزارشت لەخۆیان دەکەن و تەکنەلۆژیایەکی گرنگە بۆ پەیوەندی کردن و کاریگەری دروستکردن لەسەر یەکتر، لەم پێگەیەدا وتار بڵاو دەبێتەوە،گفتوگۆی نێوان هاوڕێان هەیە، وێنە بڵاوکردنەوە، گروپی جیاجیا هەیە،کەمپەین وهاشتاگی جۆراوجۆر هەیە، کەرێگە بە فراوانبونی ئەو جیهانە دەدات کە ئێستا کۆمەڵگەکەمان تێیدا دەژی.
فەیسبوک سەکۆی نەوەیەکە و تیایدا گفتوگۆ دەکرێت و هاوڕێ زیاد دەکرێت و هاوڕێ لادەبرێت و دەسڕێتەوەو هەندێ جار سەرکوت دەکرێت. لیرەوە ئارەزوو حەزی ئەوتاکانە زیاتر دەردەکەوێت کە نەرجسین و دەیانەویت خۆیان نمایش بکەن، نوسەرێکی فەرەنسی دەڵێت "جیهانێکی یۆتۆپیای کۆمەڵایەتیە فەیسبوک"  بەئارەزوی خۆت دەتوانیت کێت بوێت لای بەریت و کێت بوێت زیادی بکەیت یان سەرکوتی بکەیت.

 بەشێک لەو دەرکەوتنانە پەیوەندی بەکەسانی نەرجسیەوە هەیە کەزۆر پێش سۆشیاڵ میدیا بونی هەبوەو بەگوێرەی ئەفسانە یۆنانیەکە باس لەگەنجێک دەکات کە زۆر خۆشەویستی بۆ وێنەکەی خۆی هەیە ، لەئاوێکدا وەک ئاوێنە سەیری دەکات و تامردن لێی ورد دەبێتەوە... کەدەتوانین ناوی بنێین خۆشەویستی زیاد لەپێویست بۆ وێنەی خود... لەهەموماندا نەرجسیەت هەیە بۆیە ناکرێت وەک نەخۆشی باس بکرێت تا دەگاتە ئەو حاڵەتەی کە کۆنترۆڵ نەکراوە، چونکە لای هەندێک کۆنترۆڵکراوەو نایەڵێت لەدەست دەرچێت.

 سۆشیاڵ میدیا دەرفەتێکی گەورەی داوە بۆ تێرکردنی ئارەزوی ئەوکەسانە کە نەرجسیەتیان بەرزە، دەتوانن وێنەکانی خۆیان و چالاکی و شانازیەکانیان بەردەوام بڵاوبکەنەوە و تەنانەت لای هەندێک کەس بوە بە ئالودەبوون.. تۆڕە کۆمەڵاتیەکان دەرفەتێکە کە هەرکەس ژیانی تایبەتی خۆی تێدا بڵاودەکاتەوە، ئەمەش ئاساییە، بەڵام لای هەندیک زۆر ناتەندروست بەکاردێت و هەڵسوکەوتی نەرجسیانەی پێوە دیارە، لەمبارەیەوە دۆمینیک گاماش مامۆستای زانکۆ لە کیوبێک لە کەنەدا نوسیویەتی" پەیوەندی هەیە لەنێوان نەرجسیەت و هەندێ هەلسوکەوتی دیاریکراو لە سۆشیاڵ میدیادا" ئەو سیفەتانەش دوو جۆرن یەکێکیان ئەوانەن کەهەڵسوکەوتی وادەنوێنن کە زۆر مەزنن و خۆیان بە گەورە دەزانن، خۆیان بە سەرکەوتوو لەقەڵەم دەدەن، دووهەمیشیان ئەوانەن کە لاوازن زۆر خۆیان بەکەم دەزانن و کێشەی گەورەیان هەیە لەوەی بەکەم سەیر دەکرێن" کەهەردوکیان ناتەندروستن.

جۆری یەکەمەکان هەمیشە وێنەکانی خۆیان بە جوانکاری و دەستکاریکردن و گرنگی دان بە دەرکەوتنی جوان دەدەن، تەنانەت ئەگەر فێل و ساختەش لە وێنەکە بکرێ بۆیان گرنگ نیە، بەڵکو ئەوەی گرنگە جوان وەک ئەوە دەربکەون کە خۆیان دەیانەویت ، وێنەی مۆدێلەکان و هەندێک لە سیاسیەکان و هونەرمەندە ساختەکان لەوجۆرەن.. ئەو مامۆستایە دەڵێت" هەموو هەوڵیان لەدانانی ئەو وێنانە ئەوەیە کاردانەوەیان دەستبکەوێت، کات و وزەیەکی زۆر بەخەرج دەدەن بۆ چاودێری کۆمێنت و لایکەکان، زانینی ژمارەی لایکەکان لەسەر پۆستەکانیان،ئەمانەیان زۆربەلاوە گرنگە"  

بەکارهێنانی بەردەوامی سۆشیاڵ میدیا بۆتە خویەکی کۆمەڵایەتی و لەلای هەندیک بەتایبەتی ئەوانەی زۆر بەناو خۆیاندا رۆچونەتەوەو دابڕاون دەرفەتێکی باشە کە ئیتر پێوتیستیان بە سەردانی کەس نیە و لەرێگەی ئەو تۆڕانەوە هەواڵی ئەوانی تر ئەزانن و پێویستیان بە پەیوەندی روبەروو نیە، سناپ چات ڤیدیۆی هاوڕی و دۆستەکانی دەبینێت لەویوە هەواڵپرسی دەکەن و خواردنەکانی یەکتر دەبینن و ئاگاداری گەشتەکانی یەکترن. ئەتوانین بڵێین فەیسبوک نەرجسیەتی مرۆڤی ئێستا زیاتر دەکات ئەگەر بە وریاییەوە مامەلەی نەکریت.
جۆرێکی ترهەن لەنەرجسیەکان کە ئەوانەن تەواو ئالودەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوون و چەندین گەشتی درۆ و چیرۆکی درۆ باس دەکەن لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و هەر مانگەی کۆمەڵیک خەڵکی زۆر سەرقاڵ دەکەن بەو چیرۆکانەوە، ئەمانە ئەوانەن کەخۆیان بە پاڵەوانی سەرەکی دادەنێن، یان خۆیان وا دەناسێنن.

 ئەگەرکەسێک گرفتی دەرونیی هەبێت و هەست بەوە بکات دوو کەسێتی هەیە ئەوکات خۆی وەک ئەو کەسە نیشان دەدات کە لە خەیاڵی خۆیدایە نەک ئەو کەسەی کە هەیە...ئەوەی رێگە دەدات بەدروستکردنی کەسێتی وەهمی ئەوەیە دەتوانیت لە سۆشیاڵ میدیا ناسنامەی خۆی ئاشکرا نەکات و ئەو کەسیتیە دروست بکات کە خۆی دەیەوێت... نەرجسیەت نەخۆشی نیە بەڵکو لەهەموماندا هەیە بەڵام گرنگە هاوسەنگی بپارێزین و نەگاتە ئاستی نەخۆشیی، بەشێوەیەک وێنەیەکی ناڕاستی خۆت لە سۆشیاڵ میدیا نیشان بدەیت و وێنە راستیەکە بشاریتەوە... لەبەرئەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لەو تۆڕانەدا رووبەروو نیە، لەرێگەی تەکنەلۆژیاوەیە بۆیە بوارێکی زۆر هەیە بۆئەوانەی کێشەی دەرونیان هەیە پێویستیان بە دروستکردنی کەسێتی وەهمی هەیە دەرفەتێکی زێڕینیان هەیە بۆ ئەوەی خۆیان بکەنە پاڵەوانی خەیاڵیی و سۆشیاڵ میدیا خۆراکی باش دەدات بەو کەسانە...
لای هەندێک لایکەکان و شەیرکردنی بابەتێک، مێشکی هەمان ئەو مادەیە دەردەدات کە لەکاتی خواردنی مادەیەکی بێهۆشکەردا دەری دەدات و بەومانایەی تەوا مەست دەبێت بەلایکەکان و لەکاتی کەمبون و نەمانی ئەو لایکانە توشی توڕەبوون دەبێت وەک ئەوەی مادەی هۆشبەری لێبڕابێت... 

ئەگەر لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو تەلەفزیۆن هەندێک تینوێتی ئەو نەرجسیانەی تێر کردبێت ئەوا لەدوای دووهەزارەوە سۆشیاڵ میدیا نەوەیەکی تەواوی دروستکردوە لە سەرکردەو هونەرمەندی دروستکراو بەتاڵ، بێژەر و پێشکەشکاری سەیروسەمەرە، چەندین گاڵتەجاری دروستکردوە بێ ئەوەی هونەریان هەبێت ناو ناوبانگیان هەیە. کارێکیان کردوە هونەرمەندی داهێنەر و راستەقینەکان وون ببن و لەجیاتی ئەوان هەوادارانی ئەم گاڵتەجاڕییە خویان داوەتە رابواردن و زۆرترین لایکیان بۆ دەڕوات. بۆیە بەهاکانی کۆمەڵگە بۆساڵانی ئایندە تەواو گۆڕانکاری بەسەردا دێت لەسایەی ئەم جیهانە نوێیەی کە سۆشیاڵ میدیا دروستیکردوە و کاردەکاتە سەر هەڵسوکەوت ئاکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت ئابوریش. سیاسیەکانیش ئەم تۆڕە بەکاردەهێنن بۆ ڕواکردنی لایەنگرانیان و پەیامە باق و بریقەدارەکانیان پەخش دەکەن لێوەی. بەکارهێنانی زۆر و ئالودەبوون کاردەکاتە سەر ئایندەو نەوەی داهاتوو، لەناو واقیعدا نامێنن و سەرنج و رەفتاریان سەر بەجیهانێک دەبێت کە لە واقیعی کۆمەڵگا دا نیە بەڵکو رەنگە لە دەرەوەی کۆمەڵگەکەی خۆی بێت. بەنمونە ئەگەر ئێستا راپرسیەک لەسەر خەونەکانی مناڵانی خوێندنگەیەکی بنەڕەتی بکرێت و پرسیاریان لێ بکریت لەسەر ئێستای هەرێم و خەونەکانیان وەڵامی جیهانێکمان دەست دەکەوێت کەتەواو جیاوازە چونکە ئەوان لە یوتیوب و یاری و گەیمەکانی ئای پادەوە جیهانێکی تر دەناسن.   

لە کۆتایدا رەنگە بۆ ئایندە بگاتە ئەوەی تواناکانی مرۆڤ لەسەر بنەمای ژمارەی لایکەکانی فەیسبوک بپێورێت. یان ئەوانەی لە سۆشیاڵ میدیا نین ژیانیان سەختتر بێت، ئەم رۆشنبیریە تازەیە ئەگەر بەوردی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت ئەوا چۆن بەشێک لەبەهاکانی کۆمەڵگەی وێرانکردوە ئەو بەشەی تریش بەرەو داڕمان دەبات، چونکە ئیتر بەشێکی گەورەی ژیانی تاکەکان بریتیە لە سۆشیاڵ میدیا کە ئامرازێکی گرنگە بۆ ژیان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی