پلانەکانی پێشترو دابەشکاریەکانی ئێستای عێراق

12/01/2022

بەختیار شارەزوری‌و سەرکەوتی جیهاز

عێراق بوەتە سەکۆیەک بۆ بەریەککەوتن‌و ڕێککەوتن‌و گۆڕینەوەی کارتی وڵاتانی زلهێزو وڵاتانی ناوچەیی، لەم ڕوانگەیەوە ئەوەی ئێستە لەعێراق ڕوو دەدات ڕوداوێکی چاوەڕوانکراو بوو بەوپێیەی کە پێشتر جموجۆڵی حیزبی‌و وڵاتانی ناوچە لەعێراقدا دەبینران‌و ڕەسمی دابەشکاری پۆستەکان کرابوو، ئەوەش دەزانین کە تورکیاو ئێران دوو دەوڵەتن لەزۆرێک لەوڵاتانی ئەم ناوچانەدا نەک هەر ڕۆڵیان هەیە، بگرە خاوەنی بڕیارن‌و لەنێوان خۆشیاندا (ئەنقەرەو تاران) هاوبەرژەوەندین‌و لەزەهاوو ئەرزڕۆمەوە تائێستا ڕێککەوتنەکانیان بەردەوامی هەیەو زۆرکات کارتەکانیان‌و مەهامیان بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی یەکتر دەگۆڕنەوە، بۆ نمونە سوریا بۆ تورکیاو عێراق بۆ ئێران، یەمەن بۆ ئێران‌و لیبیا بۆ تورکیا، هەردولاشیان سیاسەتی قوڵ لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکان دەکەن، ئێران لەعێراق خاوەنی هێزی نەرم‌و هێزی ڕەقە، واتا هیچ هێزێک لەدەرەوەی کاریگەری‌و باڵادەستی ئێران‌و تورکیا نییە، ئێران هێزە ڕەقەکانی بەردەوام یاری پێدەکات لەسەر هێڵیکی بەرزو نزم، بەڵام هێزە نەرمەکەی وەک جۆین لەنێوان خۆی‌و دوژمنەکانیان سەیردەکات‌و نەرمەو لەسەر یەک هێڵی ڕاست دەڕوا بەدنیایەک سیناریۆوە، لەپێش ئەم هەڵبژاردنانەدا هێزە ڕەقەکەی بەرامبەر کۆمەڵیک ڕیکەوتن خەواند وەک (خەز عەلی، عامری، مالیکی، یەکێتی لەسەر ئاستی عێراق نەک کوردستان) لەبەرامبەردا کاری لەسەر هێزە نەرمەکەی کرد کە سەدرو بەرەی تشرین‌و هاوشێوەکانی بوە.

ئێمە دەزانین مەبدەئی (تەوافق) سازان لەعێراق کاری پێدەکرێ جا ئیتر ئەم کازمیە کام تەوافقی پێ قبوڵە چۆن کاری پێدەکات ئەمەیان بابێکی ترە، بەپێی ئەم سازانە سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شیعەو سەرۆکی کۆمار بۆ کورد، ئیتر لەخوار ئەمانەوە هەموی بەشکراوە، جا هەر هەمان خەریتە بۆ کوردستانیش هەر وایە، با بڵێین چۆن:

ڕێککەوتنامەی ستراتیژی کە لەئەنقەرەو تارانەوە دانراوەو وڵاتانش تائێستا مامەڵەی بەرژەوەندی خۆیانیان لەگەڵ کردوە، ئەگەرچی وڵاتانی وەک ئەمریکاو فەرەنساو بەریتانیاو ئەڵمانیاو هتد، کۆمەڵێک هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی دابەشکاری نەهێڵن، بەڵام هیچ دەرئەنجامێکی نەبوەو نابێ، ئەم ڕێککەوتنە لەسەر ئاستی کوردستان بۆ پۆستەکانی ناو کوردستان‌و عێراق دابەشدەبێت بەسەر هەردوو زۆنەکەدا بەپەنجا بەپەنجا، سەرۆکی کۆمار کە پشکی کوردە بۆ زۆنی سەوزو یەکێتی لەبەرامبەردا سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی، جا دەتوانن بیگۆڕنەوە، کە پێشتر هەوڵێک درا کە نێچیر بچێتە کۆشکی سەلام‌و بەرهەم بێتەوە سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام لەبەرئەوەی هاوسەنگی نێوان زۆنەکان تێکدەچێت‌و پارتیش بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ململانێی مەسرورو نێچیر زۆر پێویستی بەو پۆستە هەیە، پۆستێکی تر سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر سەرۆکی پەرلەمانە کە دەبێ هەرکات سەرۆکی پەرلەمان بۆ پارتی بوو ئەوا سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ یەکێتی دەبێت‌و بەپێچەوانەشەوە (بەرهەم‌و کەمال)، کە دەبوو بەدوساڵ بەدوساڵ بێت، بەڵام پارتی قۆرخی کردوەو یەکێتی بەهۆی کۆچی دوایی مام جەلال‌و کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆییەوە نەیتوانیوە ئەم گۆڕینەوەیە بکات، حزبەکانی تریش پشکیان هەیە لەم ڕێککەوتنانەدا بەپێی زۆن، بۆ نمونە گۆڕانی کۆن 75% لەزۆنی سەوز 25% لەزۆنی زەرد، یەکگرتوو پەنجا بەپەنجا لەهەردوو زۆنەکە، ئا بەمشێوەیە بۆ هەمویان.

ئەوەی لەعێراق دەگوزەرێ هیچ شتێکی نوێ نیە پێشتر ڕەسمی کراوەو ئێستە جێبەجێدەبێت، سێلایەنە سەره‌کیەکە بەپێی دابەشکاری‌و خەریتەی وڵاتانی دەرەوەو ڕێککەوتنیان هەمان شت دابەشکراوەو ئێستە جێبەجێدەکرێ‌و کاندیدەکانیش لەهەرلایەک بێت دەبێت لایەنەکەی تر ئۆکەی لەسەربکات، بەڵام لەنێوان کاندیدو کوتلەی حیزبەکاندا ململانێی قوڵ دروستدەبێت، ساڵی 2022 هەم نرخی نەوت بەرزدەبێت هەم بانکی ناوەند بڕیار لەسەر دابەزاندنی بەهای دولار دەدا لەبەر ئەوەی کورتهێنانی بودجە نامێنێت‌و جارێکی تر بەهۆی کۆرۆناو ئۆمیکرۆنیشەوە ئەگەر زیاتر بڵاوبێتەوە ناهێڵن جموجۆڵی ئابوری بازرگانی پەکیبکەوێت.

بەکورتیەکەی ئەوەی دەستکاری دەکرێت تەنها وڵاتانی جیهانی‌و ناوچەیین کە بەپێی ڕێککەوتنەکانیان هێزەکانیان‌و کاندیدەکانیان دەگۆڕن، ئەگینا پۆستەکان هەمان دابەشکاریە کە پێشتر کراوە، بەتایبەت دوای هێنانەوەی سوننە بۆ ناو بازنەی دەسەڵات.

بەختیار شارەزوری‌و سەرکەوتی جیهاز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی