لەنێوان لەشفرۆش و لەشکڕدا!

13/01/2022

شوان حەمە


پرسی لەشفرۆشی بەدرێژایی مێژوو گرێدراوە بە ڕەگەزی مێ‌وە، لەکاتێکدا بەدریژایی هەمان مێژوو، لەنێوان پیاواندا نێربازی و بەچەبازی وەک جۆرێک لە لەشکڕین و لەشفرۆشتن هەبووە.
ئەوەی شوناسی لەشفرۆشی بەڕەگەزی مێ‌وە گرێداوە کۆمەڵگای پیاوە. چونکە دواجار پیاو نایەوێت لەبەرامبەر ژندا شەرمنانە بوەستێت و دان بەو ڕاستییەدا بنێت.

هەردوو خانمە توێژەرەوەی نەرویجی سیسیلیا هۆیگۆرد و لیڤ فینستاد لەکتێبی "پشتی شەقامەکان" بە وردی باس لەکارەساتە دەروونییەکانی لەشفرۆش دەکەن کە دەبێتە هۆی وێرانکردنی ڕۆح‌و  لەدەستدانی خودڕێزی و خودشوناسی.

ڕۆماننوسی براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب، گابریل گارسیا مارکیز لەڕۆمانی "قەحپە غەمگینەکانی من"  پێمان دەڵێت هەر لەشفرۆشێک لەناخی خۆیدا، ئارەزوویەکی گەورەی بۆ خۆشەوسیتی لەنێوان خۆی و یەک پیاودا هەڵگرتووە.

تێگەیشتنی کۆمەڵگای کلاسیک هەمیشە بەئاڕاستەی سزادانی لەشفرۆش کاریکردوە. بەتایبەت سزادانی ژنانی لەشفرۆش و ئازادکردنی پیاوانی لەشکڕ.
پرسیاری دادپەروەرانە ئەوەیە: پێویستە کێ سزا بدرێت؟ لەشفرۆش یان لەشکڕ؟
لەشفرۆشی جۆرێکە لەچەوساندنەوەی لەشکڕ بەسەر لەشفرۆشدا.
 لەشفرۆش لەپێناو داهاتێکی دیارکراو لەشفرۆشی دەکات. لێرەدا دۆخی لەشفرۆش ئاستێکی پلەخوار و ناچار و سەپێندراوی بەکۆیلەکردنە. لەبەرامبەردا لەشکڕ وەک ڕەگەزی باڵادەستی خاوەن پێگە و پارە، ڕۆڵێ چەوسێنەر و خاوەن کۆیلە دەبینێت.
لەشکڕین واتای بەکۆیلەکردنی لەشفرۆش ئەگەر بۆ کاتژمێریش بێت.
ئەوەی پێویستە سزا بدرێت لەشکڕە، نەک لەشفرۆش!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی