ناسینەوەی تاکڕەو و تاغوتەکان

23/01/2022

كەمال چۆمانی


دیکتاتۆر و تاغوتەکان بەوە ناسراون پڕۆژەی گەورە دروستبکەن و پەیامی گەورەیان هەبێ لەلایەکەوە بۆ تێرکردنی ئیگۆی خۆپێزۆریی و شاردنەوەی بچوکییان، لەلایەکی تریشەوە بۆ شاردنەوەی قەیرانە کۆمەڵایەتی، سیاسیی، و بەتایبەت ئابورییەکان تا دەمکوتی هەر ناڕەزایەتیی و رەخنەیەک بکەن کە ئاراستەی حوکمڕانییەکەیان دەکرێ. تاکڕەو و تاغوتەکان دەیانەوێ وا نیشانیبدەن کە ئەوان سەرچاوەی گێڕانەوەی شکۆن بۆ نیشتیمان و گەل.

دیکتاتۆری رۆمانیا نیکۆڵا چاوشێشکۆ لە هەشتاکان بڕیاری دروستکردنی باڵەخانەی پارلەمانی وڵاتیدا سەرەڕای ئەوەی وڵات بە قەیراندا دەڕۆییشت. باڵەخانەکە قوڕسترین بینایەیە لە دونیا، ١٣ ساڵی خایاند تا تەواوبو و چوار ملیار دۆلار تێچوی بو. بەڵام دیکتاتۆر دەرفەتی نەبو تەواوکردنی پڕۆژەکە ببینی و لە ١٩٨٩ لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە کوژرا.

یەکێک لەو کارانەی ئەردۆغانی تاغوتی پێ دەناسرێتەوە، ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورەیە لە کاتێکدا خەڵکەکەی لە برسێتییدا دەژیێ. 

لە هەرێمی کوردستانی خۆمان زۆرن تاغوت و تاکڕەو و وردە-تاغوت و وردە-تاکڕەو کە بە بیانوی پڕۆژەی گەورە و نیشتیمانییەوە خۆیان سەپاندوە و دەیانەوێ زیاتریش خۆیان بسەپێنن. ئەوان لە کاتێکدا باسی <<کوردستانی بەهێز>> و <<بنبڕکردنی گەندەڵی>> دەکەن، خۆیان هۆکاری بێهێزی کوردستانن و خۆشیان گەندەڵترینی گەندەڵەکانی نەک هەر کوردستان، بەڵکو تەواوی دونیاش.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی