بەرپرسە بێ سەوادەکانی ئەم هەرێمە کوڕ و نەوەکانیان
دەکەن بە سەرۆکی زانکۆ بێ ئەوەی تاکە یەک توێژینەوە و بڕوانامە یان دەستکەوتێکی زانستیانمان
بینیبێت..دەتوانن هەموو زانکۆ و دامەزراوەکانی تری خوێندنی باڵا بە هەوا و هەوەسی خۆیان هەڵسوڕێنن، کە لەدەرەنجامدا
وایانکردووە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە عیلم و مەعریفەت بەتاڵیان بکەنەوە و پڕیان بکەن لە
خوێندکار و مامۆستای گوێڕایەڵی حزب و بەرپرسانیان و سەرەنجام کوشتنی ئەو هەموو توانا
و بەهرە گەنجانەیەی کە لە کۆمەڵگاکەماندا بوونیان هەیە و پێوەر و پێوانەکانی حزب و
دەسەڵات دەرفەت و دەرگاکانیان بە ڕوو دادەخات .
لەبەرامبەر ئەوەدا گەنجانی وەک (بۆکان جاف) یش
دەبینین کە بە بێ دەنگی ساڵان دەخاتە سەر ساڵان تا بەرهەم و ئەنجامێکی وا دڵخۆشکەری
وەک زیادکردنی زمانی کوردی-سۆرانی بۆ (google translate) بەدەستبێنێت کە مایەی شانازی بێت بۆ هەموو کوردێک
لەکوردستان و دەرەوەش..
ئاخر ئەم جۆرە کار و هەنگاوانەن کە دەچنە خانەی
نەتەوەسازییەوە، نەک هاش و هوشی بێ بنەما و پڕ لە موزایەدەسازیی بۆ دروستکردنی (دەوڵەت)ێک
کە ببێت بە (دەوڵەت)ی کوڕ و نەوەکانی ئەو بەرپرسانە نەک ببێت بە هی (بۆکان)ەکان و ئەوانەیش
کە شانازی بە کارەکەیەوە دەکەن..
دەستخۆشی بێ ئەندازەم بۆ کاکە (بۆکان جاف)ی گوڵ
و گوگڵ..هەر سەرکەوتوو و پڕ بەرهەم بێت..
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی