ئۆپۆزسیۆن بوون وەك مۆدێل

15/05/2022

د.كامەران مەنتك

یەكێك لەكێشەكانی هەرێمی كوردستان ئۆپۆزسیۆن بوونە، كە بۆتە مۆدێلێكی سەقەت‌و هیچ شتێكی لەئۆپۆزسیۆن ناچێت، هەركەسێك بەشڕە خوێندەواریەكەوە جنێو بەیەكێتی‌و پارتی بدات، خەڵك چەپڵەی بۆ لێدەدات، ئەمە لەلایەك دۆخی بێزراوی ئەو دوو حیزبە نیشاندەدات، لەلایەكی تر ئیفلاسی ئەوانە نیشاندەدات، كە لەسەر ئەو جنێودانە كاوێژ دەكەن‌و هەركاتێك دەگەنە پلەو پۆستێك بەتەواوی دەگۆڕێن.

بۆ نمونە ساڵێكیان یەكێك لەو بەناو ئۆپۆزسیۆنانە هاتە یەكێك لەكۆلێژەكانی زانكۆی سەڵاحەدین‌و تاپێی كرا ڕەخنەی لەدەسەڵات گرت، دوای ئەوەی لەو حكومەتەی ڕەخنەی لێدەگرت پۆستێكیاندایە، هەر هەمان كەس لەهەمان شوێن بەرگری لەدەسەڵات كردو پاساوی بۆ دەهێنایەوە كە هۆكاری ئەو پارادۆكسە مەهزەلە ئامێزەیان لێپرسی، وتی:"ئێستا لەبەرەی دەسەڵاتم!".

كەواتە كێشەی سەرەكی لەهەرێم خەڵك نییە، وەك بانگەشەی بۆ دەكرێت‌و دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن بەیەكەوە هەموو باڵێكی ئەو دۆخە دەخەنە ئەستۆ، بەڵكو ئەو كەمینە مشخۆرەیە، كە لەڕێگەی جنێودانەوە نان پەیدا دەكەن وەك ڕۆشنبیرو سیاسەتمەدارو ئەكادیمیست‌و ...هتد خۆیان نیشاندەدەن، پێویستە تاكی كورد ئەو دوولایەنە بەتەواوی لەیەكتر جیابكاتەوە.

خەڵكی كوردستان هیچ تاوانێكی لەو دۆخەدانییە، نەك لەئاست قوربانیداندا بووە، بگرە هیچ گەلێكی ناوچە بەقەد كۆمەڵگەی كوردی قوربانی نەداوەو ئامادەی قوربانیدان نەبووەو نییە لەپێناو نیشتمانەكەی، بەڵام هەمیشە بەری قوربانیدانەكەی لەلایەن توێژەكەی ترەوە بازرگانی پێوەكراوەو بەهەدەردراوە، ئەوەیە ئەمڕۆ بێمتمانەیی لای خەڵك دروستكردووە، دیارە ئەمەش دەرئەنجامی تێگەیشتنە لەو گەڕەلاوژەیەی بەناوی ئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵات لەو هەرێمە دەگوزەرێت.

دۆخەكە بەقۆناغێك گەیشتووە، ئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵات بەتەواوی تێكەڵ بوون، ئەو هێزانەی بەشێكن لەحكومەت‌و كاڵەكەكەی دەڕننەوە، ڕەخنە لەحكومەت دەگرن، كەچی هەر لەوكاتەی بێزاری خۆیان دەردەبڕن، بۆ بەیانی لەهەواڵەكان گوێبیستی ئەوە دەبین چەند پۆستێكی تریان وەرگرتووە! جێگەی سەرنجە كەسێك گوێ لەمیدیاكانی پارتی‌و یەكێتی بگرێت، وا مەزەندە دەكات بەیانی دەبێتە شەڕی ناوخۆ، ئەو شەڕەی كە هەمیشە خەڵكی كوردستانی پێ دەترسێنن، لەبەرئەوەی لەو شەڕانە جگە لەخەڵكی هەژارو ستەمدیدەی كوردستان كەسی تر زەرەمەند نابێت، بینیمان لەماوەی شەڕی ڕابردوو بەرپرسەكان كاتێك بەدیلدەگیران دەبوونە میوانی یەكترو بەڕێزەوە تا ئەمبەر، یاخود ئەوبەری دێگەڵە ڕەوانە دەكران، كەچی خەڵكی ئاسایی بەدڕندەترین شێوە بەدیلی دەكوژران!.

ئەو فەوزای دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن بوونە كاریگەریەكی ئێجگار نەرێنیانەی كردۆتەسەر كۆمەڵگای كوردی، بەتەواوی سەری لێشێواندووەو متمانەی لا نەهێشتووە، نۆستالیژیایەكی لا دروستكردووە، خەون بەگەڕانەوەی ئەو بەعسە دەبینێت، كە ئەنفال‌و كیمیابارانی كرد، ئەمەش جێگەی داخێكی گەورەیە، كاتی ئەوەهاتووە كۆمەڵگای كوردی لەدەرەوەی ئەو بەناو دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆنە بیربكاتەوەو كۆمەڵگا بخرێتەوەسەر ڕێگەی ڕاستەقینەی خۆی، بەمەش لەكۆتایدا هەردوولایەنی ئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵات سزادەدەن‌و تووڕیان هەڵدەدەنە زبڵدانی مێژوو، وەك چۆن بەكردەیی تووڕە هەڵدراون.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی