ئەوەی تێی ناگەیت،، سەرت ئەخوات

16/05/2022

سمکۆ ئەسعەد

لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی عیراق تایبەت بە نەوت و غازی هەرێم وچۆنیەتی رێكخستنی وزە ، لە 15/2/2022 ، حكومەتی هەرێم ولە بەرزترین ئاستدا ،دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە ، لە بەرامبەریشدا :
-لە دوبەی ، لە كۆڕبەندی جیهانیی ووزە (28-29 ئاداری 2022) ، هەردوو وەزیری نەوتی سعوودییە و ئبمارات ، بەبەرچاوی ئامادەبوانی كۆڕبەند ، بە بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیان وت : ( پێویستە دۆسێی وزە بە جیابگیرێت لە دۆسێی سیاسەت وتێكەڵ بە یەكتر نەكرێن ..)  ئەمە وڵامێك بوو بۆ وتارە فرە تەوەرەكەی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە بارەی (نەوت وغاز ، دادگای باڵا، باری سیاسی عیراق و دەستتێوەردانەكانی ئێران)
-لە لەندەن ، رۆژی 20/4/2022 لە میانی پێشوازیكردنی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم ، یەكەمیان بە دووەمیانی وت : (ستایشی هەوڵەكانتان ئەكەین بۆ یارمەتیدانمان بۆ كەمكردنەوەی بشتبەستنی ئەوروپا بە نەوت وگازی ڕووسی .. ) ئەوەی تۆزێك شارەزا بێت لە زمانی ئینگلیز ، ئەزانێت ئەو ستایشە واتا ڕەتكردنەوەی هەوڵەكانە
-لە بەغدا ، بەر لە گەشتەكەی لەندەن ، لە 11/4/2022 وەزیری نەوتی عیراق داوای دامەزراندنی (كۆمپانیایەكی تایبەت بە ووزەی هەرێم لە هەولێر) كرد .
-لە واشنتن ، رۆژی 5/5/2022 یرۆژە یاسای (نۆپیك  - No Oil Producing and Exporting Cartels ) لە لیژنەی دادوەری ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پەسەندكرا وماوەتەوە هەردوو ئەنجومەنی پیران و كۆنگرسی ئەمریكا پەسەندی بكات ، بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان وتێركردنی خواستی بازاڕ لە دوای قەیرانی (ڕوسیا – ئۆكرانیا)
ئەم پرۆژە یاسایە ، نەخشە ڕێگای نوێی هاوپەیمانییە ئابووریەكانی جیهان ڕێكدەخاتەوە ، كێ‌ لەگەڵ ئەمریكایە و كێ‌ دژە .. پێوەرەی ئەو  لەگەڵ بوونە ، بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانە بۆ بەرژەوەندی بازاڕ و دابەزاندنی نرخی نەوت ..
-لە مەنامە ی پایتەختی بەحرەین  ، ئەمڕۆ 16/5/2022 لە كۆنگرەی نەوت وغازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی 2022 ، وەزیری نەوتی سعودی ،  بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگەیاند .. هەر ئەمڕۆ 16/5/2022 وەزیری نەوتی عیراق ، ئامادەیی بەرزكردنەوەی بەرهەمی نەوتی عیراقی ڕاگەیاند ، لە كاتێكدا لە 22/2/2022 ڕایگەیاندبوو ، عیراق بەرهەمهێنانی نەوت بە جێكیری ئەهێڵێتەوە .
ئەی لە هەرێم چی ئەگوزەرێت ؟؟
من دڵنیام بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم نازانن پرۆژە یاسای (نۆپیك)ی ئەمریكی چی یە ، واتا نازانن چی لە بازاڕی جیهان ئەوێت و چۆن نەخشە سازی هاوپەیمانییە ئابوورییەكانی جیهان لە داڕشتنەوەدان ، تەنها ئەوە ئەزانن بڵێن (ئێمە دژی بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی عیراقین لە بارەی نەوت وغازی هەرێم و خۆمان غاز هەناردە ئەكەین) بە بێ‌ ئەوەی بزانن ئەو بڕیارەی دادگای باڵا و بڕیارەكانی وەزارەتی نەوت،عیراق ڕێكئەخاتەوە لە ڕیزبەندییە ئابوورییە نوێیەكەی جیهاندا .
من دڵنیاتان ئەكەمەوە ، ئەگەر لە دەرهاویشتەكانی بڕیارەكەی دادگای باڵا تێنەگەن ، ئەگەر لە پرۆژە یاسای (نۆپیك) تێنەگەن ، ئەگەر خوێندنەوە بۆ گۆڕانكارییە ناوچەیی ونێودەوڵەتییەكان نەكەن و لەسەر ئەم ڕێڕەوەی ئێستا بەردەوام بن ، ئەوا ئەو تێنەگەیشتنە سەری ئەم هەرێمە ئەخوات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی