بڕیاری دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە نەوتى هەرێم گەڕانەوەی نیە

16/05/2022

چۆمان محمد

ئەوەی گوێبیستی وتە و هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بوبێت دوو دەستەواژەی زۆر دیار بەكاردەهێنن کە ئەوانیش بریتین لە: (بڕیارەكە دەستوری نییە، بڕیارێكی سیاسییە),
لەراستیدائەم لێدوانانە لەخزمەتی چارەسەری ناكۆكی و ململانێكان نیە و درێژەدانی ململانێیەكی ناپێویستە، چونكە بڕیاری دادگاكە بەهەرشێوازێك بێت، بڕیارێكی بنبڕە(یەكلاكەرەوەیە)، هیچ تانەیەکیشى لێنادرێت.
لەئێستا ئەم بڕیارە پارچە كاغەزێكە، وەك بەڵگەیەكی فەرمی بەدەست حكومەتی ناوەندییەوە، دەتوانن بەم بڕیارە سەرئێشەو كیشەو لەمپەر بۆ هەرێم دروست بكات، كەی دۆخە سیاسییەكە وایخواست جوڵە بكەن، دواین هەڵوێستی كۆمپانیای نەوتی باكور بۆ بیرنەوتییەكانی (خورمەڵە و باى حەسەن و هاڤانا و سەفیە و كۆرمۆر)، لەدرێژەی سیاسەتی بەغدایە بۆ بونی یەك سیاسەتی نەوتی لەعێراقدا، هەروەها لەقاڵبدانی ئابوری سەربەخۆ و پرسی نەوتە لە هەرێمدا،پاشان
دواین هەڵوێستی حكومەتی عێراقی ناردی نامەی فەرمیە لەرێی وەزارەتی نەوتەوە، بۆ سەرجەم ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن، داوای كردوە، گرێبەستی هەمیشەیی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بكەن بە پێی مەرج و رێكارەكانی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، ئەم هەنگاوەش بەشێكی ترە لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نا دەستوری بونی یاسای نەوت و غازی هەرێم، كە ئەوەی جێى تێرامانە حكومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران تائـیستا هەنگاویان بۆ دەربازبون لەكاریگەرەكانی بڕیارەكە نەناوە و وەك پێویست مشورخۆری ئەو لێکەوتە خراپانە نین، هەروەها مامەڵەیەكی ناتەندروست دەكەن لەگەڵ بڕیارەكە، رێگەو دەرفەت هەیە هەندێ جوڵەو هەنگاو بنێرێت بۆ هەڵگەرانەوەی ئەم گەمەیە ئەمەش دواى گفتوگۆ و رێکەوتن و لێكتێگەشتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندى.

ئاشكرایە و شاراوە نییە‎ ئەو فشارانەی لە بەغداوە دەخرێتە سەر هەولێر، پەیوەندی بەپێكێهێنانی حكومەتی نوێی عیراقەوە هەیە و وڵاتانی دەوروبەر رۆڵێكی كاریگەر و گەورەیان هەیە، پارتی و یەكێتی بەسەر دوو ستوونی جیاوازدا دابەش بون. ئەو دابەشبونە كوردی كردۆتە لایەندار لە ململانێی هەرێمى، ئەگەر ئەو تەرەفدارییەی كورد بەردەوام بێت، بێگومان لێكەوتەكەی زۆر خراپ دەبێت و سنوری هەرێم بەرتەسكتر دەبێتەوە و گرفتی راستەقینە بۆ سەر ئایندەی قەوارەی هەرێم دروستدەبێت، سەرباری بەردەوامیدان بەفشارەكان پرسی نەوتیش.
بۆیە ناكرێت لەسەر ئاستی هەرێم بەردەوامی بدرێت بە سیاسەتی چەوتی نەوت کە زۆر بەڵای گەورە بۆ ئەم كۆمەڵگایە هێناوە، پێویستە لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانى کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکانى هەرێم، رێگەچارەسەرێک بدۆزنەوە و بۆ هەر ئەگەرێک بەرنامەی خۆیانیان هەبێت، نەک لە داهاتودا دۆخێک بێتە پێشەوە کە زەرەرمەندى سەرەکى تێیدا خەڵکى هەرێم و موچەخۆران بێت، لە ئیستاشەوە ئەو هەنگاوانەى پێویستن بگیرێنەبەر و دواى نەڵێن کەس نەیوت و کەس نەیزانى.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی