خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەناو لەپی دێودا !

19/06/2022

محمد خۆشناو


چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بیرمەندی دبلۆماسی هێنری کیسنجەر رایگەیاند : «دەبێت دان بەو ڕاستیە بنێین کە ڕووداوی گەورە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەن» ، ئێستا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ترسێکی گەورە چاوەڕوانی دەکات و ، ئێران نزیک بۆتەوە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی و ڕێژەی پیتاندنی یۆڕانیۆمی گەیاندۆتە 60% وەک تەحەدایەکیش بۆ ئاژانسی ووزەی ئەتۆمی 27 کامێرای چاودێری لابرد ، ئێران هەرچەند لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکتر بێتەوە لێدانی سەربازی  لە لایەن وڵاتەیەکگرتووەکان و ئیسرائیل نزیکتر دەبیتەوە ، لەولاشەوە دۆخی عێراقی بنبەستی سیاسی کە دەکەویتە ناوجەرگەی ڕووداوەکان بە کشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر قەیرانەکەی قوڵتر و  ئاڵۆزتر کرد و ، هاتنی گەرمای هاوینی بێکارەبا شەقام زیاتر دەکوڵێنێت ، ئەوەی ئاگای لە مێژوو و جوگرافیای عێراقە دەزانێت مانگی تەمووز یانی چی!!  پەیوەست بەم دۆخە دژوارە ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ترسی لە ئەگەری کەوتنی عێراق بۆ لێواری پشێوی و فەوزا و ناسەقامگیری و پێشهاتی  ترسناک لە ناوچەکەدا خستە ڕوو  و ،  داوا لە لایەنە کوردستانیەکان دەکات یەک ڕیز و تەبابن ،  کە کات زۆر کەمە ، لەناو ئەو دۆخە نالەبارەدا کە لەوانەیە هەمووی پێکەوە گڕبگرێت ، ئەوەتا پڕۆسەی  لێدانی سەربازی لە ئێران بەشێوەیەکی نهێنی و ئاشکرا زۆر زیاد بووە ، شەڕەکە سایبری بۆ سەر مەنزومەی ئەلکترۆنی و سەربازی و دزینی ئەرشیفێکی گەورەی بەرنامەی ئەتۆمی و ئیغتیالکردن بووە  و دەسەڵات لە تاران دووچاری گووشاری تووند بۆ پەکخستنی بەرنامەی ئەتۆمیەکەی بۆتەوە ، ئەو نزیکبوونەوەی ئێران لە چەکی ئەتۆمی وای لە ئیسرائیل کردووە کە ئامادەباشی تەواوی هەبێت بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران و ، مانۆڕێکی سەربازی گەورەی لە قوبرس ئەنجامدا کە بەرزایی و نزمایی خاکەکەی بە لوبنان دەچێت ، لەکن ئیسرائیل و وڵاتەیەکگرتووەکان بێدەنگی لێکردن لە چەکی ئەتۆمی ئیران قابیلی قبوڵکردن نیە ، ئێران و وڵاتەیەکگرتووەکان و هەردوولا پابەندن بە هەڵوێستی خۆی و کەس تەنازول بۆ کەس ناکات ، نە ئێران بێ لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر قبوڵی گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی دەکات ، نە وڵاتەیەکگرتووەکان گوێڕایەڵبوون و لابردنی سوپای پاسداران لە لیستەکە دەکات ، جەنگی ئۆکراینا هەڵوێستی ئەمەریکای قورس کردووە و نایەوێت لەو تەوقیتەدا بەرەیەکی نوێی جەنگ بکاتەوە کە ئیدارەدانی زەحمەت دەبێت و ، ئەگەر جەنگەکە ڕوویدا ئەگەر هەیە ئەمەریکا بەشێوەی لۆجستی یارمەتی ئیسرائیل بدات ، بەڵام ئەو جەنگە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل دەگریتەوە و بەرفراوان دەبێت ، بۆ ئەم مەبەستە ئیسرائیل ئێستا پڕۆژەی هەیە بۆ دروستکردنی هێزێکی ئیقلیمی و هاوپەیمانی ئاسایش و سەربازی بە پاساوی بەرەنگار بوونەوەی گریمانەی «ترسناکی ئێران» و پاراستنی ئاسایشی کەنداو و  کە ئەمەش ترسناکە ، ئەگەر جەنگ ڕوویدا کۆماری ئسلامی ئێران-یش کارتی گووشاری کاریگەری هەیە کە جگە لە وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئەمەریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا  ،  گەرووی هورمز لەو جادوگەرەی کە پێی دەڵێن پیترۆل دەگرێت و سەرەتای جەنگێکی ئابووری دەست پێدەکات کە کەس نازانێت کۆتایەکەی چی دەبێت! ئێران گرەو لەسەر ئەو ترسە ئابووریەی کە بەرۆکی ئەوروپای گرتووە دەکات و بەربەست لەبەردەم چوونی نەفت بۆ ئەوروپا لە کەندا و دادەنێت تا گووشار بخەنە سەر وڵاتەیەکگرتووەکان بگەڕیتەوە بۆ ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی بە پێی مەرجەکانی ئێران ، بەڵام ئایا ئەمەریکا و ئیسرائیل قبوڵی دەکەن نرخەکەی بدەن ؟
ئەم دۆخە ترسناکەی ئێستا پێویستی بە گڕخستنی چڕی دبلۆماسیەتە بۆ لابردنئ فتیلی تەقینەوەی جەنگێک کە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە ، بە وڵاتان و نیزامەکان و گەلانەوە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی