بێباکی لە گریانی نەتەوەیەک

21/06/2022

بەهێز حوسێن

ئەوەی لە میدیا و ماس میدیا و سۆشیال میدیا بەرچاومان دەکەوێت داروخانی بەهاکانی مرۆڤبوونە لە باشووری کوردستان ، زوخاوەسکبوونی چەند نەوەیەکی سەردەمی شۆڕش و سەردەمی حوکمڕانی کوردە ، گریانی خانەنشینێکی بەتەمەن لە بەردەم بانکێکدا ، گریانی شۆفێرێک لە سەرەی بەنزیندا ، گریانی نەخۆشێک لەبەردەم نەخۆشخانەیەکدا ، گریانی مافخوراوێک لەبەردەم دادگادا ، گریانی سەراپای خێزانێکی نەدار لەبەردەم کامێرادا ، گریانی دەرچوویەکی زانکۆ لەبەردەم پەرلەماندا،گریانی پێشمەرگەیەک لەسەنگەردا .... و گریانی دەیان نموونەی تر ئاماژەی ڕوونن کە گەلێک لە بێدادیدا دەژی و جگە لە خەمی ژیان هیچ خەون و داهاتوویەکی پڕ داهێنانی نییە.
تاکی کورد تاکێکی پڕشکۆ و خۆڕاگربوو بەتایبەتی لەبەردەم دوژماندا و هەرگیز نەیدەویست گریانی بۆ داگیرکاران دەربخات تەنانەت لەکاتی ئەشکەنجەدانی و بگرە لەبەردەم پەتی سێدارەشدا ، سەرەتای بونیاتنانی ئەم هەرێمە تاکی کورد چونکە هیوای هەبوو هەموو کولەمەرگی و نەبوونی خزمەتگوزاریی قەبوڵ بوو لەپێناو داهاتوویەکی باشتر ، دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەی دەردەهێنا و بۆ ژیانکردن دەیفرۆشتن ، مامۆستا هەبوو شاگردێتی خوێندکاری خۆیی دەکرد بە ڕۆژانەیەکی کەم و ...هتد ،بەڵام ئەو کاتە نەڕوخا و شکۆی لەدەست نەدا.
بەداخەوە ئەمڕۆ تاکە خۆڕاگرەکانیش تەواو ماندبوون و ئەوەندە سوکایەتی و بێڕێزییان پێکرا و نادادییان بینی، ئەوەندە بێهیواکراون هەر کە دەرفەتێکیان دێتەپێش پڕ بە گەروویان بەکوڵ دەگرین.
گریانی کۆمەڵگە ئاماژەی ڕوخانی کۆمەڵگەکەیە ، بێهیوابوونە لە سەرکردە ، پەشیمانبوونەوە لە شۆڕش و شەهیدبوون ، پەشیمانی بوونیشە لە کوردبوون.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی