محەمەد ڕەئوفەکان‌و سادقى زیبا کەلام

22/06/2022

سالاری بازیان

لەبەرنامەى خشت‌و خامە، كاتێك حسێن دهباشى لەزیبا كەلام دەپرسێت دژایەتى (ڕەزا شا)ت كرد، ئەویش دەڵێت؛ زۆر لەزیندان بووم لەخۆپشاندان بووم، قسەم دژى كرد، وەلێ بەینى خۆمان بێت‌و بەدزیەوە پێت بڵێم، پەشیمانم..

لێرەش پێیوتین دواى 150 ساڵ لێتان پەشیمانم، شەقام‌و بیناكانتان كە جێی شانازین لەئیمتیحانەكەى زیبا کەلامدا ئیکمال بوو. زیبا كەلام پێیوتین پەروردەی گەنج ستونى مانەوەو داینەمۆى پێشكەوتنەکانن، هەر ئەوانیش بكەرى ڕوخانى خۆتانن، واتە شمشێركى تیژی دوو سەرەن، لەبەرئەوە لەگەڵیان بن، وانەزانن ئەوانتان بەجێهیشتووە، ڕۆژێ ئەوان ئێوە بەجێدەهێڵن.

زیبا کەلام پێیوتین با هەمووشتێكتان هەبێت، تانک، هێز، سوپا هەتا ئەتۆم، بەڵام لەناوەوە كرمۆڵ بن، مایە پووچدەبن.

دەتوانم بڵێم، كە كۆى قسەكانى محەمەد ڕەئوف بەرامبەر سەرۆكى حكومەت لەگەڵ قسەکانی زیبا کەلام زۆر لەیەك دەچوون، سەرنج‌و پێشنیازەكانى لەڕەخنە گەورەتربوون، ئەو قسەی زۆرینەی تاکی ئەم هەرێمەی گەیاند وتی پەشیمانن ... پەشیمان، دواى 30 ساڵ حوكمڕانى، جادەكان وێران‌و بازگەکان هەمان بازگەکانی زەمانى برا كوژین.

پەشیمانن لەحكومەتى كوردى، لەئابووری سەربەخۆ، لەدەرهێنانی نەوت‌و قافڵەی ڕیزبەستووی ئۆتۆمبێلەکان بۆ سەرەی بەنزین‌و مردن لەسەرەی وەرگرتنى مووچەو پەشیمانین لەبەڵێنەکانی دەسەڵات‌و ئەو دیموکراسی‌و ئازادییەی کردووتانە بەکراسی سیاسیتان.

لەگەڵ ئاهوناڵەی بێزاریمان دەبێت بڵێین كۆڕى لەو شێوەیەو دانیشتنی چین‌و توێژەکان لەگەڵ بەرپرس‌و سەرۆکەکان‌و گوێڕادێران بۆ کۆژانەکانی خەڵک، جێی دەستخۆشییە کە لانی کەم دەتوانین دەردە دڵییەکانمان بەرینە ئەوێ‌و سەرۆکەکان لەپانتاییە بەرزەکان بۆ خواره‌وەو لای کێشەو گرفتەکانی خەڵک پەلکێش بکەین.

سەركردە دەبێت لەگەڵ كۆمەڵگە قسه بكات، دەبێت گوێ بەدەرگای ماڵی دەنگە ناڕازییەکان بنێ، چون شاباش‌و کۆڕی پیا‌هەڵدان كۆكردنەوەى ئاسانە وەک شاعیر دەڵێت؛ (دەورى چۆڵ نەبوو قەت تاشەوقى هەبوو شوعلەى چراكەى) جا ئەوەى بەچراكەى عەیب‌و عاری تونێلەكە نیشان ئەدا فوى لێ مەكەن‌و مەیكوژێننەوە بەڵکە چراكەى بۆ پڕبكەن لەنەوت‌و كون‌و كەلەبەرى ڕەشەبا دەستڕەشەكانى لێ دووربخەنەوە، کورد وتەنی کە پوش سووتا با دار بەڕووەکان بمێننەوە.

ئایندەڕۆشنی‌و مانەوە بۆ سەرۆک‌و سەرکردە، بەقبوڵکردنی ڕەخنەو بۆچوونەکان‌و کردنەوەی باوەش بۆ ڕەنگ‌و دەنگە جیاوازەکان وادەکات سەرکردەبن‌و لەبنکردەیی دەربازبن، بەپێچەوانەوە، سەركوتکارو خۆبەزلزانەكان، تەمەنیان چەند درێژبووبێت
عاقیبەت خێرنەبوون.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی