ئامینەی کاکە باوە براوەیە نەک سویدو ئەردۆگانیەکان

02/07/2022

هۆمەر محەمەد

راستە وڵاتی سوید بایەخ بەمافی مرۆڤ و فیمینیزم دەدەن، ئەوەش هەر ڕاستە کە پشتیوانی کانتونەکانی ڕۆژئاڤای کوردستانن، بەڵام بەزارەکی دەنا بەکردەوە هیچیان نەکردووە، هەرچەندە وڵاتی سوید چەک فرۆشەو بازاڕی چەکفرۆشی هەمیشە گەرم بووە، بەڵام هەتا ئێستا نەک چەکی پێشکەش بەڕۆژئاڤاو یەپەگەو یەپەژە نەکردووە تەنانەت پێشی نەفرۆشتووە.

ئەوەی لەگەڵ ئەردۆگان کردویانە هێشتا رێککەوتن و پەیماننامەی مۆرکراو نییە، بەڵکو لێکتێگەیشتنێکە لە نێوانیاندا ئامانجیش لێی چوونە ناو ناتۆیە کە پەیوەستە بە جەنگی ئۆکراین و هەڕەشەکانی ڕوسیاوە. هەرچۆنێک بێت سوید ئابڕومەندنییە لەوەی لەگەڵ ئامینەی کاکەباوە کردی، چونکە ئەو لەمەرجەکانی ژێوان بووەو درۆی لەگەڵ ئامینەو پەڕلەمان و هاوڵاتیانی سوید کرد. رەنگە قازانجیش نەکات، بەڵام تاکتیکی سیاسی و هەلومەرجی سیاسی وڵاتەکەیان هەندێک بریاری تاڵیش دەسەپێنێ و ئەوەیان خۆیان دەیزانن. بەڵام هەرچۆنێک بێت سوید لەروی ئابرومەندییەوە قازانجی نەکرد.

بەڵام دەبێت ئەوە بەرونی ببینین کە ئەو لەیەکگەیشتنە سیاسەتێکە هەردولایان هەم دەوڵەتی تورک و هەم فینلاندی و سویدییەکان مەبەستی جیاوازیان لێی هەیە، ئیدی دانوستاند وایە شتێک دەدرێ و لەبەرانبەردا شتێک وەردەگرێ، هەم فینلاندی و سویدیەکان و هەم تورکەکان دەیانەوێ سودی خۆیانی تێدا بچننەوە، سویدیەکان کە بەئیدارەی خۆسەری دەڵێن : هەڵوێستی حکومەتی سوید بەرامبەر بە ڕۆژئاوای كوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە و گۆڕانکاریی بەسەردانایەت ئامانجیانە ئەو پەیامە بەدەنگدەرانی داهاتوویان بدەن کە سازش ناکەن و مل بۆ خواستەکانی تورکیا نادەن و هیچ نەیارێکی دەوڵەتی تورکیا و پەناهەندەیەکی سویدی رادەستی تورکیا ناکەنەوە، هەڵبەت تورکەکانیش باش ئەو ڕاستییە دەزانن کە ئەوکارە ناکەن، چونکە هەرهیچ نەبێت پاراستنی مافی مرۆڤ بووەتە شوناسیان، ئێ خۆ تورکەکانیش هەر بۆئەوەیان دەوێت واتا ئەو لێکتێگەیشتنە لەگەڵ سویدو فینلاند بکەنە بانگەشەی سیاسی بەتایبەتیش بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بۆیە هەرچی ئاکەپەو ئەردۆگانییەکانن وای بڵاودەکەنەوە کە دەستکەوتی زۆریان بە دەستهێناوە. لە راستیدا ئەم هەراو فشەبازییەی ئاکپارتی و ئەردۆگان مایەی پێکەنینە، ئەوان ئەگەر براوە بوونایەو بیانزانیبایە سوید و فینلاند نەیارەکانی ئەردۆگان رادەست دەکەنەوە، ئەردۆگان ئەو هەرایەی نەدەنایەوە چونکە دەیزانی دەستکەوتی هەیەو لێکتێگەیشتنەکەی دەبوو رێککەوتنامە، بەڵام باش دەزانێ لەم گەمەیەدا دەستکەوتێکی ئەوتۆی نابێت بۆیە کردوویەتیە هەرا، دەنا ئاخر ئەوە سیفەتی هەموو دکتاتۆرێکە سەدامیەکان لەکاتی جەنگی ئیران عێراقدا خەڵک بەهەراونەڕەنەری رادیۆتیڤیەکانی دەیانزانی هێرشکراوەو سوپای عێراق زیانی زۆری کردووە بەڵام دەبوو هەواڵەکان وابڵاوبکرێنەوە کە بەعەزمی سەرۆکی فەرماندە سوپاکەی لەوهێرشەدا ئیرانیەکانی تەفروتوناکردووە. ئامانجیان  لەم هەراوهوریایە فێڵکردن وچاوبەستەی هاوڵاتیان بوو، ئەردۆگانیش رێک هەمان سیناریۆسازی دەکات. ئەردۆگان زۆرباش دەزانێ هەرگیز سویدو فینلاند بەداواکەی قایل نابن چونکە یاسای ئەو وڵاتانە ڕێگا بەجێبەجێکردنی وەها داواکاریەکی نائینسانی نادا. هەروەک وەزیری دەرەوەی فینلاند لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت : یاساکانی وڵاتەکەمان بۆ تورکیا ناگۆڕین.

بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ئەو دوو وڵاتە لە سۆنگەی شەڕی ئۆکراین وهەڕەشەکانی روس ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت لەهەندێک بنەمای چەسپاو پاشەکشە دەکات بۆنمونە مافی مرۆڤ وبنەماکانی کەبوونەتە شوناسی وڵاتەکانیان بەڵام ئەوە هەرگیز بەو واتایا نایات کەتەسلیم بە تورکیا ببن .. هەرچۆنێک بێت دۆخەکە نەبەدڵی ئەردۆگان دەبێ و نەبەو شێوەیەش دەبێت کە لەباشورەوە کورد مەرگی سویدو فینلاندو دیموکراسییەتی ئەو وڵاتانەی راگەیاندووە، ئاخر ئەم کورت بینیە زۆرجار دوبارەبووەتەوە، بۆنمونە ئەوکاتەی ترامپ جاری پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکای لەڕۆژئاڤا دا هەزاران پۆستی خەڵکی رەش بین فەیسبوکیان تەنی و لەبانگیاندا ئەمجارەش کورد بەشودرایەوە! ئەوە بانگ‌و سەڵایە لەکاتێکدابوو کە وتەبێژو بەرپرسانی سیاسی‌و سەربازیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەڕۆژئاوا دەیانگوت: ئێمە داوامان لەئەمریکا نەکردووە بێت بۆپشتیوانیمان دەگەڕێنەوە خواحافیزیان بێت، ئێمە پشتمان بەخۆمان بەستووە نەک بەئەمریکا یان هێزێکی تر.

ئەوەی براوەیە ئامینەی کاکە باوەیە چونکە ئەو پێداگربوو لەسەر بنەماچەسپاوەکانی مافی مرۆڤ وئابرومەندی وڵاتی سوید، ئێ کەئەوان ژێوان دەبنەوە دەبێت حسابێکیش بۆدەنگدەرانی داهاتوویان بکەن بۆیە خۆیان بەقەرزداری ئامینەو چاوبەرەژێری هاوڵاتیەکانیان دەزانن، کەواتە نەسوید دەبێتە پشتیوانی تورکیاو نەتورکیاش هیچی دەست دەکەوێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی