پەروەردەی مۆدێرن و كۆتایی مرۆڤكوژی

03/07/2022

سۆزان حەمەتاتە

 
لە چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەك رووداوی كوشتن لە شارە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان روویاندا: مامۆستای زانكۆ، ژنی ماڵەوە، پلەداری سەربازی و كوڕی بەرپرس، هەروەها هێرشیش كرایە سەر ماڵی چەند كەسێكی جیاواز و زیانی مادییان پێگەیاندن. ئەمە بازێك بەو رووداوانە دەدات و وادەردەكەوێت كوشتنی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە، خەریكە وای لێدێت كاتێك كە گوێت لە حاڵەتێكی كوشتن دەبێت ئاسایی وەریبگریت و یەكسەر بیرت بۆ لای بەرپرسێك یان كوڕەكەی یان پلەدارێك یان مرۆڤێكی بێهیواكراو بچێت.
دوای ئەو رووداوانە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و بەشێكی زۆر لە دەزگاكانی راگەیاندن بابەتی قەدەغەكردنی چەكی بێ مۆڵەت وروژێنرا بۆ رێگرتن لە دیاردەكە، راستییەكەی ئەوە تەنها چارەسەر نییە، چونكە دوای بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و داخستنی شوێنەكانی چەكفرۆشی، بۆ شەوەكەی پلەدارێكی سەربازی و كوڕی بەرپرسێكی سەربازیی كۆچكردوو بە چەكی مۆڵەتدار خۆیان كوشت، كەواتە لەو هەنگاوە گرنگتر هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤكوژی لە هەرێمی كوردستان كەمببێتەوە، چونكە مەسەلەی كوشتن وەكو حاڵەت لە هەر كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتووشدا هەیە بۆ نموونە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو بەشێوەیەك مافەكانی مرۆڤ بەگشتی و بەتایبەت مافەكانی ژنان، منداڵ، ئاژەڵان و رووەك و دارستانەكان تیایدا پارێزراوبن، لەپێش هەموو هەنگاوێكی دیكەوە پەروەردەیەكی مۆدێرن و پێشكەوتوو كەوا لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و یەكسانی و دادپەروەری و ئازادیی تاك دامەزرابێت گرنگە. ئەمە ئەو پرۆسە و پرۆژەكە گرنگەیە كە چەندین وڵات بەهۆیەوە بوونەتە یەكێك لە وڵاتە هەر پێشكەوتووەكانی جیهان بۆ نموونە ژاپۆن و كۆریای باشوور و سوید.
پەروەردە لە خێزانەوە دەستپێدەكات، كاتێك وتم پەروەردەیەك لەسەر بنەمای یەكسانی دامەزرابێت واتە ژن و پیاو یەكسانبن لە ئەرك و ماف و رەگەز بنەما نەبێت و ژن خاوەن بیركردنەوەی ئازادانەی خۆی بێت، ئەگەر دایك ئازادبوو، ئەوا منداڵی ئازاد پەروەردە دەكات، ئەگەر خێزان خاوەن پەروەردەیەكی تەندروستبوو وەكو بچووكترین یەكەی كۆمەڵایەتی، ئەوا قۆناغی دووەم پەروەردەی تەندروست باخچەكانی ساوایان، قۆناغەكانی خوێندن لە سەرەتاییەوە تا زانكۆكان پڕدەبن لە خەڵكی رۆشنبیر و مۆدێرن و خاوەن بیركردنەوەی مەدەنییانە، یاسا سەروەردەبێت و خەڵك دەزانێت هەڵگرتنی چەك كاری ئەو نییە، بەڵكو چەك لای سوپا و پۆلیسە و بۆ پارێزگاریكردن لەوانە و یاساش سەروەر دەبێت.
ئەگەر هەرێمی كوردستان بووە خاوەن پەروەردەیەكی مۆدێرن، ئەوا تاكی ئازاد و مەدەنی و بڕوادار بە سەروەریی یاسا بەرهەمدێت، تاكێك كە بڕوای بە هەڵگرتنی چەك نەبێت، بەڵكو بیر لە پێشكەوتنی خۆی و وڵاتەكەی بكاتەوە، مرۆڤی لا پیرۆز بێت و نەفرەت لە كوشتن بكات، ئەم رێگەیە بە بڕوای من سەرەكیترین رێگەیە بۆ رێگەگرتن لە مرۆڤكوشتن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی