دیموكراسی.. درۆ گەورەكە!!!!

05/07/2022

سالاری بازیان

ڕەوشى جیهان به‌جۆرێك دەگوزەرێت شەڕو كوشتن، تاڵانى، داگیركاریى هێزى شەڕكەر بووەته پاڵەوان‌و بڕیاردەر، ئێستا سەرجەم گەل‌و وڵاتانى جیهان لەسەر ئەم مەنهەجه خۆیان تازه دەكەنەوه، ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ جادوی دیموكراتى‌و مافى مرۆڤ‌و مافى گەلان بەتاڵدەبێتەوە، شێركۆ بێكەس وتەنى؛ "وشەیەك بوو لەدەم هەڵەوەڕێكى مێژوو دەرچوو".

تاكجەمسەرى لەمەرگى خۆى نزیك دەبێتەوه، جارێکی دیکە جیهان بۆ دوو جەمسەرى پڕ چەكى چاو برسی دوور لەعەقڵانیەت هەنگاو دەنێت، شەڕى غەنیمەت‌و پاوانخوازى گەڕاوەتەوه بۆ هەمان ئایدى سەدە تاریكەكان، بەتەكنەلۆجیاى پێشكەوتووى جیهانى سەرمایەدارى. نەتەوەیەکگرتووەکانیش هاوشێوەی عوسبەتولئومەم، ڕۆڵى ڕێكخراوێکى خزمەتگوزاریى دەبینێت‌و تاریخى مەسرەفى وا بەسەردەچێت.

سەرجەم دەوڵەتەكان لەخۆ ئامادەكردندان بۆجەنگێک كە له‌ئۆكرانیا جاڕدراوەو درێژه‌دەكێشێت‌و دەبینین چوارچێوەى ناتۆ فراوانتر دەبێت، وڵاتان، كە قەڵای دیموكراتى بوون جارێکی دیکە گۆڕەپانەكە پڕدەكەن لەچەكى مرۆكوژ، ئەوەى پێشبینیكراوه، كوردیش لەناو ڕیزبەندى ئەم هاوكێشانەدا دابەشدەبێت، پێدەچێت خاك‌و خەڵكەكەى سوتماکی جه‌نگبن‌و له‌نێوان زلهێزەكاندا دابەشبن‌و تانوپۆى ئەم دۆخەش بەڕوونى دەبینرێت.

پێکنەهێنانى حكومەتى نوێی عێراقیش بەستراوەتەوە بەم پێشهاتە سیاسییەوە نەك كێ سەرۆك كۆمارەو كێ سەرۆك وەزیرانه، باشترین هۆكاریش، بەم بیانوه ماڵى شیعى، ماڵى كورد شێواوترو لێکترازاوتر دەكات، عێراق ڕاهێنەرەكانى كه له‌دەرەوەى گۆڕەپانەکەن، ئەوان بڕیار دەدەن كێ یارى بەكێ بكات‌و كێ بكاته یەدەگ، لەدەست عێراق‌و خەڵكەكەشیدا نییە، ئیتر كۆبوونەوەكان لەتەوێڵه‌بن یان لەئەنقەره فەرق ناكات... كورد وتەنى؛ با بێ‌و باران، لەبەفر كەمدەبێتەوە.
 
بەدیوێكى تردا دەبێت ئەو ڕاستییە بزانرێت لەناو ئەم كێشمە كێشە جیهانییه‌دا، ئێران بیانوى هەژموونگەرایى ئیسرائیلی هەیە، سەرەڕای كاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر وڵاتانى ترو بەتایبەت عێراق، مەرجەكانى توركیاش بۆ ئەمریكاو ناتۆ ڕاسته ئەوەى سەر مێزەکە پەکەکەو ڕۆژئاوایە، وەلێ ژێر مێزەکە موسڵ‌و كەركوك لەخۆدەگرێت.

گەرچی هەندێك لەمەڕ نوسەرو سیاسى كورد ڕیوایەت دەدەن بەوەى توركیا بیانوى هەیه بۆ پەلاماردانى هەرێمی میدیا، بەڵام دەبێت بیانوى پەلاماردانى موسڵ‌و كه‌ركوكیش بەدەلیلى ئەوەى خاكى دێرینى ئیمپراتۆرەکەییان بووە بەرچاوبێت، تا حاڵى حازر، لەبودجەى توركیادا شتێ له"لیره" دادەنرێت بۆ ویلاتى موسڵ، واته دووبارە كورد له‌بەرداشى توركیاو ئێراندایە، لەم دنیا بینییەوه دەبێت هێزه كوردییەكان خۆیان بۆ داهاتوو ئامادەبكەن‌و لەبازنەى پۆست‌و ماددەو ڕکابەری دەروونی خۆیان ڕزگاربكەن، دەنا داهاتوویان لهڕابردوویان گەشاوه‌تر نابێت‌و کوردەی خێر لەخۆنەدیویش لەهەردوو جەژنەکە دەبێت، "هەرچەندە بووە".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە