چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێلایەنە، یان لەگەڵ یەکێتیدایە؟

05/07/2022

مەلا بەختیار


دوینێ (٤/٧/٢٠٢٢) چوار چێوەی هاوئاهەنگی کۆبونەوە و راگەیاندراوێکیان لەم دۆخەدا، کە سەدریەکان لەسەر چزوی سیاسین، بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەیاندا، پەیامێکیان ئاراستەی یەکێتی و پارتی کردووە، هەتا کاندیدی سەرۆك کۆمار یەکلابکەنەوە. ئەم پەیامە، بەشێوەیەکی گشتی، پەرۆشی چوار چێوەکە بۆ چارەسەری کێشەکان دەگەیەنێ، بەڵام ژێر دێری پەیامەکە، سەرسوڕهێنەرە. بۆ؟
چونکە هەتا سەماحەتی سەدر لە پرۆسەکە نەکشابوەوە، چوارچێوە، پشتیوانی کاندیدی یەکێتیان بۆ سەرۆك کۆمار دەکرد. ئێستا کە بەرە سێقۆڵیەکەی سەدریەکان و پارتی و سوننە، تێك چووە، چەند رۆژێك دیمەنە سیاسیەکە وادەبینرا گوایە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئیتر سەرکەوت و لە کوردستانیشدا، یەکێتی دەیباتەوە، بەڵام بەرەبەرە، دیمەنەکە هەڵگێڕدرا؛ پارتی لەسەر کاندیدی خۆی سورە. یەکێتیش کاندید ناگۆڕێ؛ سەدریەکانیش لەسەر هێڵی سوری ناکۆکیەکان گوڕیان بەستووە. لە بەرامبەردا چوارچێوە تێگەیشتن، ئیسقانەکە لە چەندین لاوە دڕکی هەیە. بۆیە، بەرەبەرە زۆربەی چوارچێوە، ئاراستەی سیاسەتیان گۆڕی. لیستی نەسر و بیت للحکمة، لە دژواری دۆخەکە کشانەوە و ئامادە نین ببنە بەشێکی کابینەی چوارچێوە؛ هادی عامریش ناکۆکی لەتەك مالیکی هەیەو هێشتا کاندیدێکیان بۆ سەرۆك وەزیران بەتەنها نییە. هەموو لایەکیشیان نەیانتوانی، کاندیدی یەکێتی بکەنە سەرۆك. بۆیە، ناچاربوون، پەیامێك بڵاوبکەنەوە و کێشەی یەکلایی کردنەوەکە بخەنە گەروی کورد. ئەمە لە کاتێكدا، لە بنجینەدا، کێشەی قوڵ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لە هەناوی شیعەکاندایە.
ئەم پەیامەی چوارچێوە بۆ کورد، کە کاندیدی سەرۆك کۆمار لەناو یەکێتی و پارتی ساغ بکەنەوە، لایەنی کەم والێكدەدرێتەوە:
یەکەم: تاکە کاندیدی پشتیوانی لێکراوی سەرۆك کۆمار، کاندیدی لای چوارچێوە یەکێتی نییە.
دوەم: بە هەموو ئاڵوگۆرەکانەوە، لە ناو کورسیەکانی پەرلەمان، چوارچێوە هێشتا ناتوانێ (٢٢٠) کورسی بۆ سەرۆک کۆمار دەستەبەر بکات. بۆیە لەگەڵ پارتی نەرمی دەنوێنن، هەتا پارتی و سوننەکان رابکێشن!
سێیەمیش: هەموو لایەکیان نیگەرانن، کە لەدوای ١٥/٧ رەوتی سەدر، لە مەدینەی سەدر، نەیقەومێنێ.
رەحمەت لە گۆرەکەت چەرچڵ کە فەرموبووت: لە سیاسەتدا دۆستایەتی و دوژمنایەتی هەمیشەیی نییە.. بەڵکو بەرژەوەندی هەمیشەی هەیە!!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی