دۆخی عێراق دەکوڵێت !

29/07/2022

دڵشاد ئەنوەر


بارودۆخی بەغدای پایتەخت تەواو ناسەقامگیرە، هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکراوە، ڕێگە سەرەکیەکان داخراون، هێزە چەکدارەکانی سەر بە لایەنە شیعەکان بۆ پاراستنی بارەگانیان، خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

سەدر کۆڵ نادات، گۆڕەپانەکە بۆ ڕکابەرەکانی جێناهێڵێت، خاوەنی جەماوەرێکی توڕە و ئامادەیە، لەبەرامبەر لێدوانێکی حەکیم دا، کە میانڕەوترین سەرکردەی شیعەیە، لایەنگرانی سەدر هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگاکانی حیکمە، هەڵکوتانە سەر بارەگای یەکتر لە لایەن هێزە شیعەکانەوە، پێشهاتێکی تازە و مەترسیداریشە.

پێش هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی حیکمە و وەکو ئامادەکارییەکیش بۆ سبەینێ شەمەی جوڵەی لایەنگرانی سەدر، هێزە شیعەکان حەشدیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە جاران توندترن بەرامبەر سەدر، پەیامێکی دوو دێڕی هەڕەشە ئامێزیش بۆ سەدر نێردراوە.

ئێستا دۆخەکە بە شێوەیەکە پێشبینیکردن بۆ ئەنجامەکەی قورسە، هەموو ئەگەرەکان کراوەن، ڕوودانی ئاڵۆزی و پێکدادان، هێوربوونەوە و ڕازیکردنی سەدر و چوون بۆ هەڵبژاردنێکی تر، حساب نەکردن بۆ سەدر و کێشمەکێشی سیاسی قوڵتر..هتد

شیعەکان، پێیانوایە تا ئێستاش سەدر و پارتی و عەرەبی سونە و کازمی لەیەک بەرەن و دەعمێکی گەورەی دەرەکییان هەیە، سەدر و هەماهەنگەکانیشی پێیانوایە ئەوان براوەی هەڵبژاردن بوون و گۆڕەپانەکەیان لێزەوتکراوە.

واتە ململانێ نێوخۆییەکانی عێراق بەتەواوی بە ئەجێندای دەرەکی بارگاوی بوون و چیتر مەسەلەکان بە شاراوەیی نەمانەوە، بۆیە ئێستا دۆخەکە بەدوو ئاراستەدا دەڕوات، ئاراستەیەک پێداگیرە لەسەر پێکهێنانی حکومەت، ئاراستەکەی تریش ڕێگر.

بۆیە سەرباری ئاڵۆزییەکان کە گەیشتوونەتە ترۆپک، پێشبینیکردن بۆ ئەنجامی ململانێکان قورسن، خۆ ئەگەر ناکۆکییەکان سەربکێشن بۆ پێکدادان، هەم حەشدی شەعبی و هەم سەدریش خاوەنی هێز و چەکن و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە ئاسان نابێت.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی