لۆزان سەرنجێک لەسەر قسەکانی کاک کەمال ڕەوف

01/08/2022

دانا مەنمی

نیچە دەڵێت؛ جەنگ قوتابخانەی ژیانە‌و هەرشتێک نەمکوژێت بەهێزم دەکات، جەنگ هەمیشە بەشێک بووە لەسروشت‌و ژیانی مرۆڤ، جەنگ ڕوویەکی ڕاستەقینەی ژیانەو لەجەنگدا کەس خەم بۆ پارەو سامان ناخوات تەنها خەمی ژیانی خۆیەتی، هەموو جەنگێک کاولکاری، ئاوارەیی، کوشتن‌و دەردەسەری زۆر لەگەڵ خۆی دێنێ‌و ئیدی هیچی دیکە نامێنێتەوە، کاتێک جەنگ هەڵدەگیرسێ زمان‌و دیالۆگ‌و گفتوگۆو جوڵەی سیاسی کتیبەکان بێدەنگ دەکات، کەس گوێی لەقسە نامێنێ، ئینسانەکان تەنها فریای ئەوە دەکەون یا لەبەرەی جەنگدابن، یا خۆیان لەئافاتی جەنگ بپارێزن، سەدەی بیستەم کە بەسەدەی زانست‌و تەکنەلۆژیاو پێشکەوتنی فکرو فەلسەفەو عەقڵانیەت ناسراوە سەدەی جەنگە گەورەکانەو مرۆڤایەتی شەڕی گەورەی بەخۆیەوە بینی، هیچ جەنگێک هێندەی جەنگی یەكەم‌و دووەمی جیهانی تۆقێنەر نەبووە، جەنگی یەكەمی جیهانی لەئابی ساڵی (1914) زاینیدا ڕوویداو لە11ى تشرینی دووەمی 1918 كۆتاییهات‌و 1565 ڕۆژی خایاند، لەم جەنگەدا 10 ملیۆن کەس بوونە قوربانی‌و 6 ملیۆن کەس بێسەروشوێنبوون‌و 24 ملیۆن کەسیش کەمئەندامبوون.

وەک ئاشکرایە کۆتایی جەنگی یه‌كه‌مى جیهانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەبەریەک هەڵوەشایەوەو قۆناغی دوای جەنگ کۆمەڵێک پەیماننامەی جیهانیی واژۆکرا کە دیارترینیان سیڤەرو لۆزان بوون.

لۆزان یەکێکە لەشارە جوانەکانی وڵاتی سویسرا، کە دانیشتووانی لەبەشی فەره‌نسی زمانەکانی سویسران، بەڵام ئەوشارە جوانە مێژووییەکی ناشیرینی بەدژی گەلی کورد تێدا تۆمارکراوە، پەیماننامەی لۆزان کە لە24ى تەمموزی 1923 لەشاری لۆزانی وڵاتی سویسرا واژۆکرا یەکێکە لەپەیماننامە هەرە قێزەونەکانی سەدەی ڕابردوو کە بەهۆیەوە خەونی کورد لەباربراو هێشتا کورد لەژێر کاریگەری ئەو پەیماننامەیەدایە، دوای ئەوەی وڵاتانی زلهێزو براوەی جەنگ میراتی عوسمانیان دابەشکرد چەندین دەوڵەتی نوێیان لەناوچەکەدا دروستکردو بەڵێنیش بەکورد درا لەپەیماننامەی سیڤەردا 1920 لەبەندەکانی (62، 63و 64) جیا لەدەوڵەتی عێراق دەوڵەتیک بۆ کورد دروستبکرێت، بەڵام هەرزوو تورکە کەمالیستەکان لەدەرهاویشتەکانی پەیماننامەی سیڤەر تێگەیشتبوون‌و هەوڵێکی زۆریانداو توانیان لۆبیگەری بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیڤەر، بۆیە لەپاش هەوڵێکی زۆریان توانیان سەرکەوتن بەدەستبێنن‌و سودی باشیشیان لەکۆمەڵێک خیانەتکارو بەکرێگیراوی کورد وەرگرت، ئەمساڵ لەو هۆڵەدا کە پەیماننامەی لۆزانی تێدا واژۆکرا نوێنەرانی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان کۆنفرانسێکی گەورەیان بەبەشداریی چەندین لایەن‌و کەسایەتی پسپۆڕو ناسراو ئەنجامدا.

لەم کۆنفرانسەدا ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا، دیدو ڕوانینی برای خۆشەویست کاک کەمال ڕەوف سەرۆکی دەزگای میدیایی شارپرێس بوو، کەمال ڕەوف لەکۆنفرانسەکەدا وتی؛ پەیماننامەی لۆزان پیلانێکی نێودەوڵەتی بوو کە شەرعییەتیدا بەچەوساندنەوەو 99 ساڵە زوڵم لەکورد دەکرێت‌و کۆمەڵکوژو ئەنفال‌و کیمیاباران دەکرێین، ئەو دۆخەی کە ئێستا لەکوردستان دەیبینن ئاوێنەی ڕابردومانەو خیانەتیش لای کورد پێناسەی نییە!!

ئەم چەند دێڕە سەرنجی کورت‌و پوختی کاک کەمال ڕەوف بوو لەکۆنفرانسەکەی لۆزان، بەڵام ئەم چەند دێڕە قسەی زۆر هەڵدەگرێت‌و ناکرێت خۆمانی لێ ببورین، بەئاوڕدانەوە لەو مێژووەی کە کورد تێدا دەست‌و پێ سپییەو كه‌م شاره‌زای مێژووه‌و زیاتر بۆی نوسراوه‌ته‌وه‌، کورد بەدرێژایی تەمەنی لۆزان نەیتوانیوە خێڵ‌و مێنتەڵییەتی خێڵ تێپەڕێنێت‌و هەڵگری پێکهاتەیەکی داخراوی خێڵایەتییە کە بەزەحمەت خۆی دەداتە دەست گۆڕانکاریی‌و هەژموونی مێنتەڵییەتی خێڵ "عەشیرەت ــ بنەماڵە" زاڵە بەسەر بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگه‌دا، دەسەڵاتی سیاسیش لەكۆمەڵگای تەقلیدیدا بەشێوەیەكی تەقلیدی بەڕێوەدەچێت‌و دەیەوێت كۆمەڵگه‌ لەشوێنی خۆیدا بمێنێتەوە، مۆدێلی خۆبەڕێوەبردنی خێزانیی هەموو جومگە سیاسی‌و ئابوری‌و یەكە ئیداریی‌و کلتوری‌و کۆمەڵایەتیەکانی تێکشکاندووەو کار لەسەر پتەوکردنی پایەکانی خێڵایەتی‌و خێزانی دەکەن.

بەشێکی تری سەرنجەکەی کاک کەمال ڕەوف تیشکخستنەسەر چەمکی خیانەت بوو کە لای کورد هیچ پێناسەیەکی نییە! نەبوونی پێناسە بۆ خیانەت لای کورد دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە هێشتا کۆمەڵگایەکی سەرەتایین‌و نەگەیشتوینەتە ئاستێک کە شۆڕشێكی (سیاسی ـ ڕۆشنبیری) بەمۆدێلێكی دیموكراتیانە كە لەگەڵ واقیعی كۆمەڵایەتی‌و كلتوری‌و سایكۆلۆژی كۆمەڵگادا بگونجێت ئەنجامبدەین، لەدیدی منەوە کورد دوای 100 ساڵی تر لەلۆزان ئیمکانی ئەوەی نییە پێناسە بۆ چەمکی خیانەت بکات! چۆن پێناسەی خیانەت بکەین لەکاتێکدا خیانەتمان لەناوەڕۆکە نیشتیمانیەکەی بەتاڵکردووەتەوەو بۆ مەرامی سیاسی‌و تۆڵەکردنەوەو ناوزڕاندن دژ بەیەکتر پەنای بۆ دەبەین!، پێناسەیەکی نیشتیمانی  ھاوبەشمان بۆچەمکی خیانەت نییە، هەر حزبەو لەڕوانگەی خۆیەوە پێناسە بۆ خیانەت دەکات‌و ئامانجیشیان قوڵکردنەوەی ڕق‌و کینەی سیاسییە بەرامبەر یەکتر! ئەوەی یەکێتی بەخیانەتی دەزانێت ئەویتر بەشانازیییەوە باسیدەکات‌و بەپێچەوانەوە ئەوەی پارتی بەخیانەتی دەزانێت ئەویتریش بەمافێکی ڕەوای دەبینێ بۆ تۆڵەکردنەوەو گێڕانەوەی  ھاوسەنگی هێز! نەبوونی پێناسەیەکی هاوبەش بۆ خیانەت کێشەیەکی گەورەیە کە جەستەی کوردی داڕزاندووەو لەئامانجە نەتەوەیی‌و نیشتیمانیەکانی دورخستووەتەوە، کورد هیچکات نابێتە نەتەوەو ئایندەی نابێت ئەگەر عەقڵی حزب‌و هەندەسەی خێڵ تێنەپەڕێنێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی