عێراق‌و ناسنامەی مێژویی

03/08/2022

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

(1)
تێکەڵبوونی کەلتوورەکان، تەنها لەسەر تاکی عێراقی کاریگەری نەبووەو نایبێت، ئەو هەموو سەرکردەیەی ئەمڕۆ لە عێراق بەرامبەر یەکتریان گرتووە، ڕۆژانێک هەموویان کەلتووری ئەوروپیان تاقیکردەوە و چرکەساتی مێژووییان لە ئەوروپادا تێپەڕاند، بەڵام بەهیچ چوو. هەموو ئەم سیاسییانەی عێراق دەزانن چێژی کرانەوە و ژیانی ئەوروپیانە چۆنە و خەونی پێوە دەبینن و سەفەریشی بۆ دەکەن، بەڵام کارەسات لەو شوێنەدایە کە هەرگیز ناتوانن ئەو ئەزموونە ئەوروپییە بهێننەوە بۆ عێراق، ئەم سیاسییانە ئەگەر لە خۆشترین وڵاتی ئەوروپیدا دانیشن و ڕابوێرن بەپارەی نەوتەوە، بەڵام دڵ و هۆشیان لەعێراقە و لەناو چەقی ململانێکەی شیعە و سوننەدان.

(2)
غەسان شەربل لە بەشێکی کتێبی (سەدام بە ئێرەدا تێپەڕی)، کە چاوپێکەوتنە لەگەڵ (عومەر ئەلعەلی)، ئەلعەلی باسی گەنجێکی عێراقی دەکات لەهێڵی ئاسمانی (عێراق ــ بریتانیا)دا،  ئەم گەنجە لەبەر خاتری پارەیەکی چەور و زۆر، ژیانە شاهانەییەکەی خۆی تێکدەدات و لە بریتانیاوە دێتەوە عێراق و دەبێتە سیخوڕی مۆسادی ئیسرائیلی.
وەک ئەوەی تاکی عێراقی خێری لەم پێکدادان و سخوڕیکردنە بینیبێت، بچێتە دوورترین خاڵی جیهان و عێراق بخاتە پشتی خەیاڵکردنەکانیشییەوە، ناچار بەهەر هۆیەک بێت دێتەوە بۆ ناو ژینگە عێراقییەکەیی و حەزدەکات بەشێک بێت لە پێکدادانە ناوخۆییەکەی عێراق، ئەمەش بە زۆر نابێت ئەم تاکە عێراقییە چێژ دەبینێت لە خوێنڕشتن و ناکۆکی.

(3)
تاکی عێراقی تەواوی جۆرەکانی شەڕی تاقیکردووەتەوە، لە مێژووی عێراقدا چواردە کودەتای خوێناوی سەریهەڵداوە، لەوەتەی شیعە و سوننە هەن لەیەکتر دەکوژن، لەوەتەی کورد و عەرەب هەیە خوێنی یەکتر دەڕێژن، کەچی هەرگیز ئامادەنین لەپێناو کرانەوە و بازدانی مێژووییدا شەڕی ڕۆشنگەری بکەن!!.

هەموو پێکدادانەکان ئاشنان بەم خاکە و بە کەموکورتی ناژمێردرێت، کەچی پێکدادانی ڕۆشنگەرانە و کرانەوەی مێژوویی وجودی نییە لە دنیابینی تاکی عێراقیدا و هەر ئاسۆیەکی ئەم کرانەوەش دەربکەوێت، بەدەستی کوفر و وڵاتانی خۆرئاوا و ئەمریکای ناودەبەن.

(4)
"لیکوان یو" سەرۆکی سەنگافوورە، پێش گەشتنی بەدەسەڵات، لە بریتانیا بۆ دکتۆرا دەیخوێند، لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند بوو، لەکاتێکدا لەبرساندا هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەمردن و هاوپەیمانەکانی وەک مالیزیا کردیان بەدەرەوە، بەڵام (یو) گەڕایەوە وڵات، ئەوەندە خزمەتی بە وڵاتەکەی کرد، لەماوەی 30 ساڵدا (1960 __1990 کە خۆی وازی لە دەسەڵات هێنا)، 35 هەڵبژاردنی بەدوای یەکدا بردەوەو ئەو سەنگافوورەی ئێستا هەیە، بەرهەمی ئەو سەرۆکەیە. بەڵام سەرکردەکانی عێراق کاتێک لەدوای 2003 گەڕانەوە عێراق، نەک تەنها (لیکوان یوو)ێکیان تێدا دروست نەبوو، بەڵکو یەکەم شتێک دەستیان دایە، تۆڵەکردنەوەی شیعە بوو لە سوننە، نەک خزمەتی عێراقیان نەکرد بەڵکو هەموویان بیرە نەوتی تایبەت بەخۆیان هەیە. نەک سیاسییەکانی عێراق لە سایەی ئەزموونەکەیاندا نەحەسانەوە بەڵکو عێراقیان وێران کرد و هیچ شتێکی بریتانیا کاریگەری بەسەریانەوە جێنەهێشتووە تاکو لەعێراقدا کاری پێبکەن.

(5)
عێراق بەبەراورد بەهەر وڵاتێکی دیکە، دوو سیفاتی نەگۆڕی هەیە کە ئەوانیش: یەکەم/ هیچ وڵاتێک وەک عێراق پێکدادانەکانی هەمان پێکدادانە مێژووییەکەی نییە بەبێ گۆڕانکاری. دووەم/ هیچ وەڵاتێک وەک عێراقییەکان ئارەزووی گەڕانەوە بۆ دواوە (بۆ مێژوو) ناکەن، ئەمەش پێچەوانەی وڵاتانی دیکەیە کە بەردەوام لەپێشکەوتندان.
ئەم دوو سیفاتە بەجۆرێک شەتەکی عێراقی بە مێژووەکەیەوە داوە، بووەتە ناسنامە بۆ عێراق و عێراقییەکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی